دیجلە و فورات لەژێر هەڕەشەدا؛ بۆچی دۆسیەی ئاوی عێراق یەکلایی نابێتەوە؟

٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٣٣ پاش نیوەڕۆ

دیجلە و فورات لەژێر هەڕەشەدا؛ بۆچی دۆسیەی ئاوی عێراق یەکلایی نابێتەوە؟

پەنجەرە

تەحسین موسەوی، پسپۆڕی بواری ئاو، ڕایگەیاند کە عێراق بەدەست قەیرانێکی قووڵی کەمئاوییەوە دەناڵێنێت. ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێوە بەتایبەت تورکیا، دێتە ناو خاکەکەیەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆسیەی مافە ئاوییەکانی عێراق تا ئێستا بە شێوازێکی دادپەروەرانە یەکلایی نەکراوەتەوە.

پشتبەستنی عێراق بە ئاوی دەرەکی

موسەوی روونیکردەوە، زیاتر لە ٨٠٪ ی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دێن و سەرچاوە ناوخۆییەکانیش لە ٢٠٪ تێپەڕ ناکەن. ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی سیاسەتە ئاوییەکانی ئەو دەوڵەتانەی سەرچاوەی ئاون.

بێ بەڵێنی وڵاتانی دراوسێ

 عێراق تا ئێستا هیچ بەڵێنێکی یەکلاکەرەوەی لەلایەن تورکیاوە پێنەدراوە سەبارەت بەو ئاوەی لەو وڵاتەوە دەڕژێتە نێو عێراق، سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەرابردوودا.

 گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، ڕەنگدانەوەی راستەوخۆی هەبووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات.
 
موسەوی دەڵێت: ئاو لە بەنداو و رووبارەکاندا لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوازێکی مەترسیدار کەمیکردووە، ئەمەش هەم هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئاو و خۆراک دروست دەکات، هەم بڕی ئاوی پێویست بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ کەم دەکاتەوە.

ئەو پسپۆڕە جەختیشیکردەوە کە بەڵێنەکانی تورکیا بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاو نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش شاندی دانوستانکاری عێراقی دەخاتە بەردەم تەحەدایەکی گەورەوە کە پێویستی بە هەڵوێستێکی توندتر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیە گرنگە.

دۆخی رووباری  فورات

رائید مەزهەر ئەلموحەمەدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەکانی ئاو لە قەزای فەلوجە و رۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنبار، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو بڕە ئاوەی لە تورکیاوە دەڕژێتە ناو ڕووباری فوڕاتەوە لە ئاستی داخوازییەکاندا نییە.

ئەلموحەمەدی ئاماژەی بەوە کردبوو کە خوازیارن بڕی ئاوەکە زیاتر بێت و لایەنی تورکی پابەند بێت بە بەردانەوەی پشکی دیاریکراوی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی. 

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و زیادبوونی بڕی بەکارهێنانی ئاو لە بوارە جیاوازەکاندا، ئاستی ئاوی رووباری فورات نەگەیشتووەتە ئەو ڕێژە پێویستەی کە چاوەڕوان دەکرا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو