گوشاری تڕەمپ و کارتی هورمز؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان شەڕی دەروونی و تەقینەوەی سەربازیدا
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوا ساتەکاندا بۆ دواخستنی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران لەسەر داوای سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بەهەڵواسراوی هێشتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی دەنگوباسی "تەسنیم"ی نزیک لە رژێمی ئێران بڵاویکردەوە کە ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی تاران کردووە. ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانەوە گواستییەوە: "دەقێکی نوێ لە ڕێگەی پاکستانەوە گەیەنراوەتە ئێران، ئێستا تاران خەریکی تاوتوێکردنی دەقەکەیە و هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە. پاکستان هەوڵ دەدات جیاوازییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی."
بەر لەم پێشنیازەش، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ دژی ڕژێمی ئێران ئامادە دەکەن، کە ئەگەری هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێبکات.
کەناڵی "وای نێت" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی گەرووی هورمز ئێستا بووەتە سەرەکیترین کارتی گوشار و سەوداکردن. ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە تواناکانی ڕژێمی ئێران زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام بە تەواوی ئیفلیج نەبووە.
شیکارییەکەی پێگەکە دەریدەخات کە باڵادەستی سەربازیی ئەمریکا گەرەنتی یەکلاکردنەوەی هەموو شتێک ناکات؛ سەرەڕای باڵادەستیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕژێمی ئێران هێشتا دەتوانێت باجێکی قورس بەسەر بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل، ناوچەی کەنداوی عەرەبی، دەریای سوور، بازاڕی وزەی جیهانی و تەنانەت سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا بسەپێنێت، ئەمەش وا دەکات سروشتی ڕووبەڕوبوونەوەکە درێژخایەن، فرەتێچوو و تاقەت پڕوکێنەر بێت.
"وای نێت" دەشڵێت، لە پشت راگرتنی کاتی هێرشەکانەوە کەشوهوایەکی نائاسایی بەدی دەکرێت. لە لایەکەوە، ئەمەریکا لە دەوروبەری ئێران هێزە دەریایی، ئاسمانی و بەرگرییەکانی کۆدەکاتەوە، ئەمەش توانای ئەوە دەداتە واشنتۆن بە خێرایی هێرشەکان دەست پێبکاتەوە، بەرگری لە بنکە و هاوپەیمانەکانی بکات و گوشاری دەریایی بخاتە سەر تاران.
لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای پاشەکشە بەرچاوی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا، هێشتا خاوەنی چەندین کەرەستەیە کە دەتوانن باجی قورس بسەپێنن؛ لەوانە عەمبارێکی گەورەی موشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێزە بریکارە ناوچەییەکان و یەدەگێکی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە لە ئاستی بەکارهێنانی سەربازیی نزیک دەبێتەوە، جگە لە کارتی گوشاری ستراتیژیی و گرنگ کە نائارامی بە جیهان بەخشیووە، ئەویش گەرووی هورمزە.
گەرووی هورمز؛ ناوچەیەک کە بووەتە سەرەکیترین کارتی سەوداکردن
ماڵپەڕی "وای نێت" نوسیویەتی: ئەگەر لە سەرەتای ئەم جەنگەدا سەرنجەکان لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و پرۆگرامی موشەکیی ئێران بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ گەرووی هورمز بووەتە تەوەرێکی ستراتیژیی . ئەمریکا پێشتر سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران و بە پێچەوانەشەوە ڕاگەیاندبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە بەنیازی ڕێگریکردن نییە لە ئازادیی هاتوچۆی ئەو کەشتیانەی بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی ئێران دەچن.
لە هەمانکاتدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستی بە پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە گەرووەکەدا کرد، دوای ئەوەی ئەمریکا سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە چاندنی مینی دەریایی لە ناوچەکەدا.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی" ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی هاتوچۆی بازرگانی بوو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لەژێر چەتری پاراستنی ئەمریکادا. هەرچەندە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای دوو ڕۆژ وەستا، بەڵام ئەمریکا بەردەوام بوو لە پاراستنی ئامادەیی بەرفراوانی دەریایی و ئاسمانی خۆی بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی، ئەنجامدانی گوشاری دەریایی لەسەر ئێران و ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی بازرگانی.
بەپێی ڕاپۆرتی (سێنتکۆم)، ئەو هێزانەی لە گەرووی هورمز جێگیرکراون پێکهاتوون لە تێکشکێنەری موشەکی، زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکە کە لە بنکە زەمینی و دەریاییەکانەوە دەفڕن، سیستمی بێفڕۆکەوان و نزیکەی ١٥ هەزار سەرباز.
ئاژانسی "بلۆمبێرگ"یش ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) تاوتوێی ئەگەری دەستێوەردان دەکات ئەگەر تا سەرەتای مانگی تەممووزی داهاتوو ئەم ڕێڕەوە گرنگە نەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ناو ناتۆدا گەنگەشەی بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو گەرووە داخراوەدا دەکرێت.
دیپلۆماتکارێکی یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم بیرۆکەیە لە لایەن هەندێک لە ئەندامانەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام هێشتا کۆدەنگی پێویستی لەسەر نییە. ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی گرنگ دەبێت لە سیاسەتی هاوپەیمانێتییەکە بەرامبەر بە جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ڕێگە خۆش دەکات بۆ تێوەگلانی ڕاستەوخۆتر لە پرسی ئازادیی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبیدا.
"وای نێت" دەڵێت کە گەرووی هورمز بۆ ئێران تەنها ڕێڕەوێکی دەریایی نییە، بەڵکو کارتی مانەوەی ستراتیژییەتی. پێش هەڵگیرسانی جەنگ، نزیکەی چارەکێکی بازرگانیی نەوتی دەریایی جیهان و پێنج یەکی بازرگانیی گازی سروشتی شل (LNG) لەم گەرووەوە تێپەڕدەبوو. هەر تێکچوونێک لەم ڕێڕەوەدا بە خێرایی ڕەنگدانەوەی لەسەر نرخی وزە و ئابووری جیهان دەبێت و گوشارە سیاسییەکانی سەر ترەمپیش لە ناوخۆی ئەمریکادا زیاد دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی ئەم هۆکارەوە گەرووی هورمز بووەتە هەستیارترین خاڵ؛ چونکە سەرەڕای توانای ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی دەریایی گەورە لە ناوچەکەدا، ئێران پێویستی بە تێکشکاندنی کەشتیگەلی ئەمریکی نییە بۆ دروستکردنی قەیران، بەڵکو تەنها مینی دەریایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی دژە کەشتی و بەلەمی بۆمبڕێژکراو، یان تەنانەت ڕووداوی بچووکیش بەسن بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی دڵنیایی و دوورخستنەوەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و دروستکردنی شۆک لە بازاڕەکانی وزەدا.
تواناکانی ڕژێمی ئێران زیانیان بەرکەوتووە
ماڵپەڕی "وای نێت" ئاماژە بەوە دەکات کە دوای چەندین هەفتە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گومانی تێدا نییە کە ئێران باجێکی قورسی داوە؛ سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بەرگریی ئاسمانی، بنکە سەربازییەکان، شوێنی موشەکەکان و ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکە چەندین جار کراونەتە ئامانج.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنە کۆتاییەکان وێنای شکستێکی یەکلاکەرەوە نیشان نادەن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژنامەکانی "نیویۆرک تایمز" و "واشنتۆن پۆست" لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ئێران هێشتا نزیکەی ٧٠٪ی عەمباری موشەکە بالیستییەکانی پێش جەنگ و نزیکەی ٧٥٪ی سەکۆکانی هاوێشتنی موشەکی پاراستووە. لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشدا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٤٠٪ی تواناکانی مابن.
لە دۆسیەی ئەتۆمیشدا، کێشەکە هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؛ ئێران خاوەنی نزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی ٦٠٪، کە ئەمەش ڕێژەیەکی نزیکە لەو ٩٠٪ەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە. تەنانەت ئەگەر هەندێک لە دامەزراوەکانیش زیانیان بەرکەوتبێت، شوێنی کۆگا کردنی ئەم ماددانە، توانای چاودێریکردنیان و میکانیزمی دەرکردنیان لە ئێران، بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکانی دانوستانەکانی ئێستای نێوان واشنتۆن و تاران دادەنرێت.
بۆ ئێران، پرۆگرامی موشەکی لە مانگەکانی ڕابردوودا بووەتە وانەیەکی ستراتیژیی سەرەکی. لە کاتێکدا هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە لەچاو ئیسرائیل و ئەمریکا کۆنتر و لاوازتر دیارە، بەڵام توانای موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەرفەتی ئەوەی پێدەدات کە هەڕەشە لە قوڵایی ئیسرائیل، بنکەکانی ئەمریکا، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و دامەزراوەکانی وزە لە کەنداوی عەرەبیدا بکات.
تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تێکشکاندنی موشەکەکانیش لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ سەدان هەڕەشەی هاوکات گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی.
جگە لەوەش، تۆڕی هێزە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئێران (بریکارەکانی)؛ هەرچەندە حزبوڵا لە لوبنان، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن لەو پێگەیەی پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا نین، بەڵام هێشتا توانای کردنەوەی بەرەی لاوەکی شەڕیان هەیە. بەمەش هەڕەشەی ئێران تەنها لە لێدانی ڕاستەوخۆدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەگەرەکانی فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە تەواوی ناوچەکەدا، لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا، کەشتیوانی لە دەریای سوور، وەشاندنی هێرش لە لوبنانەوە، لێدانی ژێرخانی وزە و پەکخستنی ڕێگاکانی بازرگانی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "اتحاد ضد إيران نووية" کە چاودێری جووڵەی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، دوو گرووپ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە دەریای عەرەبیدا چالاکن، ئەوانیش: "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بۆش"ن. بەڵام کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد ئاڕ فۆرد" کە بەشێک بوو لەو بڵاوەپێکردنە سەربازییە بەرفراوانە، دوای ئەرکێکی ١١ مانگی گەڕایەوە بۆ بەندەری "نۆرفۆلک" لە ویلایەتی ڤێرجینیا.
سەرەڕای ئەوەش، ئامادەیی ئەو دوو گرووپە دەریاییە شەڕکەرە هێشتا توانایەکی گەورە دژی ئێران دابین دەکات.
لە دەوروبەری ئەم فڕۆکەهەڵگرانەدا، یەکە ئاسمانییەکان کاردەکەن کە فڕۆکەکانی F/A-18، فڕۆکە ڕادارگریزەکانی F-35C، فڕۆکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی EA-18G Growler و فڕۆکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی E-2D لەخۆدەگرن، جگە لە هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان.
هەروەها تێکشکێنەرە موشەکییە ئاڕاستەکراوەکان و کەشتییە جەنگییەکانی دیکە لە دەریای عەرەبی، دەریای سوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بڵاوەیان پێکراوە.
ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزێکی دەریایی نیشتنەوە لەسەر کەشتیی هێرشبەری "یو ئێس ئێس تریپۆلی" لە چوارچێوەی سنووری بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا چالاکە، لەگەڵ یەکەکانی مارێنز و کەشتیی تایبەت بە پاککردنەوەی مین کە ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
ئەم بڵاوەپێکردنە سەربازییە توانای ئەوە دەداتە ئەمریکا بە خێرایی هێرشەکانی دژی ڕژێمی ئێران لە وشکانی، ئاسمان و دەریاوە دەست پێبکاتەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکە، موشەکی کرووز، توانای هەواڵگریی و شەڕی ئەلیکترۆنییەوە، هاوتەریب لەگەڵ دابینکردنی چەترێکی بەرگریی بەرفراوان بۆ بنکەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانە ناوچەییەکان، ئیسرائیل و هێڵەکانی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبیدا.
جگە لە هێزە دەریاییەکان، ئەمریکا فڕۆکەکانی F-15E، F-35، F-16 و بۆمبهاوێژەکانی B-2 و B-52 و فڕۆکەکانی سووتەمەنیپێکەری KC-135، لەگەڵ سیستمی بەرفراوانی سیخوڕیی، چاودێریی و شەڕی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا دژی ئێران بەگەڕخستووە.
سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیل
ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆیەک ئامادە دەکات کە تێیدا ڕەنگە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی.
سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیل لەسەر پێکهاتەیەکی فرە چین بنیاتنراوە:
چینی سەرەوە (Arrow 3 ): تایبەتە بە تێکشکاندنی موشەکە بالیستییە دوورهاوێژەکان لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی.
چینی دووەم (Arrow 2): بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو موشەکانەی دەتوانن لە چینی یەکەم تێپەڕن.
چینی سێیەم (David's Sling ): تایبەت کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە مەودا مامناوەندەکان، موشەکە قورسەکان، موشەکی کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
چینی خوارەوە (Iron Dome / قوبەی ئاسنین): بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە مەودا کورتەکان کاردەکات.
سیستمی دەریایی (C-Dome / سی دۆم): تایبەتە بە پاراستنی کەشتی و کێڵگە گازییە دەریاییەکان.
هەروەها سیستمی لەیزەری "تیشکی ئاسنین" (Iron Beam) زیادکراوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە کەم تێچووەکانی وەک موشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام ئەم سیستمە هێشتا بەستراوەتەوە بە هۆکارەکانی کەشوهوا، مەودا و هێڵی بینین و بە جێگرەوەیەکی تەواو بۆ سیستمی بەرگری فرە چین دانانرێت.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییە لە جیهاندا، بەڵام بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم ئاڵۆزییە نابێتەوە، چونکە ئامادەیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەرفەتێکی فراوانتر بۆ هەماهەنگی و هاوکاری دابین دەکات؛ هەرچەندە هەڕەشەکان زووتر دەستنیشان بکرێن، چانسی تێکشکاندنیان لە مەودای دوورتردا زیاد دەکات.