قەوارەی هەرێم لە بەردەم گەردەلولدا؛ کاتێک ترەمپ و ئێران لەسەر لاوازکردنی کورد کۆک دەبن
٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا بەدەست لێکدابڕان و ناکۆکی قووڵەوە دەناڵێنن، ئاماژە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئاڕاستەیەک دەچن کە تێیدا عێراق هەوڵەکانی بۆ لەقاڵبدان و سنووردارکردنی زیاتری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە.
هەرچەندە حکومەتی نوێی عێراق خۆیشی ڕووبەڕووی ململانێی توندی نێو ماڵی شیعە و پڕنەکردنەوەی بەشێک لە کابینە وەزارییەکەی بووەتەوە، بەڵام پێدەچێت لە قۆناغی داهاتوودا پرسی فشارخستنە سەر هەرێم، ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی لایەنە عێراقییەکان.
ئەمریکا و ئێران؛ هاوئاڕاستەیی لە بەرژەوەندی بەغدا
ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا زەنگی مەترسی و نیگەرانی جدی بۆ هەرێمی کوردستان لێدەدات، یەکگرتنەوەی ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئێرانە، کە هەرلایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە، پاڵپشتی لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا دەکەن بەسەر هەرێمدا.
ئیدارەی ترەمپ بەوە ناسراوە کە لە سیاسەتی دەرەوەیدا زیاتر مەیلی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتە ناوەندییەکان هەیە و هەمیشە وەک نەیارێکی قەوارە فیدڕاڵی یان خۆبەڕێوەبەرییەکان دەرکەوتووە؛ هاوشێوەی ئەو هەڵوێستەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرژەوەندی دیمەشق نواندی. لەسەر ئاستی عێراقیش، واشنتۆن دەیەوێت ناوەند بەهێز بێت.
مەترسییە گەورەکە لێرەدا کورت دەبێتەوە: ئەگەری ئەوە هەیە لەسەر مێزی گفتوگۆکانی داهاتوودا، پرسی "لەچەکداماڵینی میلیشیا شیعەکان" و "لەقاڵبدانی هەرێم" بخرێنە پاڵ یەک و مامەڵەیان پێوە بکرێت.
هاوکات، تۆمەتبارکردنی لایەنی کوردی بە "دەستگرتن بەسەر ئەو چەکانەی بۆ ئێران ڕەوانە دەکرێن"، لەلایەن چاودێرانەوە وەک سەرەتای پلانێکی گەورەتر و پاساوهێنانەوەی پێشوەختە دەبینرێت بۆ بێدەنگبوون لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی توند کە بەغدا لە داهاتوودا دژی هەرێم بیگرێتەبەر.
لە لایەکی ترەوە، تاران هەمیشە هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەک بۆ مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکەی دەبینێت.
چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئێران بەسەلامەتی لەم قەیرانە ناوچەییەی ئێستای ڕزگاری ببێت، بێگومان ڕێوشوێنی توندتر و پەرچەکرداری جدی دژی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر.
پلان و میکانیزمەکانی لاوازکردنی هەرێم
ئەگەرچی هێشتا پلانەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنی کردارییەوە، بەڵام چەند ئاماژەیەکی مەترسیدار هاتوونەتە ئاراوە:
*پرۆژەی وەزارەتی هاوبەش: بانگەشەی دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان (حەشدی شەعبی و پێشمەرگە) لەژێر یەک چەتردا، کە تێیدا پێگەی هێزی پێشمەرگە هاوتای حەشد دەکرێت، یەکێکە لە گەورەترین گومان و مەترسییەکان لەسەر پاشەکشەکردن بە تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێم.
*گۆڕینی مامەڵە لە قەوارەوە بۆ پارێزگا: وڵاتانی دراوسێی عێراق هاندەرێکی سەرەکین بۆ ئەوەی بەغدا لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، وەک چەند پارێزگایەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەمەش ئەگەر بێتو ژینگەی ناوچەییەکە گونجاو بێت و بەربەست لەبەردەم پرۆژەکانیاندا دروست نەبێت.
*سەرەتای کارگێڕی و کۆتایی سیاسی: چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوەکانی داهاتووی عێراق لە ڕێگەی ڕێکاری ئیداری، دارایی و کارگێڕییەوە دەست پێبکەن، بەڵام ئامانجە ستراتیژییەکە بریتییە لە داماڵینی هێزی سیاسی و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم.
جووڵە نوێیەکان
پێدەچێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێم بە باشی بۆنی ئەم مەترسییانەی داهاتووی کردبێت، ئەمەش لە گۆڕانکاریی تێڕوانینەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
داواکارییەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ وەلانانی ناکۆکییەکان و کۆبوونەوەی حزبەکان (ئەویش دوای ساڵ و نیوێک لە دواکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت)، نیشانەی تێگەیشتنە لەوەی دۆخەکە پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.
جیاواز لە جارەکانی ڕابردوو و لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توند بەرامبەر بەغدا، لە دواین سەردانیدا بۆ پایتەختی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەرمییەکی زۆری نواندووە و ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی پانتایی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەولێر.