ئەکسیۆس وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاودەکاتەوە؛ مەرجەکانی ترەمپ بۆ واژۆکردنی چین؟

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣٢ پاش نیوەڕۆ

ئەکسیۆس وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاودەکاتەوە؛ مەرجەکانی ترەمپ بۆ واژۆکردنی چین؟

پەنجەرە

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا پەردە لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنێکی کاتی پێشبینیکراو لە نێوان واشنتۆن و تاران لادەبەن. بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەگەر پرۆسەی گفتوگۆکان بە بێ بەربەست کۆتایی بێت، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆ لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە بکات.
رێککەوتنە کاتییەکە چەند خاڵێکی سەرەکیی و ستراتیژیی لە خۆدەگرێت،  کە کاریگەرییان لەسەر رەوشی ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە دەبێت.

 * درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، بە مەرجێک بە ڕەزامەندی هەردوولا شیاوی نوێکردنەوە بێت.

 *هێزەکانی ئەمریکا بە درێژایی ئەو ٦٠ ڕۆژە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و کشانەوەیان بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. هاوکات، ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە و بە پێی بەڵێنەکان پێویستە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵا ڕابگرێت.
 
* گەرووی هورمز بەبێ هیچ باج و سەرانەیەک دووبارە بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا دەکرێتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران پابەند دەبێت بە پاککردنەوەی گەرووەکە لەو مینە دەریاییانەی کە پێشتر داینابوون.

 * لە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی دەریاوانیدا، ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ناوچە کەناراوەکانی ئێران هەڵدەگرێت و ڕێگەی پێدەدات بە شێوەیەکی کاتی و ئازادانە نەوتەکەی بفرۆشێت.
 
*سەرەڕای ئاسانکارییە نەوتییەکان، تەواوی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و ئازاد ناکرێن، تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی جێبەجێ دەکرێت.
 * ئێران لە ڕێگەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنەوە بە فەرمی پەیمان دەدات کە هەرگیز هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەدات. هەروەها دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە بۆ ڕاگرتنی پێتاندنی ئۆرانیۆم و نەهێشتنی کۆگا ڕێژەییە پێشتر پێتێنراوەکانی.

چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوە کاتییە، تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ نیازباکی هەردوولا بەرەو داڕشتنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی کە کۆتایی بە گرژییەکانی چەند ساڵەی نێوان واشنتۆن و تاران بهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو