هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتن و تاران؛ بۆچی ترەمپ پاشەکشەی کرد؟
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرەڕای بوونی هەوڵێکی چڕی نێودەوڵەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ئاماژەکان بەرەو ئاڵۆزبوونەوەی دۆخەکە دەچن. د. نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی،ڕایگەیاند کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، بە نێوەنگیریی پاکستان و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی، هەوڵێکی جدی دراوە بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ.
بەپێی وتەی ئەم شرۆڤەکارە، بڕیار بوو ڕێککەوتنەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ بکرێت:
قۆناغی یەکەم (٦٠ ڕۆژ): رێککەوتنێکی کاتی بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ.
قۆناغی دووەم: دەستپێکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
د. نەوزاد ئاماژەی بەوە کرد کە تا دوێنێ لایەنەکان لەسەر زۆربەی خاڵەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن و بڕیار بوو ڕایبگەیەنن، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی چەند تویتێکەوە بە ئاشکرا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنەکە کردبوو.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە چی بوون؟
بەپێی وتەی د. نەوزاد هیتوتی، ئەو خاڵانەی ڕەزامەندی سەرەتاییان لەسەر درابوو ئەمانە بوون:
١- درێژکردنەوەی ئاگربەست: ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ.
٢- کۆنترۆڵی دەریاوانی: دووبارە کردنەوەی گەرووی هورموز بەبێ سەپاندنی باج.
٣- کەمکردنەوەی گەمارۆکان: هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ناوچە کەناراوەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە و ڕێگەدان بە فرۆشتنی کاتیی نەوتی ئێران .
٤- شایستە داراییەکان: ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار دەبوو.
٥- بەڵێنە ئەتۆمییەکان: پابەندبوونی ئێران بەهەوڵنەدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگرتنی پێتاندنی ئۆرانیۆم و نەهێشتنی کۆگا زۆرەکانی.
٦-مانەوەی هێزەکان: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا، کشانەوەیان تەنها بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
٧- فراوانخوازی ئاگربەستەکە: هێورکردنەوەکە لوبنانیش دەگرێتەوە و دەبێت ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵا ڕابگرێت.
گۆڕانی کتوپڕ؛ ترەمپ پاشەکشە دەکات
سەرەڕای گەشبینییەکان، دۆخەکە بە خێرایی گۆڕا. د. نەوزاد هیتوتی ڕوونیکردەوە کە لە ئێستادا ئاماژەی ڕوون هەن بۆ پاشەکشەکردنی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە. ترەمپ لە ٢٤ی ئایاردا ڕایگەیاند کە داوای لە ڕاوێژکارەکانی کردووە پەلە نەکەن لە واژوکردنی ڕێککەوتنەکە، چونکە "کات لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە".
دواتر ناوبراو وێنەی فڕۆکەیەکی جەنگی بڵاوکردەوە کە مووشەکی هەڵگرتبوو، وەک پەیامێکی ڕوونی هێز بۆ سەر تاران.
هاوکات، ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنی سەرەتایی هەبووە، بەڵام پاشەکشەکردنی ترەمپ لە هەندێک بڕگە، ئەگەری دواخستنی ڕێککەوتنەکەی تهواو زیاد کردووە.
ئەو خاڵانەی ترەمپ پاشەکشەی لێکردوون:
* پرسی دارایی: کەمکردنەوەی بڕی پارە ئازادکراوەکانی ئێران لە ١٢ ملیارەوە بۆ نێوان ٦ تا ١٢ ملیار دۆلار.
*بەرەکانی شەڕ: ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان بەتایبەت لە لوبنان.
* دۆسیەی ئەتۆمی: ترەمپ دەیەوێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگەیەنێتە "سفر" و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە، ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە.
هۆکارەکانی دوودڵی و پاشەکشەکەی ترەمپ چیین؟
د. نەوزاد هیتوتی چوار هۆکاری سەرەکی پشت دوودڵییەکەی ترەمپ دیاری دەکات:
یەکەم: ترس لە ڕەخنەی ناوخۆیی؛ ترەمپ نایەوێت ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات کە هاوشێوەی ڕێککەوتنەکەی ئۆباما (ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥) بێت و وەک شکست لەقەڵەم بدرێت؛ ئەو دەیەوێت دەستکەوتێکی گەورە نیشانی جەماوەرەکەی بدات کە لەم ڕێککەوتنە کاتییەدا بەدی نەدەکرا.
دووەم: فشاری توندی پارتی کۆماری؛ دوای ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا (بەتایبەت ئەکسیۆس) ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەیان بڵاوکردەوە، کۆنگرێسمانە دیارەکانی کۆمارییەکان وەک (تێد کرۆز و لیندسی گراهام) هێرشی توندیان کردە سەر ڕێککەوتنەکە و بە "سەرکەوتنی ئێران و مەترسی بۆ سەر واشنتۆن" ناویان برد.
سێیەم: خەسڵەتی ناجێگیری ترەمپ؛ ترەمپ بەوە ناسراوە کە خاوەن سیاسەتێکی جێگیر نییە و لە هەر چرکەیەکدا دەتوانێت بڕیار و پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان مامەڵە بکات.
چوارەم: ڕۆڵی ئیسرائیل؛ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووە. ئیسرائیل بە توندی دژی هەر ڕێککەوتنێکە کە دەرفەت بداتە ئێران بۆ خۆڕێکخستنەوە یان دەستکەوتنی دارایی و پەرەپێدانی توانای ئەتۆمی.
تاوەکو ئێستا، بەهۆی ئەم پاشەکشە و مەرجە نوێیانەوە، لایەنەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی و چارەنووسی ڕێککەوتنەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە.