گرەوی نهێنی واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر ئەحمەدی نەژاد؛ بژاردەی رۆژاوا لە ناو جەرگەی تارانەوە
٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەندێک سیاسی هەن زۆر بە ئاسانی دەخوێندرێنەوە؛ دەزانرێت کێن، چییان دەوێت و بۆ کێ کار دەکەن، بەڵام مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەو سیاسییانەیە قورسە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەو پیاوەی بوو بە سەرۆکی ئێران و جیهانی تووشی شۆک کرد، دۆسیەی هۆلۆکۆستی ڕەتکردەوە و دواتر بۆ گفتوگۆ نامەی بۆ ئەمریکییەکان نارد، پارێزگارە توندڕەوەکەی یاخی بوو لە ڕێبەرەکەی، ئۆپۆزسیۆنێک کە هەرگیز زیندانی نەکرا و دوورخراوەیەک کە بەردەوام لە دەرگای دەسەڵاتی دەدا.
سەرباری هەموو ئەمانە، ناوی ئەو لە ڕاپۆرتێکی "نیویۆرک تایمز"دا وەک "بژاردەی ڕۆژاوا" بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێرانی دوای جەنگ هێنرا، لەکاتێکدا بەناوبانگترین داواکاری سڕینەوەی ئیسرائیل بوو لەسەر نەخشە.
کاتێک لە ڕۆژانی سەرەتای ئەو جەنگەی لە شوباتی ٢٠٢٦دا دەستی پێکرد، هێرشێکی ئیسرائیلی کرایە سەر دەوروبەری ماڵەکەی لە تاران، هەواڵەکە لە ژێر سێبەری تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێراندا خەریک بوو فەرامۆش بکرێت. بەڵام ئەوانەی لەو هێرشە وردبوونەوە، ڕووبەڕووی پرسیارێکی سەرنجڕاکێش بوونەوە: بۆچی بە دیاریکراوی ئەحمەدینەژاد؟
پیاوێک کە زیاتر لە دەیەیەکە لە دەسەڵات دوورکەوتووەتەوە، سێ جار شیاوێتی بۆ خۆپاڵاوتن ڕەتکراوەتەوە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمەکەشدا خراپبوو.
ڕاپۆرتەکەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەو نەبووە، بەڵکو "ڕزگارکردنی" بووە لە دەستبەسەریی ماڵەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل گرەویان لەسەر ئەو کردووە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران لە قۆناغی دوای جەنگدا.
لەدایکبوون و پێگەیشتن: لە گوندی ئارادانەوە بۆ پایتەخت
بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەکان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکان؛ بۆ گوندی "ئارادان"ی دوورەدەست، بۆ کوڕی ئاسنگەرێک کە خەونەکانی لە گوندەکەی گەورەتر بوون و ڕووی لە تاران کرد تا سەرەتا ببێتە سەرۆکی شارەوانییەکەی و دواتریش سەرۆکی کۆمارەکەی.
ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی ئارادان لەدایکبوو، کە نزیکەی ٩٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تارانەوە دوورە. ئەو چوارەم منداڵی خێزانێکی هەژار بوو لە نێوان حەوت خوشک و برادا.
باوکی، ئەحمەدی نەژاد، چەندین پیشەی وەک وانەبێژی قورئان، بەقاڵی و سەرتاشی تاقیکردەوە پێش ئەوەی ببێتە ئاسنگەر. لەم ژینگە سادەیەوە مەحموود گەورە بوو.
کاتێک مەحمودی نەژاد لەسەرەتای تەمەنیدا بوو خێزانەکەی چوونە تاران، ئەم کۆچەش یەکەم وانەی بوو لەسەر کەلێنی قووڵی نێوان چینایەتییەکان، کە دواتر بوو بە تەوەری سەرەکی گوتارە سیاسییەکانی.
ئەو لە تاران خوێندنی تەواو کرد و خولیای زانستی هەبوو، بۆیە چووە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای ئێران و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە ئەندازیاریی گواستنەوە و پلانداناندا بەدەستهێنا. ئەم پێکهاتە تەکنیکییە (نەک ئاینییە) وایکرد دواتر لە زۆربەی سیاسییەکانی تری ئێران جیاواز بێت کە عەمامەیان بەسەرەوە بوو.
ئەو هەمیشە حەزی دەکرد وێنەی پیاوێکی سادەی خێزاندار نیشان بدات، کە لە ماڵێکی ئاساییدا دەژی و وەک هەژاران دەخوات، ئەم وێنەیەش بەهێزترین چەکی بوو لە هەڵبژاردنەکاندا.
نێوان زانکۆ و شۆڕش: "هاوار و ژاوەژاو"
ئەو نە پیاوی ئایینی بوو ونە کوڕی بنەماڵەیەکی سیاسی، دەروازەی ئەو بۆ جیهانی دەسەڵات زانکۆ بوو، بەتایبەتی لە ڕێگەی "مەکتەبی گەشەپێدانی یەکێتی" (دفتر تحکیم وحدت)، کە پێکهاتەیەکی خوێندکاریی بوو لە کۆتایی حەفتاکاندا.
ئەحمەدینەژاد سەر بە باڵی دژە چەپ بوو لەو مەکتەبەدا و گۆڤارێکی خوێندکارییان بە ناوی "هاوار و ژاوەژاو" بڵاودەکردەوە؛ ناوێک کە دواتر بوو بە ناسنامەی شێوازی ئامادەیی سیاسی خۆی.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩، هەڵوێستێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو؛ کاتێک خوێندکارانی لایەنگری خومەینی داوای کۆنترۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان دەکرد، ئەو بە پشتبەستن بە دروشمی "نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژاوایی"، داوای کۆنترۆڵکردنی باڵیۆزخانەی سۆڤیەتیشی دەکرد. ئەم بوێرییە سەرەتایەک بوو بۆ شێوازە فکرییەکەی کە هەرگیز دەستی لێ هەڵنەگرت.
دوای شۆڕش، پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کرد و لە جەنگی عێراق-ئێراندا (١٩٨٠-١٩٨٨) وەک خۆبەخش لە بواری ئەندازیاریی جەنگیدا بەشداربوو. پاش جەنگیش، لە ساڵی ١٩٨٩ بوو بە ئەندامی دەستەی زانستی کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی زانست و پیشەسازی.
سەرکەوتن بەسەر پلەکاندا
ئەحمەدی نەژاد هەنگاو بە هەنگاو سەرکەوت؛ لە هەشتاکاندا بوو بە قایمقامی ماکۆ و خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، پاشان بوو بە ڕاوێژکاری پارێزگاری کوردستان، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ و لە سەردەمی سەرۆکایەتی هاشمی ڕەفسەنجانیدا ببێتە پارێزگاری ئەردەبیل.
لەوێ بەهۆی لێهاتوویی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان، نازناوی "پارێزگاری ساڵ"ی لەلایەن حکومەتی ڕەفسەنجانییەوە پێدرا. لەو قۆناغەدا ستایشی ڕەفسەنجانی دەکرد، بەڵام ئەمە تەنها وەبەرهێنانێکی کاتی بوو، دواتر هەڵگەڕایەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتی پاشەکشەی چاکسازیخوازانی سەردەمی محەمەد خاتەمی، پارێزگاران ئەحمەدی نەژادیان وەک سەرۆکی شارەوانی تاران هەڵبژارد. عەلی یونسی، وەزیری هەواڵگریی حکومەتەکەی خاتەمی دەڵێت: "هەندێک کەس بە ڕوونی دەیانگوت کە ئەحمەدی نەژاد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئامادە دەکرێت."
لە شارەوانی تاران، چەندین ناوەندی ڕۆشنبیری وەک ماڵی شانۆ و پەیمانگای پەیکەرتاشی داخست و فیلم و موحازەرەی قەدەغەکرد، وانەی قورئان و نەهجولبەلانی خستە شوێنیان و ئەو شوێنانەی بە "ناوەندی گەندەڵی و مونکەر" وەسفکرد. تەنانەت پێشنیازی ناشتنی تەرمی کوژراوانی جەنگی لە مەیدانە گەورەکانی تاران کرد، بەڵام پەرلەمان ڕەتیکردەوە.
سەردەمی شارەوانییەکەی بێ دۆسیەی دارایی قورس نەبوو؛ تۆمەتبارکرا بە سەرپێچی دارایی بە بڕی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار تمەن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی خەرجکردنیان.
سەرکەوتن بۆ لوتکەی دەسەڵات
لە ساڵی ٢٠٠٥دا، کەس پێشبینی نەدەکرد ئەحمەدی نەژاد ببێتە سەرۆک کۆمار، چونکە گۆڕەپانەکە بۆ هاشمی ڕەفسەنجانی یەکلا بووبووەوە. بەڵام دابەشبوونی دەنگەکان هەڵبژاردنی بردە خولی دووەم و ئەحمەدی نەژاد سەرکەوتنی بەدەستهێنا؛ سەرکەوتنێک کە زۆرێک بە دەستی سوپای پاسداران و پشتیوانی "ماڵی ڕێبەری"یان دەزانی.
ئەم سەرکەوتنە عەلی خامنەیی دڵخۆش کرد، چونکە سەرۆکێکی لە دڵی تەوژمی شۆڕشەوە دەستکەوت کە بڕوای بە ویلایەتی فەقی هەبوو و دژی ڕۆژاوا بوو و مەترسی نەبوو بۆ سەر هاوسەنگییەکان.
ئەحمەدی نەژاد لە بانگەشەکەیدا پارەی زۆری خەرج نەکرد، بەڵکو پشتی بە تۆڕی مزگەوتەکان بەست و ڕووی گوتاری کردە هەژاران و پەراوێزخراوان و بەڵێنی دابەشکردنی داهاتی نەوتی پێدان. بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ١٩٧٩ پیاوێکی بێ عەمامە گەیشتە سەرۆکایەتی.
سیاسەتی دەرەوە: زمانی شەڕانگێزی
له سهر ئاستی نێودهوڵهتی، ئەحمەدی نەژاد ئێرانی کردە دەنگێکی شەڕانگێز. هۆلۆکۆستی بە "ئەفسانە" ناوبرد و داوای سڕینەوەی ئیسرائیلی کرد. گوتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ بووە هۆی چوونە دەرەوەی شاندی ٣٠ وڵات لە هۆڵەکە.
لە سەردەمی ئەودا، ئێران داواکارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەتکردەوە و هەژموونی سوپای پاسداران زیاتر بوو. ئەو گاڵتەی بە سزاکان دەکرد و دەیگوت: "ئەوەندە بڕیارنامە دەربکەن تا دۆسیەی بڕیارەکانتان دەدڕێت." لە بەرامبەردا پێگەی ئێرانی لەگەڵ ڕووسیا، ڤەنزوێلا و سووریا بەهێزتر کرد.
خولی دووەم (٢٠٠٩): سەرەتای درز و یاخیبوون
هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و سەرکەوتنی بەسەر میر حسێن موسەویدا، وڵاتی نقومی تۆمەتی ساختەکاری کرد. خۆپیشاندانەکانی "بزووتنەوەی سەوز" سەرکوتکردنی خوێناوی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەحمەدی نەژاد خۆپیشاندەرانی بە "تۆز و خاشاک" ناوبرد. لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی خولی دووەمیدا، ئەو پێداگری کرد لەسەر ماچکردنی شانی خامنەیی نەک دەستی، کە ئەمەش ئاماژەیەکی سیمبوڵی تێدابوو.
لەگەڵ دەستپێکی خولی دووەمدا، پەیوەندی لەگەڵ خامنەییدا تێکچوو. کاتێک ئیسفەندیار ڕەحیم مهشایی (هاوزاوای خۆی) وەک جێگری یەکەم دیاریکرد، خامنەیی دژایەتی کرد و دواتر مەشایی دوورخرایەوە.
پاشان کاتێک ئەحمەدی نەژاد ویستی حەیدەر موسڵحی، وەزیری هەواڵگریی لابدات و خامنەیی ڕەتیکردەوە، سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ وەک مانگرتن لە ماڵەکەی خۆیدا مایەوە و نەچووە سەر کارەکەی. لایەنگرانی خامنەیی هێرشیان کردە سەری و بە "تەوژمی لادەر" ناویان برد.
گۆڕانی گوتار: ئۆپۆزسیۆنی ناوەوە
دوای جێهێشتنی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠١٣، ئەحمەدی نەژاد کرا بە ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، بەڵام بێدەنگ نەبوو. ئەو پیاوەی گاڵتەی بە ڕۆژاوا دەکرد، دەستی کرد بە داواکردنی گفتوگۆ؛ پۆشاکی "کۆفیە"ی کردە ملی پەیکەری کۆرشی گەورە (پاشای هەخامەنشی) بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەییەکان، و سوپای پاسدارانی بە "برا قاچاخچییەکان" ناوبرد.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە توندی هێرشی کردە سەر دۆخی ئابوریی و وتی سەرجەم دەسەڵاتەکان بەرپرسیارن لەم داڕمانە. لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕایگشتی تووشی شۆک کرد کاتێک وتی: "بەرپرسی باڵای دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە ناو وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بووە!" و باسی لەوە کرد کە تاقمێکی ئەمنی فاسد ڕێگەیان داوە دەستکەوتی ئەتۆمی و بەڵگەنامەکان لەلایەن مۆسادەوە بدزرێن. سەرەڕای ئەمانە، ئەو هەرگیز زیندانی نەکرا.
سێ ههوڵی بێسوود بۆ گهڕانهوه
لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٤، ئەحمەدی نەژاد سێجار خۆی بۆ سەرۆکایەتی پاڵاوت، بەڵام هەر سێ جارەکە لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە ڕەتکرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا، خامنەیی بە ئاشکرا پێی گوتبوو: "بەرژەوەندی تێدا نابینم بەشداری بکەیت."
لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، کاتێک چوو ناوەکەی تۆمار بکات، مایکرۆفۆنەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەو چرکەساتەدا بڕدرا، بەڵام ئەو هەر پێدەکەنی.
حەوت خاڵی سەرەکی لە شکستەکانی ئەحمەدی نەژاد:
١. سیاسەتی ئابووریی پۆپۆلیستی: دابەشکردنی پارەی کاش بووە هۆی هەڵاوسانی زۆر ؛ حکومەتەکەی زیاتر لە ٦٢٠ ملیار دۆلار داهاتی نەوتی بەفیڕۆدا بەبێ گەشەپێدانی بەردەوام.
٢. دوورخستنەوەی لێهاتووان: جێگۆڕکێی پسپۆڕان بە گەنجانی دڵسۆزی بێ ئەزموون.
٣. پشێوی کارگێڕیی: گۆڕانکاری بەردەوام و بێسەروبەر لە وەزارەتەکاندا.
٤. گەندەڵی دارایی: سەرەڕای دروشمی دژە گەندەڵی، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی بانکی لە سەردەمی ئەودا ڕوویدا.
٥. بەکارهێنانی دۆسیەی نهێنی: بەکارهێنانی تۆمەت دژی ڕکابەرەکانی وەک چەکێکی سیاسی.
٦. پێکدادان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت: دروستکردنی ڕێڕەوێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ڕێبەری باڵا.
٧. دروشم لەجیاتی نان: سەرکەوتوو بوو لە دەستنیشانکردنی توڕەیی هەژاران، بەڵام نەیتوانی چارەسەری ئابووری پێشکەش بکات.
ڕاپۆرتی "نیویۆرک تایمز": پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل چی بوو؟
لە شوباتی ٢٠٢٦ و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرشێک کرایە سەر دەوروبەری ماڵەکەی ئەحمەدی نەژاد. بەپێی ڕاپۆرتی "نیویۆرک تایمز"، ئامانجی هێرشەکە ڕزگارکردنی ئەو بووە لە دەستبەسەریی سوپای پاسداران، پاش کوژرانی خامنەیی.
پلانی واشنتۆن و تەلئەبیب ئەوە بوو کە ئەو وەک سەرکردەی قۆناغی دوای جەنگ دابندرێت، چونکە بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ڕژێم، وەک "بژاردەیەک لە ناوخۆوە" بینراوە کە دەکرێت ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکرێت و خاوەن جەماوەریشە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژەی بەوە کردبوو: "کەسێک لە ناوخۆوە کە جەماوەری هەبێت، باشترین بژاردەیە."
ئەحمەدی نەژاد لەو هێرشە ڕزگاری بوو و پاشان بێدەنگ بوو. دوای کوژرانی خامنەیی، ئەو یەکێک بوو لە ئەو کەسانەی پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کوڕی کرد بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، هاوشێوەی خاتەمی و رەوحانی.
هاوکێشە ئاڵۆزەکە
چی وادەکات کەسێک هۆڵۆکۆست رەتبکاتەوە و نامەش بۆ سەرۆکانی ئەمریکا بنێرێت؟ ستایشی سەرۆکەکانی بکات و پاشان لێیان هەڵگەڕێتەوە؟ لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و تەنانەت گەردەلولی ئەقساش بێدەنگ بێت؟
دوو تێڕوانین بۆ ئەحمەدی نەژاد هەیە: یەکەم، ئەو سیاسییەکی پراگماتی و دەرفەتخوازە کە گوتارەکەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەگۆڕێت.
دووهم، پێکدادانی لەگەڵ ڕژێم ناچاری کردووە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیدا بکات. بەڵام هەردوو تێڕوانینەکە لەسەر یەک خاڵ کۆکن: ئەم پیاوە دەزانێت چۆن خۆی لە ناو کایەکەدا بهێڵێتەوە.
مەئیر جاڤیدانفەر، توێژەری ئێرانی نیشتەجێی تەلئەبیب دەڵێت: "بۆچی ئیسرائیل دەیەوێت پیاوێک ڕزگار بکات کە داوای سڕینەوەی کردووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە سیاسەت قسەکان لەبیر دەکات و پێگەکان بەبیر دەهێنێتەوە." ئەحمەدی نەژاد هێشتا لەناو چینە هەژارەکاندا جەماوەری هەیە.
له کۆتاییدا، مەحموود ئەحمەدی نەژاد دیاردەیەکی بێپێشینەی ئێرانییە. پیاوێک بەبێ عەمامە و بەبێ سەروەتی خێزانی، پۆپۆلیزمی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە لوتکە و کاتێکیش پێگەکەی لەدەستدا، هەوڵیدا خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن نیشان بدات. جیاوازییە گەورەکە ئەوەیە، لە کۆتاییدا ئەو ئیسرائیلەی داوای سڕینەوەی دەکرد، وەک "بژاردە" سەیری دەکات. لە سیاسەتدا، ئەو پیاوەی کە نازانیت لە کام بەرەیە، هەمیشە مەترسیدارترینە.