٨٧ بانکی عێراق لەبەرامبەر ٢٠ بانکی چین؛ کەرتی بانکی یان دوکانی بازرگانیی دۆلار؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووریی لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە تیشکی خستە سەر کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی بانکی لە عێراق و بەراوردی کرد لەگەڵ وڵاتانی گەورەی جیهان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بە دانیشتوانێکی ٤٦ ملیۆن کەسییەوە، ٧ بانکی حکومی و نزیکەی ٨٠ بانکی ئەهلی تێدایە؛ لەکاتێکدا وڵاتی چین کە ئابووریی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە و دانیشتوانەکەی ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەسە، تەنیا ٢٠ بانکی هەیە. هەروەها ئەمریکاش کە ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر لە ٤٠٠ ملیۆن کەسە، خاوەنی ٥٠ بانکە.
ئەو شارەزایە ڕەخنەی توندی لە کوالیتی کارکردنی بانکە ناوخۆییەکان گرت و وتی: "ئەو ٨٠ بانکە ئەهلییەی عێراق بە هەموویانەوە ناتوانن کارێکی بانکیی دروست و پێشەگەرانە پێشکەش بکەن، هەر ئەمەش وایکردووە خەڵک متمانەیان پێ نەکات و پارەکانیان لە ماڵەوە، لە ژێرزەمین، بن دیوار و شوێنە نەشیاوەکاندا بشارنەوە."
لە کۆتاییدا، محەمەد حسێن پەردەی لەسەر هۆکاری دروستبوونی ئەو بانکە ئەهلییانە لادا و ڕایگەیاند: "زۆربەی ئەم بانکە ئەهلییانە لە ڕابردوودا لەلایەن حزب، سیاسییەکان و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە تەنیا بەو ئامانجە دامەزراون کە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی وەربگرن و دواتر لە بازاڕدا بە نرخی گرانتر بیفرۆشنەوە و قازانجی لێ بکەن."