مەسرور بارزانی بە پڕۆژەی ڕووناکی و مەلەفی نەوتەوە دەچێتە بەغداد
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەبەردەم وەرچەرخانێکی نوێدان؛ ئهمڕۆ مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێكی باڵادا دەگاتە بەغدا. ئەم سەردانە درێژکراوەی مۆدێلی کۆبوونەوە پرۆتۆکۆڵییەکانی ڕابردووە و هەڵگری ئەجێندایەکی جیاوازە کە مەلەفی وزە و کارەبا لە لوتکەیاندایە.
کارەبای ٢٤ کاتژمێری؛ هەناردەکردنی ئەزموونی هەرێم بۆ بەغدا
حکوومەتی هەرێم ئەمجارە وەک "خاوەن چارەسەر" دەچێتە بەغدا. لە کاتێکدا ناوەڕاست و باشووری عێراق سەرەڕای خەرجکردنی ملیاران دۆلار هێشتا بەدەست قەیرانی کارەباوە دەناڵێنن، هەولێر پڕۆژەی (ڕووناکی) وەک مۆدێلێکی تاقیکراوەی سەرکەوتوو بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت، ئامانجی ئەم تەوەرەی ڕوون کردووەتەوە و دەڵێت: شاندی هەرێم پاڵپشتیی تەکنیکی پێشکەش بە بەغدا دەکات بۆ خێراکردنی چاکسازیی گشتی لە کەرتی کارەبای تەواوی عێراقدا."
نەوت؛ تێپەڕاندنی نرخی بەرهەمهێنان بەرەو "چەتری ئەمنی"
مەلەفی نەوت کە زیانێکی دارایی گەورەی لە ئابووریی نیشتمانی داوە، ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت. گەورەترین بەربەستی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، تەنیا تێچووی دەرهێنان نییە، بەڵکو ئاسایشی کۆمپانیا جیهانییەکانە.
کێشە سەرەکییەکە: هێرشە بەردەوامەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
مەسروور بارزانی بە ڕوونی داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و ژینگەی وەبەرهێنان، تا کۆمپانیا بیانییەکان لە دوودڵی ڕزگار بکرێن.
ئەم سەردانە گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی گفتوگۆکانی پێشوودا دروست کردووە؛ هەرێم نەک تەنیا بۆ داواکردنی شایستە داراییەکان، بەڵکو بە ستراتیژێکی گشتگیرەوە بۆ ڕزگارکردنی ژێرخانی وزەی عێراق چووەتە بەغدا. سەرکەوتنی ئەم گەشتە، سەرەتای قۆناغێکی نوێ دەبێت لە هاوبەشیی ئابووری و سەقامگیریی نێوان هەردوو لا.