سەردانی شاندەکانی هەولێر بۆ بەغداد تەنها لە کاتی قەیرانەکاندایە
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی، محەمەد بەلداوی، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، درێژکراوەی سیاسەتی پێشووی هەرێمە کە لە کاتی قوڵبوونەوەی قەیرانەکاندا پەنا بۆ بەغداد دەبەن، بە ئامانجی بەدیهێنانی "بەرژەوەندیی تایبەت"
لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی.
کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی نوێدا
بەلداوی روونیکردەوە، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا هەوڵ دەدات کەناڵی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی تازە پێکهێنراودا بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێرەوی پرۆسەی سیاسی گۆڕاوە و ئەوەی پێشتر ناوی لێنرابوو "گەشتی حەج بۆ هەولێر" کۆتایی هاتووە، کە لە ڕابردوودا بەهۆی لاوازیی هێزە سیاسییەکانی بەغدادوە دەکرا.
وتیشی، بەغداد ڕاهاتووە لەسەر ئەوەی تەنها لە کاتی هەبوونی "پێویستی خێرا یان قەیرانی قوڵدا" پێشوازی لە شاندەکانی هەرێم بکات، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ پابەندبوونێکی ڕاستەقینە لەلایەن لایەنی کوردییەوە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بەدی نەکراوە.
قەیرانی بەڕێوەبردن لە ناوخۆی هەرێمدا
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەلداوی جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەڕێوەبردنی قەیرانی سیاسیدا شکستی هێناوە، بەتایبەت دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا بەبێ ئەوەی بتوانیت حکومەتی نوێ پێکبهێنێت، سەرەڕای تێچووە داراییە زەبەلاحەکان کە بێ ئەنجام بوون. ئەمەش بە بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر بوونی "قەیرانی بەڕێوەبردن و دیدگای سیاسی لە سەرکردایەتیی هەرێمدا" لەقەڵەمدا.