بازرگانیکردن بە پۆستە وەزارییەکان؛ هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی جیابوونەوە دەبێتەوە

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٧ پاش نیوەڕۆ

بازرگانیکردن بە پۆستە وەزارییەکان؛ هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی جیابوونەوە دەبێتەوە

پەنجەرە

بازنەی ناڕەزایەتی و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، روو لە تەقینەوە دەکات. 
دوای جیابوونەوەی چەند کوتلەیەک لە هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"، لەئێستادا میدیای عێراقی ئاماژە بەوە دەکات زانیاریی مەترسیدار لەسەر ئەنجامدانی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بە پۆستە وەزارییەکانەوە کراوە. بەتایبەت هەردوو وەزارەتی نەوت و کارەبا کە ساڵانێکە وەک "گەنجینە"ی پارت و هێزە دەستڕۆیشتووەکان سەیر دەکرێن.

هێشتا روون نییە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سودانی دەکرێن بەشێکن لە هێرشی رکابەرەکانی و درێژکراوەی هەوڵەکانن بۆ بچووککردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەی، یاخود راستیان تێدایە.

کڕینی پۆستی وەزیرەکان بە سەدان ملیار دینار

سەرچاوەیەکی پەرلەمانی کە بەم دواییانە لە هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" جیا بووەتەوە، بە ئاژانسی (المعلومة)ی ڕاگەیاندووە:”کاندیدکردنی باسم محەمەد بۆ پۆستی وەزیری نەوت، دوای پێدانی بڕی ٦٠٠ ملیار دینار بووە، هەروەها کاندیدکردنی عەلی سەعد بۆ پۆستی وەزیری کارەبا بەرامبەر بە ٤٠٠ ملیار دینار بووە، کە ئەو پارانە ڕاستەوخۆ و بە تەنها بۆ سەرۆکی کوتلەکە (محەمەد شیاع سوودانی) ڕۆیشتوون."

ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی قووڵ لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا و شەپۆلێکی کشانەوە و جیابوونەوەی پەرلەمانتار و کەسایەتییەکان لێکەوتووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی نەبوونی شەراکەت لە بڕیاری سیاسی، قۆرخکردنی دۆسیەی کاندیدکردنی وەزیر و پۆستە باڵاکان لەلایەن سەرۆکی کوتلەکەوە، و پەراوێزخستنی پەرلەمانتارانی دیکە لە دۆسیە گرنگەکانی دەوڵەتدا.

بازرگانیکردن بە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە کێشەکان زیاتر تەقینەوە کاتێک مشتومڕ لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا دروستبوو، بەتایبەت لەسەر پڕۆژە، گرێبەست و تەرخانکردنی دارایی. 

جگە لەوەش، نرخێکی تایبەت دیاریکراوە بۆ جێگیرکردنی هەر بەڕێوەبەرێکی گشتی لە پۆستە باڵاکانی ئەو دوو وەزارەتەدا کە دەگاتە ١٠ ملیار دینار بۆ هەر پۆستێک. ئەم مامەڵانە توڕەیی پەرلەمانتارانی ناو هاوپەیمانێتییەکەئ لێکەوتووەتەوە و هانی داون بکشێنەوە یان هەڕەشەی ئاشکراکردنی دۆسیە شاراوەکانی پشت بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە بکەن.

بەوتەی ئەو سەرچاوە پەرلەمانییە، وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا هەمیشە چەقی ململانێی ڕاستەقینەی سیاسی بوون لە عێراقدا، چونکە ساڵانە قەبارەیەکی یەکجار زۆری پارەیان پێدا تێپەڕ دەبێت و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پڕۆژە گەورەکان، وەبەرهێنان، سووتەمەنی و وزەوە هەیە. بۆیە هەر لایەنێک کۆنترۆڵی ئەم دوو وەزارەتە بکات، دەسەڵاتێکی فراوانی دارایی و سیاسی بەدەست دەهێنێت کە لە هاوکێشەی حوکمڕانیی عێراقدا وەک "مریشکی هێلکە زێڕین" سەیر دەکرێن.

تۆمەتەکان

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی دەکرێن، هاوکاتن لەگەڵ ناکۆکی قوڵی نێوان لایەنە شیعەکان بەتایبەت هەوڵێکی چڕ لەلایەن رکابەرەکانیەوە لەئارادایە بۆ لێدان لەخۆی و هاوپەیمانێتییەکەی.

گومان لەسەر راستی و دروستی تۆمەتەکان لەوەدا چڕ دەبنەوە، زۆربەی سەرکردە و کوتلە عێراقییەکان لە دۆسیەی دارایی قورسدا تێوەگلاون، بەڵام ئەم دۆسیانە هەمیشە لەکاتی ململانێی سیاسیدا دەوروژێنرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو