کاڵا و شمەکی ئەوروپی و ئاسیایی بە تورکیادا هاوردەی هەرێم دەکرێت

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ

کاڵا و شمەکی ئەوروپی و ئاسیایی بە تورکیادا هاوردەی هەرێم دەکرێت

پەنجەرە

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، گەیلان حاجی سەعید، ڕایگەیاند توانیویانە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆیی لە کاڵا و شمەک دابین بکەن، ئەوەش لە ڕێگەی هاوردەکردنی کاڵا لە وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیاییەوە بەناو خاکی تورکیادا، ئەمەش لە دوای هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە.
گەیلان حاجی سەعید وتی:ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمزدا ڕوودەدەن، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەبووە. هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە بۆ تێپەڕبوونی ئەو کاڵا و شمەکانەی کە لە ڕێگەی تورکیاوە هاوردە دەکرێن و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێن."

ئەو وتیشی: هیچ مەترسییەک لە هەرێمی کوردستان نییە سەبارەت بە دابینکردنی کاڵا و پێداویستییە خۆراکییەکان کە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە و لە دهۆکەوە هاوردە دەکرێن.

 گەیلان حاجی سەعید داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی کاڵا و شمەکە هاوردەکراوەکان بۆ پارێزگاکانی دیکە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە بازرگانییە نالەبارەی کە ئێستا وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو