شۆڕشی وایەر لە سەردەمی بێتەلدا؛ چۆن درۆنی فایبەر ئۆپتیک هاوکێشەی جەنگی گۆڕی؟

٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٤٣ پاش نیوەڕۆ

شۆڕشی وایەر لە سەردەمی بێتەلدا؛ چۆن درۆنی فایبەر ئۆپتیک هاوکێشەی جەنگی گۆڕی؟

پەنجەرە

لە جەنگەکانی ئەمرۆدا کە تێیدا باڵادەستی بۆ ئەو لایەنەیە کە خاوەنی تەکنەلۆژیای بێتەل و سەتەلایتە، داهێنانێکی نوێ بەناوی "درۆنی فایبەر ئۆپتیک (Fiber-Optic Drone)" هەموو هاوکێشەکانی سەروبن کردووە.

ئەم درۆنە کە لە جیاتی شەپۆلی ڕادیۆیی، پشت بە تەلێکی زۆر تەنکی فایبەر ئۆپتیک دەبەستێت، ئێستا وەک بکوژێکی بێدەنگ لە بەرەکانی جەنگدا دەردەکەوێت.

درۆنی فایبەر ئۆپتیک چییە؟

جۆرێکی درۆنە کە لە بری ئەوەی پشت بە شەپۆلی ئاراستەکردنی ئەلیکترۆنی ببەستێت، پشت بە وایەر دەبەستێت، بەشێوەیەک وایەرێکی باریکی فایبەر ئۆپتیک کە لە داوی ڕاوەماسی دەچێت، بە درۆنەکەوە لکاوە و لەڕێگەی ئەو وایەرەوە سیگناڵ و ئاماژەی پێدەدرێت و ئاڕاستە دەکرێت.

درۆنەکە دەتوانێت وایەرەکە بەشێوەیەکی نەرم بەدوای خۆیدا بۆ ماوەی ١ تا ٢٠ کیلۆمەتر ڕابکێشێت، بەبێ ئەوەی کار لەسەر خێراییەکەی بکات.

خاڵی بەهێزی درۆنەکە ئەوەیە کە بەوهۆیەی هیچ شوێنپەنجەیەکی ئەلیکترۆنی نییە، ئەوا ڕادارەکان ناتوانن بە ئاسانی بیدۆزنەوە و تەشویشی بخەنەسەر.

بۆچی درۆنی فایبەر ئۆپتیک؟

سەرهەڵدانی ئەم درۆنانە، وەڵامێک بوو بۆ ئەو تەکنەلۆژیا بەرگرییە ئەلیکترۆنییە کە دژ بە درۆنی ئاسایی درووستکراوە.

درۆنە ئاساییەکان لە ڕێگەی شەپۆلی ڕادیۆیی و GPSـەوە ئاڕاستە دەکرێن، ئەمەش وایکردووە بە ئاسانی تەشویش بخرێتە سەریان و پەیوەندییان بپچڕێنرێت یان کۆنترۆڵ بکرێن.

بەڵام درۆنی فایبەر ئۆپتیک بەهۆی وایەرەکەوە، هیچ شەپۆلێک بەکارناهێنێت و هیچ سیستمێکی شێواندن ناتوانێت ڕێگری لێ بکات.

لەلایەکی تریشەوە، لە ناوچە شاخاوییەکان یان ناو شارەکان، زۆرجار وێنەی درۆنە بێتەلەکان بەهۆی تێکچوونی شەپۆلەکان لێڵ دەبێت. فایبەر ئۆپتیک وێنەی "4K" بەبێ هیچ دواکەوتنێک بۆ بەکارهێنەر دەگوازێتەوە، ئەمەش دەرفەت دەداتە نیشانەشکێنەکە کە بە وردی سانتیمەتر ئامانجەکەی بپێکێت.

لەئاستی تێچوونیشدا، ئەم درۆنانە تێچوویەکی کەمیان هەیە کە لەنێوان (٣٠٠-٦٠٠ دۆلارە)، لەکاتێکدا درۆنەکانی دیکە تێچوویان زۆرترە.

کارامەیی لە بواری کردەیی دا

ئەم درۆنە سەرەتا ڕوسیا دەستی بە بەکارهێنانی کرد، بەدوای ئەویشدا ئۆکرانیا و پاشان چینیش برەوی پێدا.

ئێرانیش کە لە بواری درۆندا زۆر چووەتە پێشەوە، لەم جۆرەشدا دەستی بەکارکردن و برەودان پێی کرد.

لە جەنگەکانی ئەم دواییەدا، حـ…ـیزبـ..ـوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم تەکنەلۆژیایەی بەکارهێناوە کە ئەویش لە ئێرانی وەرگرتووە. 

بەوپێیەی ئیسرائیل یەکێکە لە بەهێزترین وڵاتانی جیهان لە بواری شەڕی ئەلیکترۆنی و پەکخستنی GPS، بۆیە حـ.،.ـیزبـ….،ـوڵڵا لە بری درۆنی بێ تەل، دەستی بۆ ئەم جۆرە تەلدارەیان بردووە و زیانیشی بە ئیسرائیل گەیاندووە.

ئاستەنگەکان و ڕێگاکانی بەرگری

سەرەڕای سەرکەوتنەکانی، ئەم درۆنە بێ کێشە نییە، گرنگترین کێشەشی ئەوەیە کە مەودای فڕینی تەنها هێندەی درێژی وایەرەکەیە.

هەروەها ئەگەر وایەرەکە بەر درەخت یان تەلی کارەبا یان خانوو و بینا بکەوێت، ئەگەری پچڕانی هەیە.

لە ئاستی بەرپەرچدانەوەشدا، سوپای وڵاتان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری هەندێک ڕێکاری بەرگری، لەوانە بەکارهێنانی تۆڕ و پەردەی ئاسنین بۆ ڕێگرتن لێیان، لەگەڵ بەکارهێنانی کامێرای گەرمی (Thermal) یان تیشکی سەروو وەنەوشەیی بۆ دۆزینەوەی وایەرەکان لە هەوادا، یان هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وایەرەکە، تاوەکو شوێنی کۆنترۆڵکەرەکە بپێکن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو