ملیاران دۆلاری دیلکراو؛ دۆسییەی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران چییە؟

٣٠ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٤٤ پاش نیوەڕۆ

ملیاران دۆلاری دیلکراو؛ دۆسییەی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران چییە؟

 پەنجەرە

یەکێک لەو پرسانەی کە لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران باسی لێوەدەکرێت و وەکو خاڵێکی جێناکۆک ماوەتەوە، سەرمایە سڕکراوەکانی تارانە. ئەمەش
پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە ئایا ئەم سەرمایە چییە و چۆن و بۆ سڕکراوە و لەکوێیە؟

ئەم ڕاپۆرتە بە وردیی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

سەرمایە سڕکراوەکان چین و لە کوێن؟

سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران بریتین لەو داراییانەی کە لە ڕووی یاساییەوە خاوەندارێتییان بۆ دەوڵەتی ئێران دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە، لە بانک و دامەزراوە داراییە بیانییەکاندا قوفڵ کراون.

ئەم سەرمایانە لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت و گاز، یەدەگی دراوی بیانی، سپاردەکانی بانکی ناوەندی و موڵک و ماڵە حکومییەکان لە دەرەوەی وڵات پێکدێن. واتا هەم پارە و نەختینەن، هەمیش ماڵ و موڵک.

بڕ و دابەشبوونی سەرمایەکە

بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، بە بەهای نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار، سەرمایەی ئێران سڕکراوە.

دیارترین ئەو وڵات و سەرمایانەش بەم شێوەیە دابەشبوون: چین نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، هیندستان نزیکەی ٧ ملیار دۆلار، عێراق نزیکەی ٦ ملیار دۆلار کە شایستە داراییەکانی گاز و کارەبان، قەتەر ٦ ملیار دۆلار کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆریای باشوورەوە گواسترایەوە، ئەوروپا لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ملیار دۆلار بە تایبەت لە لۆکسمبۆرگ و بەلجیکا، ئەمریکا و ژاپۆن بڕی ٣.٥ ملیار دۆلار.

هۆکارەکانی سڕکردنی سەرمایەکە

سڕکردنی داراییەکانی ئێران، دەرەنجامی زنجیرەیەک قەیرانی سیاسی و ئەمنییە کە پەیوەندییەکانی تاران و ڕۆژئاوای گرژ کردووە.

ڕەگی ئەم کێشەیە بۆ ساڵی ١٩٧٩ و دوای شۆڕشی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، کاتێک بەهۆی قەیرانی بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە تاران، واشنتۆن بڕیاری سڕکردنی یەکەمین پاکێجی ملیار دۆلاریی ئێرانی دا.

لە ساڵانی دواتریشدا، هۆکارەکان فرەچەشن بوون؛ لەوانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پەرەپێدانی موشەکی بالیستی، لەگەڵ تۆمەتبارکردنی تاران بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە (وەک حـ..ـیزبـ…ـوڵڵا و حـ…ـەشـ..ـدی شەعبی).

ئەم سزایانە کە لە ساڵی ٢٠١٨ و دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتنە لوتکە، ئامانجیان دابڕینی ئێرانە لە سیستەمی دارایی جیهانی و بەکارهێنانی پارەکانە وەک کارتێکی گوشار بۆ ناچارکردنی تاران بۆ گۆڕینی ڕەفتارە سیاسی و سەربازییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

بۆچی ئێران ناتوانێت دەستی بەم پارانە بگات؟

کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم پارانە خراونەتە ژێر سزای ئەمەریکاوە و هەر بانک یان دامەزراوەیەکی دارایی لە جیهاندا مامەڵە لەگەڵ ئەم پارانەدا بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەبێتەوە. بەمەش بانک و وڵاتان و ناوەندە داراییەکان ناچاردەکات پارەکە سڕبکەن، چونکە بەرگەی سزای ئەمەریکا ناگرن.

هەندێک لەو سەرمایانە بە ڕێگەپێدانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و لەژێر چاودێرییەکی توندی نێودەوڵەتیدا، تەنها بۆ کڕینی کاڵا مرۆییەکان وەک دەرمان و خۆراک ڕێگەی پێدەدرێت، بەڵام وەک ئەوەی پارەیەکی نەخت بێت بۆ ئێران و بتوانێت سوودی ڕاستەوخۆی لێوەربگرێت، ئەوەیان ڕێگەپێنەدراوە.

بەمشێوەیەش هەتا ئەوکات ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ڕێگەی پێنەدەن، ئەو ملیاران دۆلارەی ئێران تەنها وەک ژمارەی سەر کاغەز لە بانکەکاندا دەمێننەوە، بەبێ ئەوەی هاووڵاتیانی ئێران سوودی لێ ببینن یان حکومەتەکەیان بتوانێت بۆ مەرامە سیاسییەکانی بەکاریبهێنێت.
بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە؛ بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەستگیرکرا

پەنجەرە

بەپێی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکراوە، هێزێکی تایبەت بە هاوکاری تیمێکی دەستەی دەستپاکی عێراق، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی-یان دەستگیرکردووە.

دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی نەوت لە کاتێکدایە، کە تەنها چەند کاتژمێرێک پێشتر، عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕێنماییدابوو بە چالاککردنەوەی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیاریی و وردەکارییەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستگیرکردنی جومەیلی و ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەی لە دژی گیراونەتەبەر، ڕانەگەیاندووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو