لە زیندانەکانی دیمەشقەوە بۆ سنورەکانی عێراق؛ شیعەی عێراق ترسی لە پیلانی نوێ هەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی

٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ

لە زیندانەکانی دیمەشقەوە بۆ سنورەکانی عێراق؛ شیعەی عێراق ترسی لە پیلانی نوێ هەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی

پەنجەرە

میدیای نزیک لە هێزە شیعەکان، جارێکیتر مەترسی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارهێنانی گروپە چەکدارەکانی سوریا دژی دەسەڵاتی شیعە لەعێراق دەوروژێننەوە.

بەپێی ئەو میدیایانە،پڕۆژەی بەئامانجگرتنی پێکهاتەی شیعە لە دیمەشقەوە دەست پێدەکات، لەرێگەی خۆشکردنی ئاگری فیتنە و ئەگەر بەپەلە ڕێگری لێ نەکرێت، لێکەوتە خوێناوییەکانی دەگەنە ناوخۆی عێراق.

هۆشدارییەکان

حوسێن مەردان، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، هۆشداریدا لە "لێکەوتەی چالاکی گروپە توندڕەوەکانی سوریا لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق" و ڕایگەیاند: “هەوڵێکی ڕوون هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەم دۆسیە هەستیارە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژە هەرێمییە مەترسیدارەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.

مەردان ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی ئەمنی سوریا بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، بەو پێیەی هەندێک هێزی نێودەوڵەتی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ لێدان لە قووڵایی ستراتیژیی ناوچەکە بەکاردەهێنن. 
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "قۆناغی ئێستا یەکجار هەستیارە و پێویستی بە هوشیارییەکی تەواو هەیە". 
هاوکات داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کرد کە “دۆسیەی ئەمنی بخاتە سەرووی کارە لەپێشینەکان و هەوڵە هەواڵگرییەکان لەسەر سنوورە هاوبەشەکان چالاک بکات، بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی ئەم دۆسیەیە و ڕاگرتنی هەر لێکەوتەیەکی ئەمنی بەرەو ناوخۆی خاکی عێراق”.

ئەم نیگەرانییانە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکانی پێشووەوە سەرچاوە دەگرن، لەوانەش هۆشدارییەکانی "ڕۆژنامەی ئەلحوڕە" سەبارەت بە گەشەکردنی چالاکیی شانە تیرۆریستییەکان لە سوریا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی هاوسنوورن لەگەڵ عێراق، ئەمەش فشارێکی ئەمنی بەردەوام دروست دەکات کە پێویستی بە پاراستنی تەواوەتیی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان هەیە.

ترس لە پریشکی ئاگرەکە

میدیای نزیک لە لایەنە شیعەکان دەڵێن، لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنها لە لایەنی سەربازیی نزیک لە سنوورەکاندا نەوەستاونەتەوە، بەڵکو لەسەر زەوی ڕەنگدانەوەیان هەبووە لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی سیستماتیک و ترسناکی پێکهاتە ئایینییەکان.

ئەو میدیایانە ناس لەوە دەکەن، ئەم دۆخەی سوریا دیوێکی تری ئەو پلانەیە کە هەوڵدەدرێت لە دەروازەی تائیفییەوە هەناردەی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەی بکەن.

لەم بارەیەوە، مەحموود ئەلمەوالدی، ڕێکخەری گشتیی پارتی ڕزگاریی نیشتمانی لە سووریا، وتویەتی: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە جۆلانی پێشێلکاریی و تاوانی قێزەونیان دژ بە شێخ و کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەی شیعە لەناو زیندانەکانی سوریا ئەنجامداوە.

ئەلمەوالدی روونیکردەوە کە”چەتەکانی جۆلانی شێوازی دڕندانە و دژەمرۆیی پەیڕەو دەکەن، کە ئامانجی ڕوونیان بەئامانجگرتنی سیمبولە ئایینییەکانی پێکهاتەی شیعە و ئەشکەنجەدانیانە لەناو زیندانەکانی دیمەشق کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە، ئەمەش هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ نانەوەی فیتنەی تائیفی و تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سووریا”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم ڕەفتارانە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی خوێناوی ئەو گرووپە توندڕەوانەیە بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان، ئەمەش پێویستی بە جووڵەیەکی بەپەلەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی هەیە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتی دیفاکتۆ بە مەبەستی ڕزگارکردنی ژیانی دەستبەسەرکراوان و ڕاگرتنی ئەم تاوانە سیستماتیکانەی کە بەدوور لە چاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.

ئامادەکاریی 

میدیای نزیک لە لایەنە شیعەکان دەڵێت، ئەشکەنجەدانی کەسایەتییە شیعەکان و زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان لەسەر سنوور، تەنها یەک ڕاستی دەسەلمێنن؛ ئەویش ئەوەیە کە ئاسایشی عێراق ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەم پشێوییەیە کە لەسەر ئاستی هەرێمی دروست کراوە.

دەشڵێن، لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، داواکاریی و هۆشدارییەکان بۆ حکومەت و سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی زیاتر دەبن بۆ ڕاگەیاندنی بەرزترین ئاستی ئامادەباشی و چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان، چونکە لێدان لە تاوانەکانی تیرۆر لە ناوخۆی سوریا و قایمکردنی هێڵی سنووری، یەکەمین و تاکە دیواری بەرگرییە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی پریشکی فیتنە و وێرانکاری بۆ ناو خاکی عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو