لە “جاسووسیی شاراوە”وە بۆ “هەژموونی ئاشکرا”؛ چۆن ستراتیژی هەواڵگریی ئیسرائیل گۆڕا؟
٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئامادەگی هەواڵگریی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕێگەی چاندنی سیخوڕ و تۆڕە نهێنییەکان لە ناو جەرگەی پایتەختە عەرەبییەکانەوە دەستی پێکرد. پێش ئەوەی دواتر گەشە بسێنێت بۆ ئامرازی زۆر ئاڵۆزتر کە ژێرخانی لۆجیستیی مەیدانی و تەکنەلۆجیای سیخوڕیی ئەلیکترۆنی (سیبرانی) دەگرێتەوە؛ وەک سیستمی نادیاری "پیگاسۆس" (Pegasus) کە لە ساڵی 2011دا دەرکەوت.
لەو چوارچێوەیەدا، هەندێک لە چاودێران ئەو زانیارییانەی لەم دواییانەدا لەبارەی بوونی وێستگەکانی سیخوڕیی ئیسرائیل لە بیابانی عێراقدا ئاشكرا بوون، وەک بەشێک لە گۆڕانکارییەکی بەربڵاوتر لە شێوازی کارکردنی هەواڵگرییدا دەبینن؛ گۆڕانکارییەک لە ئۆپەراسیۆنی نهێنیی سنووردارەوە بۆ ئامادەبوونی ئاشکرای پشت بەستوو بە تەکنەلۆجیا، پاڵپشتی لۆجیستی و هاوبەشیی ئەمنیی ناڕاستەوخۆ.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، هەر بنکەیەکی پێشوو کە بەکارهێنرابێت، تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە بووە؛ وەک دابینکردنی پۆششی ئاسمانی، سووتەمەنی و ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لە کاتی ململانێکانی ناوچەکەدا.
ئەوەی لەم ڕووداوەدا سەرنجڕاکێشە، پرسی بەکارهێنانی سیخوڕییە لە سیاسەتی ئیسرائیلدا، کە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گەشەی کردووە و گۆڕاوە؛ ئەمڕۆ و لە چاو ڕابردوودا، زۆر ئاشکراتر و بوێرتر بووە.
لە بەکارهێنانی تۆڕە مرۆییە نهێنییەکان لە قۆناغی پەنجاکان و حەفتاکانەوە، بۆ دزەکردنە ناو نوخبە سیاسییەکان لە قۆناغی هەشتاکاندا، تا دەگاتە سەردەمی ئێستا کە لەسەر بنەمای باڵادەستیی تەکنەلۆجی لە هەموو بوارەکاندا ڕاوەستاوە. ئەمەش بە واتای بەزاندنی هێڵی بازنەی بەرپەرچدانەوە دێت، کە لەلایەن پێشکەوتنی سیخوڕیی تەکنەلۆجیی باڵاوە پاڵپشتی دەکرێت.
ئەمە گۆڕانکارییەکی سیخوڕییە لە پرۆسەی "کۆکردنەوەی زانیاری"یەوە بۆ "ئامرازێکی سیاسیی ئاشکرا" کە ئەمری واقیع بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبیدا دەسەپێنێت.
سیخوڕیی ئیسرائیل چۆن بوو بە ئاشکرا؟
سەدەی هەڤدە شایەتی دووبارە جێگیربوونەوەی جووەکان بوو دوای دەرکردنیان لە ئیسپانیا و پورتوگال لە قۆناغی پێشوودا، ئەمەش بە واتای گۆڕانکارییەکی دیموگرافی و ئابووری دیار و سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوەندی جوولەکەی هاوچەرخ بوو لە ڕووی بڵاوبوونەوە و زیادبوونی ژمارەی ڕەوەندە جوولەکەکان لە دەرەوە و دامەزراندنی ناوەند بۆ خۆیان لە ئەمستەردام، لەندەن و دەوڵەتی عوسمانیدا.
پێویستی ئەوان بە ئاسایش و زانینی ئەوەی لەو ناوچانەدا دەگوزەرا کە تێیدا کەمینەی ئاینی بوون، وای لێکردن تۆڕی پەیوەندی خێرا گەشە پێبدەن، بۆ ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕی کاڵا و پارە و گواستنەوەی خێرای زانیارییە سیاسییەکان.
لەم سۆنگەیەوە، قۆناغە مێژووییەکانی سەدەی هەژدەیەم و دوای ئەو، ڕەهەندێکی نوێ و خێرایان لە گەشەکردنی کاری هەواڵگریی جوولەکەکاندا نوواند، کە لە ڕووی مێژووییەوە بە توخمە مرۆییە نهێنی و شاراوەکانەوە بەسترابووەوە (واتە ناوکی سیخوڕیی سەرەتایی). لەو سەردەمەدا جیهان و بەتایبەتی جیهانی عەرەبی، شایەتی کۆچی ملیۆنیی گەورە بوون لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی جووەکان لە ڕووسیای قەیسەری و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا.
لەبەر ئەوە، داواکاری هەبوو بۆ ڕزگارکردنی جووەکان لەم واقیعە، ئەمەش بووە هۆی بەدەستهێنانی بەڵێنێکی سیاسی بۆ نیشتمانێکی نەتەوەیی (بەڵێننامەی بەلفۆر) لە بەرامبەر دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا.
شێوازی چاندنی بریکار و سیخوڕەکان لە جومگەکانی دەوڵەتە عەرەبییەکاندا لەژێر ناوی خوازراو و چیرۆکی داپۆشینی ئاڵۆزدا بەکارهات، بۆ دەستەبەرکردنی پشتگیری لە دامەزراندنی نیشتمانەکەیان لە فەلەستین. پشت بەو خێزانە کۆچبەرانە دەبەسترا کە پەیوەندی خێزانیی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەبوو و لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا دابەش بوبوون؛ وەک کۆچی خێزانی "ئارۆنسۆن" لە ساڵی 1889دا کە لە بواری کشتوکاڵدا لێهاتوو بوون و لە ناوەندەکانی شامدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا ناوبانگیان دەرکردبوو.
ناوی "سارە ئارۆنسۆن" لەم خێزانەدا وەک کچێکی خولیاى چاندنی ڕووەک و خوێندنی کشتوکاڵی دەرکەوت، لە کاتێکدا ئەو لە ڕاستیدا خزمەتی بە بەرژەوەندیی جوولەکە دەکرد و بۆ هەواڵگریی ئینگلیزی کاری دەکرد. لەو ماوەیەدا، فراوانبوونی بازنەی ناسیاوەکانی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەمەندەکانی بەیرووت و دزەکردنی بۆ ناو بازنەی خزمەتگوزاریی پیاوانی ناوداری تورک، ئەرکی گەشتەکانی لە بیابانەکانی سووریا و فەلەستیندا ئاسان کرد، لەژێر پەردەی خوێندنی ڕووەکە دەگمەنەکاندا؛ کەس ڕاستیەکەی نەدەزانی تا دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم و ئاشکرابوونی ناسنامەکەی و خۆکوشتنی.
جگە لەمەش، پشت بەستن بە تۆڕی بازرگانان هەبوو، وەک "ئێلی کۆهین" کە ڕۆڵی بازرگانێکی سووری تاراوگەی دەگێڕا کە لە ئەرژەنتینەوە هاتبوو و لە ساڵی 1962دا لە دیمەشق نیشتەجێ بوو.
کۆهین بەو پێگە وەهمییەی وەک بازرگانێکی خەمخۆر هەیبوو، توانی فێڵێکی بەناوبانگ پێشنیاز بکات کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ سزادانی بە لەسێدارەدان؛ ئەویش پێشنیازی چاندنی دار سنەوبەر (کێنا) بوو لە نزیک پێگەکانی سەربازانی سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان بەبیانووی چەواشەکردنی فڕۆکەوانی ئیسرائیل، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە نیشانە بوون بۆ دیاریکردنی شوێنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا.
تەنیا کۆهین نەبوو کە لە سیخوڕیدا لێهاتوو بوو، بەڵکو "وۆڵفگانگ لوتز"یش هەبوو، ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییەی ئیسرائیل کە مۆساد لە ساڵی 1957دا لە میسر چاندبووی.
ئەو ڕۆڵی ئەفسەرێکی پێشووی نازی دەگێڕا و تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەکانی دروستکرد کە وای لێکرد تێکەڵی چینی نوخبە بێت و دەستی بە زانیارییە هەستیارەکان بگات. ئەو لە کتێبەکەیدا بە ناوی (جاسووسی شامپانیا: گەورە سیخوڕی ئیسرائیل چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە) باسی لە پشتپەردەی ڕاوەدوو نانی ئەو زانا ئەڵمانیانە کردووە کە لە پڕۆژەی موشەکیی میسردا کاریان دەکرد و چۆنیەتی تیرۆرکردنیان.
لە بریکارە بۆ هێزی سەربازیی
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر دەستی سەرکردە و ئەفسەرانێک دامەزراون کە ڕاستەوخۆ لە قوتابخانەی سیخوڕیی بەریتانی و سۆڤێتیدا لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا فێربوون و مەشق و ڕاهێنانیان کردووە.
ئەوان عەقیدەی "میونشن"یان گواستەوە بۆ ناوچەی عەرەبی، کە جەخت لەسەر تیرۆرکردن و پاکتاوکردنی دەرەکی و ستراتیژی چەواشەکاری و غافلگیرکردن دەکاتەوە، پێش ئەوەی تەکنەلۆجیای هاوچەرخی ئەمڕۆ بیگۆڕێت بۆ "دزەکردنی ئاشکرا" لەبری خۆشاردنەوە.
ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئیسرائیلی ڕۆنین بێرگمان لە کتێبەکەیدا (هەستە و یەکەمجار بکوژە: مێژووی نهێنیی ئۆپراسیۆنی تیرۆرکردنی ئامانجدار لەلایەن ئیسرائیلەوە) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم عەقیدەیە "ئەو وەهمە بە سەرکردە سیاسییەکان دەبەخشێت کە ئەوان کێشەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە تەنیا هێورکەرەوەی کاتین و ئاشتی دروست ناکەن، بەڵکو تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەکە دوادەخەن".
لەبەر ئەوە، ئامادەبوونی ئاشکرا و دەرکەوتن، زەروورەتێکی حەتمییە وەک واقیعێکی نوێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و جوگرافیای ئێستای.
لێرەوە دەبینین کە خاڵی وەرچەرخانی ستراتیژی لەم عەقیدەیەدا لەگەڵ گۆڕانی جوگرافیای سیاسی بەگشتی بوو بە پێویستی، ئەمەش بە واتای زەروورەتی گواستنەوەی کردەوەی سیخوڕیی ئیسرائیل دێت لە پلەی "بریکاری شاراوە"وە بۆ پلەی "ئامادەبوونی سەربازیی ڕاستەوخۆ".
بنکەکانی ئیسرائیل لە بیابانی عێراقدا
وۆڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک تایمز، کە بەم دواییانە ئاشکرایان کرد کە ئیسرائیل پێگە سەربازیی و هەواڵگرییە نهێنییە جێگیرەکانی لە قووڵایی بیابانی ڕۆژاوای عێراقدا، لە ناوچەکانی وەک (نوخەیب و بادینی نەجەف) دروستکردووە.
بوونی ئەم بنکانە چیتر تەنیا بریکارێک نییە کە کۆدی نهێنی بنێرێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی، وێستگەی ڕادار و سەنتەری پشتگیریی لۆجیستی بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکە جەنگییەکان. ئەمەش بە واتای سەپاندنی هەواڵگرییە لەسەر زەوی بە شێوەیەکی ئاشکرا و پشتبەستنی تەواوە بە سیستمی ژیریی دەستکرد و مانگە دەستکردەکانی سیخوڕی؛ وەک زنجیرەی "ئۆفێک" (Ofek)، کە حکومەتی نەتانیاهۆ لە ساڵی 2025دا گرەوی لەسەر کرد، بەو توانایانەی کە شوێنڕەوێکی ڕۆژاوایی پێچەوانە دەگرێتەبەر و بەرەنگاری ئاڕاستەی خولانەوەی سروشتیی زەوی دەبێتەوە، جگە لە هێزی بەرنامەکانی دزەکردنی سیبەرانی هێرشبەر وەک "پیگاسۆس" (Pegasus).
ئەم ئامرازانە پارێزبەندیی کارپێکردن بە ئیسرائیل دەبەخشن و وای لێدەکەن بتوانێت لە دوورەوە زانیاری کۆبکاتەوە، بەبێ ترسێکی گەورە لە دەرئەنجامە مەیدانییەکان.
ئەم گۆڕانکارییە خێرا سیاسییانەی ناوچەکە، پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن لەم گۆڕانکارییەدا، لەگەڵ سەرهەڵدانی ژینگەیەکی هەرێمی کە ڕێگەی داوە بە گۆڕینی دزەکردنی هەواڵگریی لە کارێکی قەدەغەکراوەوە بۆ ئەمری واقیعێک کە بە هێزی چەک و تەکنەلۆجیا سەپێنراوە.
ئایا ئەمە سەپاندنی بوونی ئیسرائیلە وەک واقیعێک کە دەبێت قبوڵ بکرێت؟
ئەگەر ئەمە ئەو واقیعە بێت کە دەسەپێنرێت، ئەوا دەرکەوتنی سیخوڕیی ئیسرائیل بۆ ناو کایەی گشتی تەنیا گۆڕانکارییەک نییە لە تاکتیکە ئەمنییەکاندا، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژیی ڕیشەیییە کە ڕەنگدانەوەی دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی بەرپەرچدانەوە و کۆنتڕۆڵکردنە لە ناوچەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەمە گواستنەوە خۆشاردنەوە تەقلیدییەکەی پێشوو بوو، بۆ "ئاسایشی ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ"، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئیسرائیل پشتی بە باڵادەستیی خۆی بەستووە بۆ سەپاندنی واقیعێکی مەیدانیی نوێ کە گوێ بە نکۆڵیکردن نادات.
لەگەڵ گۆڕانی پێگە هەواڵگرییەکان بۆ دامەزراوەی بینراو بۆ مانگە دەستکردەکان و چاودێران، ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە؛ قۆناغێک کە چیتر تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری ئامانجی باڵا نییە، بەڵکو ئامانجەکە سەلماندنی ئامادەبوونی جوگرافیی هەمیشەیی و گۆڕینی دزەکردنە بۆ ئامرازێکی هەژموونی بەردەوام.
گۆڕانی سیخوڕیی
بۆ چەندین دەیە ئیسرائیل ئەم قوتابخانە تەقلیدییەی بە تەواوی لە ناوچەی عەرەبیدا جێبەجێ دەکرد، بە پشتبەستن بە "نکۆڵیکردنی تەواو" و کارکردن لە تاریکییدا.
بەڵام ئەم میراتە تەقلیدییە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بووەتەوە؛ لەبری بەفیڕۆدانی هەوڵەکان لە ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزی چەواشەکاریی مرۆییدا بە شێوازی جەنگی جیهانی دووەم، ئیسرائیل تەکنەلۆجیا و سەروەریی تەکنیکیی ڕاستەوخۆ بەکاردێنێت بۆ سەپاندنی دزەکردنەکەی بە ئاشکرا.
بەمەش "کۆدە کۆنەکانی شاردنەوە"ی گۆڕیوە بە بنکەی لۆجیستی و توانای سیبەرانی بەهێز کە لەسەر زەوی بە دەموچاوێکی دیارەوە دەیانچێنێت، بەبێ پێویستی بە نکۆڵیکردن لە بوونی خۆی یان خۆشاردنەوە لە پشت دەمامکە مێژووییەکانەوە.
ئەلێکساندەر ئۆڵتیش لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی سەربازیی (Defence24.com) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئاڕاستەیەک لە گەشەپێدانی تەکنەلۆجیای ئاسایشی سیبەرانیدا هەیە کە لەلایەن کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ بەرژەوەندی ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل پەرەی پێدراوە، کە بە (Synergistic Reform) ناسراوە؛ ئەمە عەقیدەیەکی نوێیە کە لە خزمەت هەواڵگری و سیخوڕیی ئیسرائیلدایە، و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە دۆخی دابڕانی نێوان بەشە هەواڵگرییە جیاوازەکان، و تواندنەوەی توانای تەکنیکی، هەواڵگریی مرۆیی و مەیدانییە لە یەک بووتەی ئۆپراسیۆنیدا لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە.
هاوکێشە سەختەکە
لەمەش زیاتر، باڵادەستیی تەکنەلۆجی و سیبەرانیی ئیسرائیل، دەوڵەتە عەرەبییەکان دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی ئەمنیی مەترسیدارەوە کە تێپەڕ دەبێت لە چەمکی سیخوڕیی تەقلیدی بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەروەریی نیشتمانی؛ چونکە خاوەندارێتی تەلئەبیب بۆ ئامرازەکانی دزەکردنی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو و سیستمی ژیریی دەستکرد، بۆ ناوچەی عەرەبی بە واتای گۆڕانی فەزای سیبەرانیی عەرەبی دێت بۆ گۆڕەپانێکی کراوە کە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات دزە بکاتە ناو ژێرخانە هەستیارەکان، داتای زەبەلاح ڕابکێشێت و گوێ لە بڕیاربەدەستان بگرێت بەبێ پێویستی بە بەزاندنی سنوورە جوگرافییەکان.
هەروەها سوپا و قەڵا سەربازییە تەقلیدییەکان کاریگەرییان کەمتر دەبێت لەبەردەم جەنگێکی پرۆگرامسازیی بێدەنگدا کە توانای پەکخستنی تۆڕەکانی پەیوەندی و ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە تەنیا بە داگرتنی دوگمەیەک. ئەم واقیعە توانای وەشاندنی "لێدانی پێشوەختەی نادیار" بە ئیسرائیل دەبەخشێت، ئەمەش هەژموونی مەیدانیی بەهێز دەکات و تەحەدایەکی چارەنووسساز دەسەپێنێت بەسەر پایتەختە عەرەبییەکاندا کە پێویستی بە شۆڕشێکی گشتگیر هەیە لە بنیاتنانی سیستمی بەرگریی سیبەرانیی خۆماڵیدا بۆ ڕاگرتنی ئەم گرفتە ئەمنییە کراوەیە.