عێراق لە گۆشەیەکی تەنگدا؛ دۆخی دارایی عێراق لە سەردەمی نیمچە گەمارۆدا
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نزیکەی ٩ ملیۆن مووچەخۆری عێراقی چاوەڕوانی چارەسەری راستەقینەی گرفتی موچەن، کەبەهۆی رووداو و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و نەناردنە دەرەوەی نەوت گرفتی بۆ دروستبووە.
ئەم دۆخە عێراقی خستووەتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ گەمارۆی ئابوورییان لەسەرە، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕ و هێرشانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامیاندا.
دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە عێراقی خستووەتە گۆشەیەکی ئابووریی تەنگەوە، بەتایبەت دوای کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و دروستبوونی قەیران کە حکومەتی نوێ ناچار دەکات بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ دابینکردنی موچە.
عەبدولهادی موحان، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند:یاسای بودجەی فیدراڵی زۆر دواکەوتووە، عێراق پێویستی بەم یاسایە هەیە و دواکەوتنی پەیوەندی بەو کاتەوە هەیە کە لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کابینەی وەزاری بەفیڕۆیان دا."
موحان جەختیشیکردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم حکومەت بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە، بەڵام عێراق توانای دابینکردنی مووچەی دوو مانگی داهاتووی هەیە و دوورە لەوەی لە قۆناغی داهاتوودا دابەشکردنی مووچە ڕابگیرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند کە حکومەت دۆسیەی کردووەتە ئەولەویەتی کارەکانی، سەرەڕای ئاستەنگە ئابوورییەکان.
ساڵەح روونیکردەوە کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە چونکە بە پلەی یەکەم پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەڵام یەدەگی نەختینەیی و سەروەریی دارایی وڵات، توانای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بۆ چەند مانگێک دابین دەکەن.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەکرد حکومەت کار دەکات بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵی جەیهان لە ڕێگەی تورکیاوە، لەگەڵ هێڵی کەرکوک – بانیاس لە ڕێگەی سوریاوە، هاوشان لەگەڵ بژاردەی هەناردەکردن لە وڵاتانی دیکەوە، بەتایبەت کە نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەتەوە.
مەزهەر محەمەد وتی: نزیکەی ٩ ملیۆن عێراقی بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە مووچە دەبەستن.
هاوکات، سەڵاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند کە گرژییەکانی ناوچەکە و داخرانی گەرووی هورمز کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هەناردەی نەوت هەیە، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە دۆزینەوەی بەدیلی ڕاستەقینە.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی بەردەوام دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی ململانێ هەرێمییەکانەوە دروست دەبن.
بووشی ئاشکرایکرد کە رەسیدی بانکیی پێویست لە بانکی ناوەندی هەیە کە تایبەتکراوە بۆ بەهێزکردن و بەبانکیکردنی (توطین) مووچە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە ئێستادا هیچ کێشە یان نیگەرانییەک لەسەر پرسی مووچە لەئارادا نییە.