مەسرور بارزانی: ئاگاداری چەکەکانی ئەمریکا نین و پێکهێنانی حکومەتیش بەستراوەتەوە بە ویستی لایەنەکانەوە
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە وەک حکومەت هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو چەکانە نییە کە باس لە ڕادەستکردنیان دەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە بە هێزێکی کوردی، هاوکات پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش دەبەستێتەوە بە ڕادەی پابەندبوونی لایەنە براوەکان بە دەنگی هاووڵاتیانەوە.
"پێویستە پرسیارەکە لە ئەمریکا بکرێت"
ئەم لێدوانانەی مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق هات، کاتێک لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دۆسیەی پڕچەککردنی هێزێکی کوردی لەلایەن واشنتۆنەوە ڕایگەیاند: پێویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی حکومەتی ئەمریکا بکرێت؛ چونکە ئەگەر ئەمریکا چەکی ڕادەست کردبێت، خۆی باشتر دەزانێت ڕادەستی کێی کردووە."
سەرۆکی حکومەت جەختی لە ناڕوونیی دۆسیەکە کردەوە و وتی: "من بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕایدەگەیەنم کە ئێمە ئاگاداری بابەتێکی لەو شێوەیە نین، بۆیە پێویستە ئەو لایەنە ئەمریکییەی چەکەکەی ڕادەستکردووە، خۆی ڕاستییەکان ئاشکرا بکات."
چارەنووسی کابینەی نوێی حکومەت
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە خواستی ئەوان بۆ پەلەکردنە لەم پرۆسەیەدا، بەڵام گرێکوێرەی بابەتەکە لە لایەنەکانی دیکەدایە.
بارزانی لەو بارەیەوە وتی: "ویستی ئێمە ئەوەیە کابینەی نوێ بە زووترین کات پێکبهێنرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە دەمێنێتەوە سەر ویست و ئامادەیی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردندا دەنگیان هێناوە، کە تا چەند پابەندی ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک دەبن بۆ پێکهێنانی حکومەت."