جەنگی درۆنەکان؛ دەیڤد پیترایۆس کۆتایی سەردەمی تانک و زرێپۆشەکان ڕادەگەیەنێت
٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جەنەڕاڵی خانەنیشینکراوی ئەمریکی و بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی (CIA)، دەیڤد پیترایۆس، هۆشداری دەداتە وڵاتەکەی و داوا لە سوپای ئەمریکا دەکات "گۆڕانکاریی ڕیشەیی و دامەزراوەیی" لە ستراتیژی خۆیدا بکات. پیترایۆس جەخت دەکاتەوە کە داهاتووی ململانێ سەربازییەکان لە جیهاندا تەنها لەژێر کۆنتڕۆڵی تەکنەلۆجیای درۆنە هێرشبەرەکاندا دەبێت.
پیترایۆس کە خاوەنی ۳۷ ساڵ خزمەتی سەربازییە لە سوپای ئەمریکادا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ" ڕایگەیاند: "ئێمە بە ئەندازەی پێویست وانەمان لە شەڕی ئۆکرانیا وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا ئەم جەنگە وێنای ڕاستەقینەی داهاتووی ململانێکانمان پیشان دەدات."
گۆڕانکاری لە چەمکی جەنگدا: تانکەکان بێدەسەڵاتن
ئەو جەنەڕاڵە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکێشەکانی مەیدانی جەنگ بە تەواوی گۆڕاون. لە ئێستادا ئۆکرانیا ڕۆژانە نزیکەی ۱۰ هەزار درۆن بەکاردەهێنێت، و بەهۆیانەوە ٩٠٪ی قوربانیانی ڕووسیا لەو ڕێگەیەوە دەبن.
پیترایۆس دەڵێت: "چیتر تانک و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان ناتوانن لە مەیدانەکەدا بپارێزرێن یان تەراتێن بکەن. درۆنەکان 'ناوچەی مەرگ'یان دروستکردووە کە بە قوڵایی ۳۰ کیلۆمەتر لە هەردوو بەرەی جەنگەکەوە درێژ دەبێتەوە. تەنانەت چەمکی 'بەرەی پێشەوەی جەنگ'یش مانای نەماوە، چونکە درۆنەکان دەتوانن بچنە ناو قووڵایی خەندەقەکانەوە."
پیترایۆس پێشبینی دەکات لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا جیهان شاهیدی بازدانێکی گەورەتر بێت، ئەویش تێپەڕاندنی ئەو درۆنانەیە کە لە دوورەوە لەلایەن مرۆڤەوە ئاراستە دەکرێن، بۆ جێگیرکردنی سیستمی درۆنی تەواو سەربەخۆ (Autonomous).
ئەو هۆشداریشی دا کە لە داهاتوودا سوپاکان ڕووبەڕووی لێشاوی بەکۆمەڵی درۆنی هێرشبەر دەبنەوە کە لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ بەرپەرچدانەوەیان لەبەردەستدا نییە.
بازاڕی درۆن لە ئۆکرانیا؛ ئامارەکان لە هەڵکشاندان
لە دوای هێرشی زەمینی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ۲۰۲۲، کیێڤ پەرەپێدانی پیشەسازی درۆنی کردووەتە لە پێشینەی کارەکانی:
ساڵی ۲٠٢: بەرهەمهێنانی نزیکەی ۸۰۰ هەزار درۆن.
ساڵی ۲۰٢٤: بەرزبوونەوەی ڕێژەکە بۆ ۲ ملیۆن و ۲۰۰ هەزار درۆن.
ساڵی ۲۰٢٥: گەیشتن بە نزیکەی چوار ملیۆن درۆن.
پلانی ئەمساڵ (۲۰٢٦): حکومەتی ئۆکرانیا بەنیازی بەرزکردنەوەی ژمارەکەیە بۆ ۷ ملیۆن درۆن، ئەمەش دەرفەتی پێدەدات ڕۆژانە ۲۰ هەزار درۆنی هێرشبەر ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ بکات.
بە وتەی پیترایۆس، ئەم هێزە درۆنییە گورزێکی کەمەرشکێنی لە سوپای ڕووسیا داوە و ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا ڤلادیمێر پوتین ناچار بکات بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بدات.
داواکاری بۆ شۆڕشێکی ڕیشەیی لە سوپای ئەمریکادا
پیترایۆس پێیوایە ئەزموونی ئۆکرانیا و جەنگی دژ بە درۆنەکانی "شاهێد"ی ئێرانی، دەبێت ببێتە هاندەرێک بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سوپای ئەمریکادا، لەوانە:
١- گۆڕینی بیرۆکەی ئۆپەراسیۆنەکان: پەرەپێدانی سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هاوشێوەی مۆدێلی ئۆکرانیا.
٢- چاکسازی لە مەشق و ڕاهێنان: گۆڕینی شێوازی ڕاهێنانی فەرماندە و سەرکردە سەربازییەکان.
٣- سیستمی کڕین و بازرگانی سەربازی: نەهێشتنی بیرۆکراسی بە جۆرێک کە سوپا بتوانێت لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا سۆفتوێر و پارچەکانی درۆن بگۆڕێت و نوێیان بکاتەوە.
هاوپەیمانییە نوێیەکان و گواستنەوەی ئەزموون بۆ کەنداو
پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای دژە درۆن لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنە ئێرانییەکان (کە ڕووسیا بە بەهای ۲ بۆ ٤ ملیار دۆلار لە تارانی کڕیوە)، وایکردووە کیێڤ ئەزموونی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی تر. ئۆکرانیا چەندین جار پسپۆڕانی سەربازیی خۆی ناردووەتە وڵاتانی کەنداو بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگرییان دژ بە درۆنی شاهێد.
لە نوێترین پێشهاتیشدا، ماڵپەڕی هەواڵیی "سێمافۆر" ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیایەکی سەربازیی سعوودی بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ئەمریکی، سەرقاڵی دامەزراندنی کارگەیەکن لە شاری ڕیاز بە مەبەستی بەرهەمهێنانی درۆنی هێرشبەر کە هاوشێوەی مۆدێلی درۆنە ئێرانییەکان کاردەکات.