سەرچاوەیەک بۆ پەنجەرە: ئیدارەی ترەمپ چاوی لە هەوڵەکانی فایەق زەیدانە
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چاوی بڕیوەتە فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلان و خواستەکانی ئەمریکا لەعێراقدا. هاوکات ئاشکرایکرد کە هێنانەپێشەوەی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن فایەق زەیدانەوە بووە.
هاوشێوەی ئەحمەد چەلەبی؛ ناکۆکی لەنێوان کۆشکی سپی و سی ئای ئەی
سەرچاوەکە هاوکێشەی ئێستای مامەڵەکردنی واشنتۆن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەچوێنێت بە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەڵێت: "وەکچۆن لەو سەردەمەدا ئیدارەی ئەمریکا پشتگیری لە ئەحمەد چەلەبی دەکرد، بەڵام ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) متمانەی پێی نەبوو؛ ئێستاش ئیدارەی ترەمپ چاوی لەسەر فایەق زەیدانە، لە کاتێکدا (CIA) گومان و بێمتمانەیی بەرامبەر هەیە."
نەخشەی هاوپەیمانێتییە نوێیەکان و پەیامەکەی زەیدان
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، فایەق زەیدان لە ئێستادا پاڵپشتی لە بەرەیەکی سیاسی دەکات کە لە (محەمەد شیاع سودانی، قەیس خەزعەلی، محەمەد حەلبوسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) پێکهاتووە، ئەمەش لە دژی بەرەکەی نووری مالیکی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی سەرەکیی ئەم بەرە باڵادەستە لە کاتی متمانەنەدان بە وەزیرەکانی (دەوڵەتی یاسا، عەزم و پارتی دیموکراتی کوردستان) لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرکەوت؛ کە لەو ڕێگەیەوە پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی بەرەکەی مالیکی کرد کە "قۆناغی داهاتووی عێراق تەواو جیاواز دەبێت."
پەرچەکرداری مالیکی و قۆناغی دوای جەژن
لە بەرامبەردا، بەرەکەی نووری مالیکی خێرا لە پەیامی نەیارەکانیان تێگەیشتن و وەک پەرچەکردارێک، کار گەیشتە پەرتکردنی هاوپەیمانێتییەکەی سودانی. لە ئێستاشدا بەرەی مالیکی لە هەوڵی چڕوپڕدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی بەهێزتر، بەپێی پێشبینیی سەرچاوەکەش، دوای کۆتاییهاتنی پشووی جەژن، ئاڕاستە و ئایندی ئەم ململانێیە سیاسییە توندە ڕوونتر دەبێتەوە.