کوردستان لە ژێر ئاگردا؛ بۆچی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم چڕکردوەتەوە؟

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ

کوردستان لە ژێر ئاگردا؛ بۆچی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم چڕکردوەتەوە؟

پەنجەرە

لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتەوە.

ئەم هێرشانە کە بنکەکانی پارتە کوردییەکانی ئێرانی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کردە ئامانج، تەنها کردەوەیەکی سەربازی نین، بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی سیاسی و ستراتیژین کە پەیوەندییان بە هاوکێشە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆنەوە هەیە.

ڕەهەندەکانی هێرشەکە؛ بۆچی ئێستا؟

چاودێران و ناوەندە لێکۆڵینەوەکان چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم هەڵکشانی توندوتیژییە دەستنیشان دەکەن.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە لێکتێگەیشتنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن، ناوچە کوردییەکان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەو "هێورکردنەوەیە" بەدەر کراون. ئەمەش دەرفەتی بۆ تاران ڕەخساندووە بەبێ ترسی کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، فشارەکانی بۆ سەر هەرێم زیاد بکات.

لەلایەکی ترەوە تاران دەترسێت کە ئەمریکا یان هێزە ناوچەییەکان پارتە کوردییەکان وەک "سەرە ڕم" دژی قووڵایی خاکی ئێران بەکاربهێنن، بۆیە پەنا دەباتە بەر "بەرگری پێشوەختە".

ڕۆژنامەنووس- دڵشاد حسێن، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران تووشی ترسێکی گەورە بووە لەوەی سنوورەکانی لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە تێکبشکێنرێت، بۆیە هەر جووڵەیەکی کوردانی ئۆپۆزسیۆن وەک هەڕەشەیەکی جیدیی دەبینێت.

لەلایەکی ترەوە، "ڕەعد هاشم"، شرۆڤەکاری ئەمنی، پێیوایە ئێران بەهۆی "شکستەکانی" لە بەرەی گەرووی هورمز بەرامبەر ئەمەریکا، دەیەوێت لە ڕێگەی لێدانی هەرێمەوە قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە و پەیامێکیش بنێرێت بۆ "عەلی زەیدی" سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ئێستا لە واشنتۆنە.

هەموو ئەمانەش ڕووبەڕووی بێهێزیی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوە دەوەستێتەوە، چونکە ئێران دەزانێت هێرشەکان بەرپەرچدانەوە و کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نابێت، بۆیە بەردەوام دەبێت لە نمایشکردنی هێزی خۆی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو