عەسائیبی ئەهلی حەق: مالیکی هەڕەشە لە “ حاکمیەت” ی شیعە و یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەسائیبی ئەهلی حەق بەرەو هەڵکشان دەچن، سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی سادقونی باڵی سیاسیی عەسائیب، ڕایگەیاند قورسایی سیاسی دەوڵەتی یاسا لەو ئاستەدا نییە شایستەی وەرگرتنی دوو وەزارەت بێت.
سەعدی هۆشداریشیدا ئەو ئاراستەیەی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی دەیگرێتەبەر، هەڕەشە لە "حاکمییەتی شیعە" و یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات.
سەعدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکار هانی عەبدولساحب، ڕایگەیاند: لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕێککەوتن هەبوو کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەرۆک وەزیران بێت و ئەو خۆی ناوی وەزیرەکە دیاری بکات. بەڵام دەوڵەتی یاسا بەربژێرێکی هێنا کە پێشتر ناوی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا نەکرابوو ، بۆیە هەڵوێستی چوارچێوەکە و هێزە سیاسییەکان ئەوە بوو دەنگی پێنەدەن.
سەعد سەعدی دەڵێت: ئەو شێوازەی بەڕێز مالیکی و دەوڵەتی یاسا پەیڕەوییان کردووە، جۆرێک بووە لە شکاندنی ئیرادەی چوارچێوەی هەماهەنگی و مەترسی لەسەر دەسەڵاتی شیعە و یەکڕیزیی ناوخۆییان دروست دەکات.
وتیشی: بەپێی سیستمی خاڵبەندیی پەیڕەوکراو لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، شایستەیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا تەنیا یەک وەزارەتە نەک زیاتر.
سەعدی ئاشکرایکرد کە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندیی ناوخۆیی کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆیەک هەیە لەسەر هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە ناو چوارچێوەکەدا بە ناوی "تحالف الأقوياء"بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، کە هەم ئامانجی ڕاگەیەندراو و هەم ئامانجی شاراوەی هەیە.