بەهۆی مەرجەکانی یەکێتی و ڕەتکردنەوەی پارتی؛ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت چەقیان بەستووە
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە بنبەست، سەرچاوەیەکی باڵاش ئاشکرای دەکات کە تەنیا فشاری دەرەکی دەتوانێت لایەنەکان بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی هەردوو حیزب، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "پارتی و یەکێتی لە ئێستادا زۆر دوورن لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت. دۆخەکە بە جۆرێکە مەگەر تەنیا فشاری هێزە دەرەکییەکان ناچاریان بکات دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە و ڕێکبکەون."
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دواین دانیشتنی فەرمی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێ، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم) ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی و کرداری لە ئارادا نییە بۆ نزیکبوونەوەی ڕاوبۆچوونەکان.
سەرچاوە باڵاکە هۆکاری سەرەکی چەقبەستوویی دۆخەکەی بۆ مەرجێکی یەکێتی و ڕەتکردنەوەی لەلایەن پارتییەوە گەڕاندەوە و وتی "یەکێتی بە پارتی ڕاگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێککەوتنیان کردووە و پێکەوە خاوەنی ٣٨ کورسین، بۆیە بە قورسایی ئەو ٣٨ کورسییەوە بەشداری دانوستانەکان دەکەن. لە بەرامبەردا پارتی بە تەواوی ئەم هاوکێشەیەی ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی سیاسی بە تەواوی چەق ببەستێت."