بڕیارەکەی سەدر؛ دەوڵەت بەهێز دەکات یان گروپەکانی تر دەخاتە تەنگانەوە؟

٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٣٤ پاش نیوەڕۆ

بڕیارەکەی سەدر؛ دەوڵەت بەهێز دەکات یان گروپەکانی تر دەخاتە تەنگانەوە؟

پەنجەرە

گۆڕەپانی سیاسی عێراق جارێکی تر شڵەقێنرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعی، جیابوونەوەی هێزەکانی "سەرایا سەلام"ی لە ڕەوتەکە و تێکەڵ کردنی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاگەیاند. 

بەرپرسان و چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پێناو بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی  چەک بۆ دەستی دەوڵەت دەبینن. 

غالب دەعمی، شیکەرەوەی سیاسی، ڕایگەیاند کە ڕەوتی سەدر هەمووانی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە کە "هیچ دەوڵەتێک لەگەڵ بوونی چەکی دەرەوەی یاسا دراوسێیەتی ناکات"، ئەمەش داواکاری سەرەکی هاووڵاتیانی عێراقە.

لە هەمانکاتدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە کرد کە بچنە ژێر چەتری دەوڵەتەوە و رایگەیاند: دەوڵەت تەنیا لایەنی ڕێپێدراوە بۆ بەکارهێنانی چەک.

وتیشی: چوونی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بۆ ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، نیشانەی پەرۆشییە بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا."

فازڵ ئەبو ڕەغیف، شارەزای ئەمنی، ئاشکرایکرد کە پێشتر و لە ئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران، پێنج گرووپی چەکدار ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی چەکە سووک، مامناوەند و قورسەکانیان، بڕیارەکەی سەدریش پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە چەکدارییەی کە دۆخی سیاسی ناوخۆی شێواندووە.

لایخۆیەوە، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەدر دەربڕی و ڕایگەیاند:عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بە دۆخێکی نائاسایی و جەنگ و تەحەددیاتی ئەمنی گەورەدا تێپەڕی، بەڵام ئەمڕۆ وڵات بەرەو بونیادنان، ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی سەقامگیری دەڕوات."

حەلبوسی داوای بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هەنگاوە نیشتمانییانەی کرد بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە هەر گرژیی و دابەشبوونێک.

نەبیل عەزاوی، شیکەرەوەی سیاسی، ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەت تەنیا لایەنی شەرعییە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و چاوەڕوان دەکرێت گرووپەکانی دیکەش هەنگاوی هاوشێوە بنێن بۆ ڕێگریگرتن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی یان کێشەی ناوخۆیی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو