د. سەردار عەزیز بۆ پەنجەرە: زەیدی لای میلیشیاکان ڕێگەی پێنەدراوە هەموو شتێک کۆتایی پێبهێنێت
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت کە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و جموجۆڵی میلیشیا شیعەکان، پەیامێکی ڕوون و ئاراستەکراون؛ تەنانەت ئەگەر لە بنەڕەتیشدا بەو مەبەستە نەبووبێتن، لە کۆتاییدا هەر دەبنە پەیام بۆ "زەیدی".
د. سەردار عەزیز لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ئاماژەی بەوە کرد کە زەیدی پێش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی (مانگی نۆ) وەک دوا مۆڵەت بۆ چەککردنی میلیشیاکان دیاری کردبوو، گوایە لە دوای ئەو بەروارەوە ئیتر میلیشیاکان هیچ بیانوویەکیان بۆ مانەوە نامێنێت.
ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: وا دیارە میلیشیاکان دەیانەوێت ئەو پەیامە بە زەیدی بگەیەنن کە هێڵێکی سوور بۆ دەسەڵاتەکانی کێشراوە، واتە ڕێگەی پێدراوە هەندێک شت بڵێت و هەندێک هەنگاو بنێت، بەڵام دەبێت بزانێت کە دەسەڵاتی ئەوەی پێنەدراوە کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت."
هاوکات، د. سەردار عەزیز جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جموجۆڵ و هێرشانە پەیامێکی هاوشێوەشن بۆ واشنتۆن، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن زەیدی خاوەنی بڕیار و دەسەڵاتی ڕەها نییە لە عێراقدا و هێزگەلێک هەن کە نە گوێڕایەڵی ئەو دەبن و نە بە قسەی دەکەن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پەیامە، سنووردارکردنی زەیدییە و پێشاندانی ئەوەیە بە ئەمریکا کە زەیدی لایەنی بڕیاردەری کۆتایی نییە تا بتوانرێت لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو دۆسەکان یەکلایی بکرێنەوە.