پەرلەمانی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا؛ پاکێجێک لە یاسای جێناکۆک چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەن
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چاوەڕوان دەکرێت وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان، هێزە سیاسییەکان بخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵێک یاسای هەستیار و جێناکۆک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیان، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و پێکهاتەی دەزگا ئەمنی و کارگێڕییەکانەوە هەیە.
لەژێر گوشاری سیاسی و شەقامدا، پەرلەمان ناچارە دۆسیە دێرینەکانی وەک: نەوت و گاز، خانەنشینی، ئاسایش، هاتووچۆ، حەشدی شەعبی، لەگەڵ بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و چاکسازیی کارگێڕی یەکلایی بکاتەوە.
یاسای نەوت و گاز
یاسای نەوت و گاز لە پێشەنگی ئەو یاسانەدایە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەهۆی ناکۆکی بەردەوامی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لەسەر بەڕێوەبردنی سامانی نەوت، میکانیزمی هەناردەکردن و دابەشکردنی داهات، بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
ئیبتسام هیلالی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "جموجۆڵێکی جدی لە نێوان حکومەت و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەماندا هەیە بۆ داڕشتنی کۆتایی یاساکە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە لیژنەی نەوت و گاز بە هاوکاری لیژنەی یاسایی، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ حکومەت بۆ ڕێکخستنی ڕەشنووسەکە.
شارەزایان پێیانوایە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەبێتە وەرچەرخانێک لە پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر؛ چونکە بە ڕوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان، هەناردەکردن و پشکەکان دیاری دەکات و کۆتایی بەو ململانێ دارایی و یاساییانە دەهێنێت کە ساڵانێکە سێبەریان بەسەر بودجەی گشتیدا کێشاوە. هاوکات زەمینەیەکی سەقامگیر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەدا دەڕەخسێنێت.
یاسای خانەنشینی و کێشەی تەمەنی یاسایی
یەکێکی تر لەو یاسانەی شەقامی عێراقی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکات، هەموارکردنی یاسای خانەنشینی و تەمەنی یاسایی خانەنشینبوونی فەرمانبەرانە.
حکومەت و پەرلەمان هەوڵدەدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی مافی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی سەر بودجە دروست بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
چاودێران دەڵێن هەر گۆڕانکارییەک لە تەمەنی خانەنشینیدا، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی کار و ڕەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەزاران دەرچووی زانکۆ دەبێت.
پێداچوونەوە بە سزاكانی هاتووچۆ و یاسا ئەمنییەکاندا
لەسەر ئاستی ئەمنی و خزمەتگوزاریی، ئەسکەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ پێداچوونەوە بە چەند یاسایەکی ئەمنی و خزمەتگوزاریدا پێکهێنراوە، کە لە پێشەنگیاندا یاسای ئاسایشی نیشتمانی و یاسای هاتووچۆن.
دوای زیادبوونی سکاڵای هاووڵاتیان لە گرانیی سزاکانی هاتووچۆ (غەرامە)، پەرلەمان بە ئاراستەی پێداچوونەوە بە بڕ و میکانیزمی سەپاندنی غەرامەکاندا هەنگاو دەنێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی سەر شانی خەڵک، بەبێ ئەوەی زیان بە ڕێکارەکانی ڕێکخستنی هاتووچۆ بگات. هۆشداریش دەدرێت کە هەموارەکە دەبێت پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و سیستمی چاودێری ئەلیکترۆنیش بگرێتەوە.
هاوکات پێداچوونەوە بە یاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆشدا دەکرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارامەیی ئیداری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە نوێیەکانی وەک تاوانی ڕێکخراو و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
سەرەڕای ئەم ململانێ و جۆش و خرۆشە پەرلەمانییە، تێپەڕاندنی ئەم یاسانە وا ئاسان نابێت؛ چونکە بەشێکیان ڕووبەڕووی ململانێی بەرژەوەندیی هێزە سیاسییە جیاوازەکان دەبنەوە و پێویستیان بە ڕێککەوتنی سیاسیی بەرفراوان هەیە. زۆربەی ئەم یاسایانە (بەتایبەت خانەنشینی و خزمەتگوزارییەکان) پێویستیان بە پشتگیریی دارایی گەورە هەیە، ئەمەش لە سایەی ناجێگیریی نرخی نەوتدا، حکومەتی نوێ ناچار دەکات بەوریاییەوە ئەولەویاتی کارەکانی دیاری بکات بۆ ئەوەی وڵات تووشی قەیرانی دارایی نوێ نەکات.