پێشهاتە نوێیەکانی تورکیا؛ پەکخستنی دیموکراسی یان سەروەریی یاسا؟

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ

پێشهاتە نوێیەکانی تورکیا؛ پەکخستنی دیموکراسی یان سەروەریی یاسا؟

پەنجەرە

رۆژی یەکشەممە، بەسەدان پۆلیسی دژە ئاژاوەی تورکیا، بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەرەکیی پارتی گەلی کۆماری (CHP)ی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنقەرەی پایتەخت. ئەم هێرشە دوای دەرچوونی بڕیارێکی دادوەری هات بە مەبەستی "دوورخستنەوەی سەرکردایەتییە هەڵبژێردراوەکەی" ئەو حزبە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (AFP)، ئەندامانی حزبەکە بەربەستیان لەبەردەم دەروازەکانی باڵەخانەکەدا دروستکربوو، ئەمەش وەک تەحەدا دژی بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگا کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیدا دژی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەرچووبوو.

"لێدانێکی کوشندە لە سەروەریی یاسا"

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ (HRW) ڕۆژی شەممە هۆشداری دابوو لەوەی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ڕێگەی گرتنەبەری "ڕێوشوێنی سەرکوتکارانە" دژی جەهەپە، دیموکراسیی تورکیا پەکدەخات. 
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەم بڕیارە دادوەرییە "نوێترین لێدانی توند و کوشندەیە لە سەروەریی یاسا، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ."
بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگا، سەرکەوتنی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی ئێستای حزبی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2023دا هەڵوەشاندەوە و کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆ، سەرۆکی پێشووی حزبی وەک سەرۆکی کاتیی جەهەپە دەستنیشان کرد.

هەرچەندە ئۆزێل ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندبوو "ئێمە ئێرە جێناهێڵین"، بەڵام هێزەکانی پۆلیس بە زەبری هێز دەریانکرد. 
ئۆزێل لە کاتی چوونە دەرەوەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "له‌مه‌ودوا پارتی گەلی کۆماری لە شەقام و مەیدانەکاندا دەبێت."

“بارەگای حزبیان تاڵان کرد و ئێمەیان دەرپەڕاند"

ئۆزێل ئێوارەی یەکشەممە ڕایگەیاند: "هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکەمان، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، بە دار لێیانداین، باڵەخانەکەیان تاڵان کرد و ئێمەیان دەرپەڕاند."

ئۆزێل پێیوابوو کە ئەردۆغان "هاوسەنگیی دەروونیی خۆی لەدەستداوە" و جەختیکردەوە کە ئەم هێرشە بەشێکە لە مانۆڕەکانی سەرۆک کۆمار بۆ "بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو" کە بڕیارە لە ساڵی 2028دا ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی جەهەپە بە ئاژانسی فەرەنسای ڕاگەیاند: "سەرۆک کۆمار وەکچۆن ئەو بەربژێرە سەرۆکایەتییەی کە توانای شکستپێهێنانی هەبوو زیندانی کرد، ئێستاش بە فەرمی ئەو پارتە سیاسییەی داخست کە دەیتوانی لێی بباتەوە." 

ئۆزێل وتیشی: "تورکیا لە کۆمارێکی دیموکراسیی مۆدێرنەوە بووەتە ڕژێمێکی تاکڕەو و دکتاتۆریی."

دوای دەرکردنی لە باڵەخانەی حزبەکە، ئۆزێل لەژێر باراندا و لەناو گەمارۆی لایەنگرانیدا، چەند کیلۆمەترێک بە پێ بەرەو بینای پەرلەمان بەڕێکەوت.

پاشخانی ڕووداوەکان

ساڵی ڕابردووش ڕووداوێکی هاوشێوە لە ئەستەنبوڵ ڕوویدا، کاتێک دادگاکان سەرپەرشتیارێکی کارگێڕییان بۆ گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی نووسینگەکانی جەهەپە لەو شارەدا دەستنیشان کرد، کە بە پایتەختی ئابووریی تورکیا دادەنرێت.

زیاتر لە ساڵێکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ کە سەر بە جەهەپەیە، بە تۆمەتی گەندەڵی لە زینداندایە و خۆشی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە. ئیمامئۆغڵو وەک دیارترین ڕکابەری ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 سەیر دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو