سەروەریی لە نێوان بەرداشی ئەنقەرە و تاراندا؛ ٢٩٠ بنکەی سەربازیی و تاقیکردنەوەیەکی سەختی بەردەم بەغدا

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٦ پاش نیوەڕۆ

سەروەریی لە نێوان بەرداشی ئەنقەرە و تاراندا؛ ٢٩٠ بنکەی سەربازیی و تاقیکردنەوەیەکی سەختی بەردەم بەغدا

پەنجەرە

لەکاتێکدا یەکێک لە داواکارییەکانی شەقام لە حکومەتی نوێی عێراق پاراستنی سەروەری وڵاتە، بەڵام تورکیا و ئێران ٢٩٠ بنکەی سەربازییان لەسەر خاکی عێراق و لەناوچە سنورییەکانی هەرێم داناوە.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی  (CPT)ی ئەمەریکی، کە وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ناوەندە جیهانییەکاندا پشتی پێدەبەسترێت، هەردوو وڵات (تورکیا و ئێران) پێکەوە خاوەنی ٢٩٠ بنکە و بارەگای سەربازین لە ناو خاکی عێراقدا.

نەخشەی دابەشبوونی هێزەکان: لە فراوانخوازیی تورکیاوە بۆ قووڵایی ئێرانی

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی CPT بە وردی تیشک دەخاتە سەر جووڵە و پێگەی سەربازیی هەردوو وڵات لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان:

 تورکیا (١٣٩ بنکە): ئەنقەرە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بە بیانووی شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدایە، بەردەوامە لە فراوانخوازیی. 
لە ئێستادا خاوەنی ٨٦ بارەگای سەربازیی سەرەکییە لەگەڵ ٥٣ بنکەی بچووکتر و خاڵی چاودێریی. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەم هێزانە زۆرجار بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل.

 ئێران (١٥١ بنکە): تاران لە دوای ساڵی ٢٠١٢وە هێزەکانی لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران چڕکردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە هێزەکانی ئێران ١٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو قووڵایی خاکی هەرێمەوە. ئێران بوونی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات بە پاساوی ئەم پێشڕەوییە دەهێنێتەوە و چەندینجاریش بە مووشەک و درۆن ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج. ئەمە جگە لەو هێرشە موشەکیی و درۆنییانەی دوای هەڵگیرسانی شەری نێوان ئێران و ئەمەریکا، تاران بەردەوام بۆ سەر هەرێم ئەنجامی دەدات.

بەغدا لەبەردەم تاقیکردنەوەد

ئەم داتایانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە ناڕەزایەتییە سیاسییەکان لە ناوخۆی عێراق ناو بەناو سەرهەڵدەدەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ڕایگەیاند کە بەردەوامیی ئەم قووڵبوونەوە سەربازییە لە باکووری وڵات "پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی نیشتمانییە".

زوبەیدی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی نوێی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە و ڕایگەیاند: کۆتاییهێنان بەم ئامادەگییە چەکدارییە تەنها بە تێگەیشتنی کاتی یان داواکردن ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە بڕیارێکی سیاسیی نیشتمانیی یەکگرتوو و دیدگایەکی هاوبەشی سەرجەم هێزە سیاسییەکان هەیە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو