ئایا "ئەسیکۆدا" کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی دەکاتەوە؟
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەنگاوێکی نوێ بەرەو بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگ؛ سەرجەم کاڵاکانی ئیبراهیم خەلیل دەخرێنە ناو سیستمی "ئەسیکۆدا"
پەنجەرە
حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ یەکخستن و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، بڕیارێکی نوێی تایبەت بە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل سەر بە پارێزگای دهۆک دەردەکات.
بەپێی بڕیارەکە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان لەو دەروازەیەوە دەخرێنە ژێر رکێفی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا"وە.
فراوانکردنی بازنەی هاوردەکردن لە ئیبراهیم خەلیل
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن عەلی لامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، ڕەزامەندی دراوە کە لە پڕۆسەیەکی گشتگیردا لە یەکی مانگی شەشی داهاتووەوە، ڕێگە بە هاوردەکردنی سەرجەم کاڵا و شتومەکەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بدرێت لە ڕێگەی سیستمی "ئەسیکۆدا" و بە پشتبەستن بە کۆدی (05)ی گومرگی پێشوەختە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر کارکردن بەم سیستمە و گومرگی پێشوەختە لەو دەروازەیەدا، تەنها بۆ هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستییە خۆراکییەکان سنووردار بوو.
پێشتر میدیای پەنجەرە لەزاری سەرچاوەیەکەوو ئاشکرای کردبوو ، کە بەغدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کردووەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە دەروازەکاندا تا رۆژی یەکی مانگی مانگی شەش.
سەرەڕای ئەم هەنگاوە ڕێکخستنکارییە، بەڵام دۆسیەی دارایی دەروازەکان هێشتا بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی هێشتا بەغدا و هەولێر نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و یەکجاری لەبارەی یەکخستنی پێناسی گومرگی، پڕۆسەی وەرگرتنی ڕسوومات بە جۆرێکی تر بەڕێوەدەچێت؛ ئەو کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە دێنە ژوورەوە، بەگوێرەی پێناسی گومرگی هەرێمی کوردستان باجیان لێ وەردەگیرێت، کە ئەمەش جیاوازە لەو پێناسە و ڕێژەیەی حکومەتی فیدراڵی لە باشوور و ناوەڕاستی وڵات جێبەجێی دەکات.
نەخشەی دابەشبوونی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکانی عێراقدا
سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی گومرگی ئەلیکترۆنیی جیهانییە کە بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان بە فەرمانگە دارایی و چاودێرییە ناوەندییەکانەوە بەکاردێت.
بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، پرۆسەی چوونە ناو ئەم سیستمە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، تائێستا ٢٣ دەروازەی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی لە عێراق بەستراونەتەوە بەم سیستمەوە.
نزیکەی ٢٥٪ ی ئەو دەروازانەی چوونەتە نێو سیستمەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندان کە دەکاتە 6 دەروازەی سنووریی.
٣ دەروازە لەگەڵ سوریا و لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی سعودیە، کوێت و ئوردنیش یەکی یەک دەروازە چوونەتە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە.
ئامانج لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا بنەبڕکردنی گەندەڵی، ڕێگریکردن لە قاچاخی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی وڵاتە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی توندتری دەروازە سنوورییەکانەوە.