گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا؛ چۆن کوژرانی فەرماندە باڵاکان پێگەی "وەحیدی، تائیب و نەجات"ی بەهێز کرد؟

٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٢٨ پاش نیوەڕۆ

گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا؛ چۆن کوژرانی فەرماندە باڵاکان پێگەی "وەحیدی، تائیب و نەجات"ی بەهێز کرد؟

پەنجەرە

ڕووبەڕوبوونەوە سەربازییە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان ئیسرائیل،  ئەمریکا و ئێران لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦دا، بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی ریزی یەکەم و دووەمی سوپای پاسداران، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و تۆڕی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی. 
شیکەرەوان و سەرچاوە ئاگادارەکان پێیانوایە ئەم لێدانە بەربڵاوە تەنیا گورزێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوخۆیی ڕژێمەکەدا دروست کردووە؛ بە شێوەیەک کە کەسایەتییە ئەمنی و سەربازییە دوورخراوەکان گەڕاونەتەوە بۆ لوتکەی بڕیاردان و فەرماندە پلە نزمەکانیش بۆ پۆستە باڵاکان بەرزکراونەتەوە.

جەنگی ١٢ ڕۆژە؛ لێدان لە لوتکەی هەرەمی سەربازیی

جەنگی ١٢ ڕۆژە خاڵی دەستپێکی ئەم گۆڕانکارییە بوو. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشەکاندا لوتکەی هەرەمی فەرماندەیی سەربازیی ئێرانی کردە ئامانج. لە نێو کوژراوەکاندا ناوی ناسراو هەن، وەک:
 حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان. غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای "خاتم الأنبياء". عەلی شادمانی، جێگری غوڵامعەلی ڕەشید لە هەمان بارەگا. ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی موشەکیی سوپای پاسداران. محەمەد کازمي، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران.

ئەم لیستە زیاتر لە ٣٥ فەرماندەی سەربازیی باڵا لەخۆدەگرێت کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا کوژران. جگە لەوان، لە هێرشە جیاوازەکانی ئیسرائیلدا چەندین کەسایەتی دیکەش کوژران، لەوانە: موحسین باقری جێگری هەواڵگریی پاسداران، محەمەد جەعفەر ئەسعەدی جێگری پشکنەری گشتیی بارەگای خاتم الأنبياء، داود شێخیان فەرماندەی دیاری هێزی ئاسمانی پاسداران، محەمەد باقر تاهیرپوور (فەرماندەی یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، مەسعوود شنائی بەرپرسی باڵا لە فەرماندەیی گشتیی پاسداران، محەمەد تقی یوسفوەند فەرماندەی یەکەی پاراستنی زانیاریی لە ڕێکخراوی بەسیج، بێهنام شەهریاری فەرماندەی یەکەی گواستنەوەی چەک لە فەیلەقی قودس و حەسەن موحەقیق، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی سوپای پاسداران.

گرنگیی ئەم کەسانە تەنیا لە پۆستە فەرمییەکانیاندا نەبوو؛ بۆ نموونە حسێن سەلامی توانیبووی سوپای پاسداران بکاتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا و وتەبێژی ئایدۆلۆژیی پرۆژە هەرێمییەکانی دەسەڵات بوو. محەمەد باقریش وەک ئەڵقەی پەیوەندی نێوان سوپا، پاسداران و نووسینگەی ڕێبەر سەیر دەکرا، لە کاتێکدا غوڵامعەلی ڕەشید عەقڵی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی ئێران بوو.

جەنگی ٤٠ ڕۆژە و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی

شەپۆلی دووەمی هێرشی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە ماوەی جەنگی ٤٠ ڕۆژەدا، فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کردە ئامانج. لە نێو بەئامانج گیراوەکاندا ئەمانە هەبوون: ماجید خادمی، سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی پاسداران. غوڵام ڕەزاییان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی پۆلیس. محەمەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی هێزی زەمینیی پاسداران، کە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا شوێنی سەلامی گرتبووەوە. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵا. غوڵامڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیج. محەمەد شیرازی، سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی لە نووسینگەی ڕێبەر. عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران. ساڵح ئەسعەدی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی بارەگای خاتم الأنبياء. عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

ئەم بەئامانج گرتنە بەکۆمەڵە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی فەرماندەییدا دروست کرد و کەسایەتی نوێی وەک ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعات، عەبدولڕەحیم مووسەوی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی هێنایە پێشەوە. 

بەپێی شیکەرەوان، ئەم دۆخە بۆشاییەکی ئەمنی-سەربازیی بێوێنەی لە وڵاتدا دروست کرد کە دەبوو بە خێرایی پڕ بکرێتەوە.

گەڕانەوەی وەحیدی: لە پەراوێزەوە بۆ لوتکەی بڕیاردان

ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و وەزیری ناوخۆی پێشوو لە حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکێکە لە دیارترین ئەو کەسانەی دوای لادانی فەرماندە باڵاکان گەڕایەوە بۆ ناوەندی دەسەڵات. دەوترێت ئێستا ئەو سەرپەرشتی گرنگترین کاروباری سەربازیی، ئەمنی و سیاسیی دەسەڵات دەکات، بەتایبەت دوای کوشتنی عەلی لاریجانی.

وەحیدی یەکێک بوو لە فەرماندە هەرە گرنگەکانی پاسداران لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێکهاتەی دەرەکیی پاسداران دادەنرێت. ناوی ئەو بۆ ساڵانێکی زۆر لە دۆسیەی تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئەرژەنتیندا هەبوو و پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆل فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوو.
بەڵام لەگەڵ هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ فەرماندەیی فەیلەقی قودس، هێزی وەحیدی کەمبووەوە و لە فەرماندەیی باڵای سەربازی دوورکەوتەوە و ڕووی لە پۆستە جێبەجێکاریی و ئەمنییە ناوخۆییەکان کرد، لەوانە وەزارەتی بەرگریی لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد و وەزارەتی ناوخۆ لە سەردەمی ڕەئیسی، کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢.

کوژرانی فەرماندە باڵاکان لە جەنگەکانی ئەم دواییەدا، وەحیدی گەڕاندەوە بۆ چەقی دەسەڵات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی پاسداران دوای هێرشەکانی ئیسرائیل. شیکەرەوان دەڵێن گەیشتنی وەحیدی بە دەسەڵات تەنیا لەبەر دۆخی فەرماندەیی پاسداران نییە، بەڵکو ئەو لایەنێکی سێگۆشەیەکە کە سوپای پاسدارانی گەیاندووەتە لوتکە و بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بڕیاردان لە دەستی لایەنە سیاسییەکان سەنراونەتەوە و خراونەتە دەست ئەو و بازنەی فەرماندەیی خاتم الأنبياء.

تائیب و نەجات: دوو دەموچاوی ئەمنی لە لوتکەی دەسەڵاتدا

حسێن تائیب یەکێکی ترە لەو کەسانەی دوای بارگرژییەکانی ئەم دواییە گەڕایەوە بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان. ئەو کەسایەتییەکی نزیکە لە موجتەبا خامنەیی و یەکێک بوو لە بەهێزترین پیاوانی ئەمنیی ڕژێم لە ڕابردوودا. 
بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ موجتەبا، ڕێکخراوی هەواڵگریی پاسداران لە سەردەمی ئەودا بووە گرنگترین دەزگای ئەمنی ناوخۆیی و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩. بەڵام بەهۆی شکستە هەواڵگرییە یەک لەدوای یەکەکانی پاسداران، وەک تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکان و دزەکردنی بەربڵاوی ئیسرائیل، تائیب لە پۆستەکەی لادرا. ئێستا شیکەرەوان پێیانوایە ئەو قۆڵی شاراوەی موجتەبا خامنەیییە بۆ داڕشتنەوەی سیستمی ئەمنی نوێ.

لایەنی سێهەمی ئەم سێگۆشەیە حسێن نەجاتە؛ کەسایەتییەک کە کەمتر لە میدیاکاندا دەردەکەوێت بەڵام کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەناو پێکهاتەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدا هەیە. ئەو بۆ ساڵانێکی زۆر لە بارەگای "ثار الله" لە تاران کاریکردووە، کە گرنگترین دەزگای ئەمنی ناوخۆیی پاسدارانە بۆ پاراستنی پایتەخت و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان. 
دوای کوژرانی فەرماندە باڵاکان و جەختکردنەوەی ڕژێم لەسەر ئەمنییەتی ناوخۆ، پێگەی نەجات بەهێزتر بووە. دەوترێت بەڕێوەبردنی بنکەی خاتم الأنبياء بە کرداری ڕادەستی ئەو کراوە و بەپێی شیکەرەوان، سیاسەتە سەربازیی، هەرێمی و تەنانەت دیپلۆماسییە ئەتۆمییەکانیش بەبێ ڕەزامەندی سێگۆشەی (وەحیدی، تائیب و نەجات) مەحاڵن.

جەعفەری، مووسەوی و حیجازی: سێ کەسایەتی لە سێ ڕۆڵی جیاوازدا

جگە لە سێگۆشەی سەرەکیی دەسەڵات، سێ کەسایەتی دیکە ڕۆڵی جیاواز دەگێڕن:
١- عەزیز جەعفەری (فەرماندەی پێشووی پاسداران ٢٠٠٧-٢٠١٩): ئەو یەکێکە لە ئەندازیارانی پێکهاتەی فەرماندەیی نوێ. لە سەردەمی خۆیدا پاسدارانی لە هێزێکی سەربازیی پەتییەوە گۆڕی بۆ تۆڕێکی ئەمنی، ئابوریی و سیاسی. 
ئێستا ئەو سەرپەرشتی بارەگای کولتووری و کۆمەڵایەتی "بقیة الله" دەکات کە بووەتە قۆڵی پڕوپاگەندەی فەرماندە نوێیەکان. بەبێ ڕۆڵی جەعفەری، کۆنترۆڵکردنەوەی پێکهاتەی داڕوخاوی پاسداران دوای هێرشەکان مەحاڵ بوو.

٢- مەجید مووسەوی (فەرماندەی ئێستای هێزی ئاسمانی پاسداران): دوای کوژرانی حاجی زادە لە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکاندا، مووسەوی بە خێرایی بووە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە سەربازییەکان. 
ئەو بۆ ساڵانێکی زۆر جێگری حاجی زادە بوو و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبوو لە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکە ژێرزەمینییەکانی پاسداران. 
مێدیا فەرمییەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن وەک پاڵەوانێکی نوێ نیشانی بدەن، هەرچەندە ڕاپۆرت هەن لەسەر ناڕەزایەتی هەندێک لە ئەندامانی هێزی ئاسمانی لەدەرئەنجامەکانی لە کاتی جەنگدا.

٣- عەلی ئەسغەر حیجازی: تەمومژاوییترین کەسایەتی ئەم قۆناغەیە. دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگاکانی سەر بە نووسینگەی ڕێبەر، دەنگۆی کوژرانی بڵاوبووەوە بەڵام دواتر ڕەتکرایەوە و تا ئێستاش چارەنووسی ڕوون نییە. ئەو بۆ ماوەی سێ دەیە بەرپرسی هەماهەنگی نێوان نووسینگەی خامنەیی، دەزگای هەواڵگریی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بووە. تەنانەت تەنیا دەنگۆی لادان یان نەمانی، نیشانەی قووڵیی ئەو گورزەیە کە لە ناوەندی دەسەڵاتەکە دراوە.

بارەگای "خاتم الأنبياء" و دوورخستنەوەی سیاسییەکان

بۆ تێگەیشتن لەم دابەشکارییە نوێیە، پێویستە سەیری بارەگای "خاتم الأنبياء" بکرێت. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم بارەگایە وەک باڵی ئابوری پاسداران دەناسرا، ئێستا زۆربەی بڕیارە لۆجیستییەکان، دووبارە ئاوەدانکردنەوە، بەڕێوەبردنی ژێرخان و هەماهەنگی ئەمنیی وڵاتی پێسپێردراوە.
 تیرۆرکردنی غوڵامعەلی ڕەشید و دواتر عەلی شادمانی لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، لێدانێکی بەهێز بوو لەم پێکهاتەیە. شوێنی ئەوان بە خێرایی بە فەرماندەی پلە مام ناوەند پڕکرایەوە کە شارەزایی زیاتریان لە کاروباری ئابوریی و تۆڕە داراییەکانی پاسداران هەیە. لە کاتی جەنگی ٤٠ ڕۆژەدا، ئەم بارەگایە بە کرداری بووە ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی وڵات.

گورزەکان تەنیا لە ئاستی باڵا نەبوون، بەڵکو فەرماندەکانی ئاستی ناوخۆیی و پارێزگاکانیشی گرتەوە، وەک: موجتەبا کەرەمی، ئەکبەر عەنایەتی، موجتەبا موعینپوور لە پارێزگای ئەلبورز، و عەباس نووری لە ناوچەی باشووری ڕۆژاوا. ئەم پاکتاوکردنە بەربڵاوە دۆخێکی تەمومژاوی دروستکرد کە لە بەرژەوەندی سێگۆشەی (وەحیدی، نەجات و تائیب) کۆتایی هات.

ئەم بازنە ئەمنییە نوێیە نفووزی کەسایەتییە سیاسییەکانی وەک وەزیرەکان و محەمەد باقر قالیبافی کەمکردەوە. ئەم بابەتە دوای لادان یان نەمانی عەلی لاریجانی ڕەهەندێکی نوێی گرتەبەر؛ بەپێی ڕاپۆرتەکان لاریجانی پێشتر لەلایەن خامنەییەوە وەک کەسی بەرپرس بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی بڕیاردان لە دوای خۆی دیاری کرابوو، بەڵام نەمانی ئەو بۆشاییەکی گەورەی دروست کرد و گومان هەیە کە شوێنەکەی بە ئەنقەست ئاشکرا کرابێت. 

هەروەها دوورکەوتنەوەی عەلی شەمخانی کە ڕۆڵی لە دانوستانە هەرێمی و ئەتۆمییەکاندا هەبوو، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ سەرکوتکردنی چینی سیاسی لە بەرژەوەندی چینی سەربازی-ئەمنی.

زولقەدر؛ هێمای پاشەکشەی سیاسەت لەبەردەم سوپادا

محەمەد باقر زولقەدر، سەرتیپی سوپای پاسداران کە پێشتر فەرماندەی فەیلەقی "سەید الشهداء" بوو لە تاران و ئێستا ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی پاسدارانە، نموونەی ئەو کەسانەیە کە دەیانویست لە کەسایەتییەکی سەربازییەوە ببێتە سیاسی. 

دیاریکردنی ئەو لە بازنەکانی بڕیاردان وەک جێگرەوەی لاریجانی، باڵادەستیی تەواوی فەرماندەیی سەربازیی ئێستای پاسداران نیشان دەدات. ئەو هەرچەندە لە ناو جەرگەی پاسدارانەوە هاتووە، بەڵام دەسەڵاتی لاریجانی نییە چونکە لە بازنەی نزیکی وەحیدی و تائیب دوور خراوەتەوە.

دەرئەنجام: حکومەتی سێهەمی پاسداران

بەپێی شیکەرەوان، دەرئەنجامی ئەم کوشتن و پاکتاوکردنە یەک لەدوای یەکانە، دروستبوونی دۆخێکە کە تێیدا دەسەڵات کە لە ڕابردوودا لانی کەم هاوسەنگییەک لە نێوان دیپلۆماتەکان، تەکنۆکراتەکان و فەرماندە سەربازییەکاندا هەبوو ، ئێستا بە تەواوی لەلایەن بازنە ئەمنییەکانی پاسداران و نووسینگەی ڕێبەرەوە قۆرخ کراوە. 

ئەوەی دوای دوو جەنگەکەی ئەم دواییە دەرکەوتووە، شتێکە هاوشێوەی "حکومەتی سێهەمی سوپای پاسداران"؛ فەرماندە سەرەکییەکان کوژران و ئەوانەی بۆ ساڵانێک لە سێبەردا بوون یان بەهۆی توندڕەوی و شکستی هەواڵگرییەوە پەراوێز خرابوون، دەسەڵاتیان گرتە دەست.

حوسێن تائیب، ئەحمەد وەحیدی، حوسێن نەجات و تۆڕی بارەگای خاتم الأنبياء، بە پێچەوانەی نەوەی پێشووی پاسداران، کەسایەتیگەلێکن کە ئەزموونی سەربازییان کەمترە و زیاتر لە بواری ئەمنی ناوخۆیی، سەرکوتی سیاسی، ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی و بەڕێوەبردنی تۆڕە ئابورییەکاندا شارەزان. 
لە پێکهاتەیەکی وەهادا، ئەولەویەت دەدرێت بە مانەوەی ڕژێم و داڕشتنەوەی پێکهاتەی دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەم بازنەیە و موجتەبا خامنەیی. ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئێران ئێستا زیاتر لە هەمیشە بەرەو مەرکەزییەتێکی ئەمنی توند و قۆرخکاریی سیاسی هەنگاو دەنێت؛ ڕژێمێک کە پێشتر پشتی بە "میرەکانی جەنگ" و ستراتیژیستە هەرێمییەکان دەبەست، ئێستا لەلایەن کەسایەتییە ئەمنی و تۆڕە ئابوری-هەواڵگرییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو