کێبڕکێی پۆستەکان؛ ململانێی ناوخۆیی و مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سیاسیی سونە

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ

کێبڕکێی پۆستەکان؛ ململانێی ناوخۆیی و مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سیاسیی سونە

پەنجەرە

گۆڕەپانی سیاسی سوننە لە عێراقدا بەدۆخی پشێویی و گرژیدا تێپەڕ دەبێت و ناکۆکی نێوخۆیی خەریکە “ئەنجومەنی سیاسیی سوننە"هەڵدەوەشێنێتەوە.

ناکۆکییەکان لەسەر دابەشكردنی پۆست و دەسەڵات لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا سەریانهەڵداوە، هاوكات تۆمەتەكان لەسەر نەبوونی دیدگایەکی سیاسیی یەکگرتوو و پێشخستنی بەرژەوەندیی حزبی و كەسی بەسەر كاری بەكۆمەڵدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ڕەگی تەنگژەکە؛ لادان لە ئامانجی سەرەکی

قەیرانی ئێستای ئەنجومەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی دامەزراندنەکەی، کە سەرەتا لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و کەسایەتییە کاریگەرەکانی پێکهاتەی سوننە دروستبوو، بە ئامانجی هەماهەنگی سیاسی و هەماهەنگیکردن لە هەڵوێستە گشتییەکان. 
بەڵام ئامانجەکان هێدی هێدی گۆڕان بۆ مەیدانی ململانێی دەسەڵات؛ ئەمەش دوای تۆمەت ئاراستەی یەککردن لەسەر قۆرخکردنی بڕیاری سیاسی.

یەکێک لە دیارترین ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە، ناکۆکییە لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادیی، وەزاریی و پەرلەمانییەکان. دۆسیەکانی پەیوەست بە شایستە حکومییەکان بوونەتە تەوەری سەرەکی کێبڕکێی نێوان هێزەکانی ناو ئەنجومەنەکە، بەمەش ململانێکان لە ئاستی بەرنامە و دیدگای سیاسییەوە گۆڕاون بۆ ئاستی پشککاری، بەدەستهێنانی پێگەی کارگێڕیی و هەژموون لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

"ئەنجومەنەکە کاریگەریی سیاسیی نەماوە"

پەرلەمانتاری پێشوو، محەمەد سەلمان، جەخت دەکاتەوە کە ناکۆکییە قووڵەکانی ناو ئەنجومەنەکە ململانێ نین لەسەر میکانیزمی بڕیاردان، بەڵکو ناکۆکی کەسی و بەرژەوەندی بەرتەسکن.

سەلمان ڕایگەیاندووە: بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە تەنها لەسەر بنەمای خواستی بنەماڵەیەک یان دوو بنەماڵە بووە، بە ئامانجی دابەشکردنی پۆست و دەستکەوتە سیاسییەکان لەنێوان چەند لایەنێکی دیاریکراودا."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەنجومەنەکە لە ئێستادا بەدەست لێکترازانێکی گەورە و دابەشبوونی ناوخۆیی قووڵەوە دەناڵێنێت و جەختی کردەوە کە "کاریگەرییە سیاسییەکەی لەدەستداوە و چیتر هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە داڕشتنی دیمەنی سیاسیدا.

"کودەتا" بەسەر هاوبەشیدا

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد فەهداوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، وتی: بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن پارتی تەقەدومەوە و پابەندنەبوون بە دابەشکردنی خاڵەکانی ئەو پۆستە، هێمایە بۆ کودەتایەک بەسەر هاوبەشییە سیاسییەکان و هاوسەنگییەکانی ناو پێکهاتەی سوننە و هێزەکانی دیکەشدا.

فەهداوی ئاشکرایکرد کە بڕیارێکی چاوەڕوانکراو لەئارادایە سەبارەت بە مانەوە یان نەمانی ئەنجومەنی سیاسی و ئەم بابەتەش دوای تەواوبوونی دۆسیەی کابینەی وەزاری یەکلایی دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپەیمانی عەزم پەلە ناکات لە بڕیاردان و چاوەڕێی دەرەنجامەکانی قۆناغی داهاتوو دەکات، پێش ئەوەی هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر مانەوە یان هەڵپەساردنی ئەندامێتی لە ئەنجومەنەکەدا دیاری بکات.

لە ئێستادا، تۆمەتەکان لە ناوخۆی پێکهاتەی سوننەوە ڕوویان لە زیادبوونە سەبارەت بە قۆرخکردنی بڕیاری سیاسی لەلایەن چەند لایەنێکی دیاریکراوەوە، لە بەرامبەر پەراوێزخستنی هێز و کەسایەتییەکانی دیکەدا، ئەمەش داهاتووی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی ناو ئەم پێکهاتەیە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو