دەستەی دەستپاکی عێراق ڕێگری لە دزینی نزیکەی ١.٥ تريليۆن دینار دەکات
٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، کە توانیویانە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتەوە، ڕێگری لە هەوڵێکی گەورەی بردنی بڕە پارەیەکی زۆر بکەن، کە نزیکەی تریلیۆن و نیوێک دیناری عێراقی بووە و مەبەست لێی ڕاکێشانی بووە لە بانکەکانی ڕافیدەین و (ڕەشید) لە شاری بەغداد.
دەستگیرکردنی تۆمەتباران
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی دەستەکە، تیمی مەیدانی لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغداد، بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان، چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ڕافیدەین. لەوێ و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد، توانیویانە (٣) تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا، دەستبەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دارایی و چەکی بانکی (صک)ی ساختەدا گیراوە کە بە نیازبوون بە شێوەیەکی نایاسایی پارەکەی پێ ڕابکێشن.
کۆی گشتی پارەکە
دەستەی دەستپاکی ڕوونیکردەوە: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر (٧) چەکی بانکیی ساختەدا گیراوە، کە گوایە لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە دەرکراون. کۆی گشتی بەهای ئەو چەکانە گەیشتووەتە نزیکەی تریلیۆنێک و نیو دیناری عێراقی، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بخرێنە سەر حیسابی بەشداربووانی# ئەم کەیسە.