سێبەری کۆچبەران بەسەر هەرێمەوە؛ چۆن ئێران سنوورەکانی بۆ کۆچبەرانی ئەفغانی واڵا دەکات؟

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

سێبەری کۆچبەران بەسەر هەرێمەوە؛ چۆن ئێران سنوورەکانی بۆ کۆچبەرانی ئەفغانی واڵا دەکات؟

پەنجەرە

بەلێشاو هاوڵاتی ئەفغانی و پاکستانی هەوڵدەدەن لەرێگەی سنورەکانەوە و بەقاچاخ لەئێرانەوە بە ئاراستەی عێراق بپەڕنەوە، بەشێک لەو کۆچبەرانە بۆ هاتنە نێو خاکی عێراق سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنن.

پەڕینەوەی هاوڵاتییانی ئەفغانی و پاکستانی لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەکاتێکدایە، ئێران بەهۆی شەڕەوە سنورەکانی توندوتۆڵکردووە، بەڵام هیچ لەمپەرێک لەبەردەم هاتنی کۆچبەراندا بۆ عێراق دروست ناکات ئەمەش گومانی گەورەی دروستکردووە.

پلانی ئێران

بەپێی ئامارەکان، ئێران لە چەند قۆناغێکی جیا جیادا میوانداریی نزیکەی 6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی کردووە کردووە. بەڵام بەپێی 
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، یەک ملیۆن پەنابەر کە پێشتر لەبەر هەژاری یان دەسەڵاتی تاڵیبان هەڵاتبوون، لەلایەن ئێرانەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەفغانستان.

بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوەکە، پرۆسەی دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەفغانییەکان دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵکشاوە؛ بە جۆرێک لە کۆتایی ئەو شەڕەوە تا مانگی ١٠ ی ساڵی رابردوو، نزیکەی ٥٠٠ هەزار  ئەفغانی ڕەوانەی ئەودیو سنوورەکان کراونەتەوە. 

هەرچەندە بەرپرسانی ئێرانی ئاماری جیاواز لەسەر ژمارەی ئەفغانییەکان دەخەنە ڕوو، بەڵام مەزندە دەکرێت لانی کەم دوو ملیۆن کەسیان بە شێوەی نایاسایی لەو وڵاتەدا بژین. 
هاوکات کۆتایی ساڵی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینیکرد ژمارەی ئەو ئەفغانییانەی لەئێران دەردەکرێن بگاتە چەند ملیۆن کەسێک.

وەزیری ناوخۆی حکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان داکۆکی لە پرۆسەی دەرکردنی پەنابەران کردووە و بە شێوازێکی ئابووریی پاساوی بۆ هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەفغانییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر نان بەکار دەهێنن.

لە تەممووزی ٢٠٢٥دا، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دابوو لە پرۆسەی ناچارکردن و گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەرانی  ئەفغانی لە ئێران و پاکستانەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو هەنگاوانەیان کردبوو.

ئەفغانییەکان؛ لەئێرانەوە بۆ عێراق

لەکاتێکدا ئێران ئەفغانییەکان لە وڵاتەکەی دەردەکات، بەڵام دەرگای سنورەکانی بەڕوودا واڵاکردوون بۆ ئەوەی روو لەعێراق بکەن.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، دیاردەی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکان لەلایەن کۆچبەرانی ئاسیای ناوەڕاستەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەفغانی و پاکستانی لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە لە ئێرانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان، دەستگیر دەکرێن.

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد کە تەنیا لە ماوەی دوو شەودا، هێزەکانی پاسەوانی سنوور توانیویانە ١٠٥ هاووڵاتیی ئەفغانی و پاکستانی لەسەر هێڵی سنووری دەستگیر بکەن کە بە شێوازی قاچاخ هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمەوە.

سەبارەت بە پاساوی هاتنی ئەو کۆچبەرانە، سەرچاوەکە وتی: ئەو هاووڵاتییە ئەفغانی و پاکستانیانە کە زۆربەیان لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەن، لەژێر پەردەی سەردانیکردنی مەزارگە ئاینییەکان و بەناوی زیارەتەوە دێنە ناوچەکە، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی سەرەکییان دۆزینەوەی هەلی کارە و پرسی زیارەتکردن تەنیا وەک بیانوو بەکاردێنن.

هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانیان لە شاخی سورێن دەستگیرکرد، کە هەوڵیاندابوو لە ئێرانەوە و بەقاچاخ بێنە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی راگەیاند: دەستگیرکراوە ئەفغانییەکان رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم کراون.

وتیشی: ئەو هێزەی بە ئاراستەی گوڵەخانە رۆیشتووە بۆ ئەم مەبەستە بووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو