گورزێکی سیاسی لە کایەی وەرزشدا؛ چۆن تەکەتولە تازەکە پارتییان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بێبەشکرد؟
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر کێبڕکێی نێوان ئەستێرە دێرینەکانی تۆپی پێ بوو، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەریخست کە یاریگاکانی وەرزش لە عێراقدا، تەنها شوێنی نمایشکردنی لێهاتوویی جەستەیی نین، بەڵکو گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێیەکی قووڵی سیاسیین.
لەم گەڕەی هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان گورزێکی دیکەی لە بەغدا بەرکەوت، کاتێک کاندیدە دڵخوازەکەی (عەدنان درجال) لە بەرامبەر کاندیدی هاوپەیمانییەکەی (سودانی، حەلبوسی، خەزعەلی و تاڵەبانی) تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو هات.
شکستی درجال و سەرکەوتنی مەحمود
لە هەڵبژاردنەکەدا و بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە، کاپتن عەدنان درجالی ئەستێرەی پێشووتری هەڵبژاردەی عێراق، لەبەرامبەر ئەستێرەی پێشووی هەمان هەڵبژاردە- یونس مەحمود، شکستیهێنا.
ئەگەرچی بە ڕواڵەت کێبڕکێکە بە وەرزشی دەبینرێت، بەڵام پرسەکە پەڕیبووە نێو گۆڕەپانی سیاسی.
بەپێی زانیارییەکان، بەرەی ئەو هاوپەیمانێتییە سێبەرییەی کە لەنێوان (محەمەد شیاع سودانی، محەمەد حەلبوسی، قەیس خەزعەلی و بافڵ تاڵەبانی) پێکهاتووە و لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتدا سەرکەوتنی بەرچاویان بەدییهێنا، لەم هەڵبژاردنەشدا بە توندی پشتیوانی ئەو دەستەیە بوون کە ئەمڕۆ سەرکەوتن و کاریان بۆ کردبوو.
لەم نێوەندەشدا بە ئاشکرا باس لە پشتگیرییکردنی محەمەد حەلبوسی- سەرۆکی پارتی تەقەدومی سوننەی عەرەب دەکرا لە پشتگیرییکردنی یونس مەحمود، لەبەرامبەر عەدنان درجال.
ئەمەش ڕوونتر دەرکەوت، کاتێک درجال دوای هەڵبژاردنەکە پرسیاری شکستەکەیان لێی کرد و ئەویش لەوەڵامدا وتی: "لە حەلبوسی بپرسن".
بەردەوامیی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی
لەم هەڵبژاردنەدا ڕاجیایی پارتی و یەکێتیش ڕەنگیدایەوە. یانەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی (هەولێر و دهۆک)، پشتگیریی عەدنان درجالیان کرد. لەبەرامبەردا یانەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی (سلێمانی) پشتگیریی یونس مەحمودیان کرد.
ئەم جیامامەڵەکردنە، پێشهاتێکی نوێی هێنایە کایەوە و بۆ یەکەمجار سلێمانی لە جێی هەولێر کردە ئەندامی یەکێتییەکە.
لەمێژووی نوێی یەکێتی تۆپی پێی عێراقدا، نوێنەرەکانی هەولێر ئامادەیی بەردەوام و بەرپرسیارێتییان هەبووە، بەڵام ئەمجارە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوت.
نەک هەر ئەوەش، بەڵکو نوێنەرێکی سلێمانی کە مەحمود ئەحمەد مرادـی جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، سەرکەوت لەوەی ببێت بە ئەنجامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکێتییەکە.
ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانییە تازەکە لە کایەی وەرزشیشدا توانیان گورز لە نەیارەکانیان بدەن.
ڕووداوێک و زیاتر لە خوێندنەوەیەک
هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی، تەنها گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی یەکێتییەکدا نییە، بەڵکو بەڕای چاودێران ئەڵقەیەکی ترە لە زنجیرەی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی هێز لە عێراق. نەخشەیەک کە وادیارە دژ بە هێزە نەریتییەکانی پێشوو لە نمونەی مالیکی و پارتی داڕێژراوە، ئیتر لە هەر کایە و بوارێکدا بێت.