دۆخی دەروونی عەجاج لە زینداندا تێکدەچێت و داوای لەسێدارەدانی لە "نوگرەسەلمان" دەکرێت
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال ئاشکرایدەکات کە دۆخی دەروونی (عەجاج تکریتی)، یەکێک لە گەورە تاوانبارانی کەیسی ئەنفال لە ناو زینداندا تێکچووە، هاوکات ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە شوێنێکی سیمبوڵیدا دەکات.
ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال لە لێدوانێکدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای عێراقی، سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار عەجاج تکریتیدا لەو گرتووخانەیەی ئێستا تێیدا بەندکراوە یان لە هەر شوێنێکی دیکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵەکە داوامان کردووە کە ناوبراو لە زیندانی (نوگرەسەلمان) لەسێدارە بدرێت" کە وەک هێمایەک بۆ ئازارەکانی قوربانیانی ئەنفال سەیر دەکرێت.
سەبارەت بە کات و شوێنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ئەکرەم ساڵەح وتی: "دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکە، بە فەرمی شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت."
سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال ئەوەشی خستەڕوو کە تاوانبار عەجاج تکریتی تانەی (تەمیز) لە بڕیاری لەسێدارەدانەکەی داوە، بەڵام جەختی کردەوە کە: "ئەم تەمیزکردنەوەیە چوارچێوەیەکی یاساییە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە نابێت کە دادگا لە دژی دەریکردووە و سزاکە وەک خۆی دەمێنێتەوە."