دزەکردن لە تاریکیدا؛ کەشتییەکان چۆن لە تەنگەی هورمز تێدەپەڕن؟
٣١ ئایار ٢٠٢٦ - ١١:١٦ پێش نیوەڕۆ
پهنجهره
هەرچەندە تەنگەی هورمز بە تەواوی کراوە نییە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»، هەندێک لەو کەشتییانەی لەگەڵ سوپای ئەمهریکا هەماهەنگی دەکەن، لهوهتێگهیشتوون کە تەنگەکە بە تەواویش دانەخراوە. لە هەفتەکانی ڕابردوودا، چەندین کاروانی کەشتی کە هەندێکیان گەورەترین تانکەری نەوت و غازی سروشتیی شلکراوەی جیهان بوون، لەم ڕێڕەوە «مەترسیدارە» تێپەڕین؛ ئەمەش لە نێو شەڕی ئێستادا، بووەتە هەناسەیەکی کەم بۆ ئابووریی جیهان.
هەندێک لە کەشتییەکان وەک ئەوەی باوە؛ بە شێوازی «خۆحهشاردهرانه» دەست بە گەشت دەکەن، بە جۆرێک گڵۆپەکان دەکوژێننەوە و ئامێرەکانی نیشاندانی شوێن کە بە «سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS)» ناسراوە، ناچالاك دهكهن. پەکخستنی ئەم خزمەتگوزارییە وا دەکات شوێنپێی کەشتییەکان بە ئەلیکترۆنی هەست پێ نەکرێت و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران کەمتر دەبێتەوە.
بۆ تێپەڕین لە تەنگەکە، بەشێک لە کەشتییەکان پەیوەندییان بەردەوام دهبێت لەگەڵ سوپای ئەمهریکا کە چاودێریی بەندەرەکانی ئێران دەکات و ڕادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامرازی دیکە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی دەریاوانی بەکاردەهێنێت، تاوەکو یارمەتیی کەشتییەکان بدات بە سەلامەتی تێپەڕن.
بە وتەی خاوەن کەشتییەکان و بەرپرسانی ئەمهریکی، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاوێژ دەداتە کەشتییەکان سەبارەت بەوەی کەی پێویستە پەیوەندییەکان ببڕن و چۆن وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران بدەنەوە.
تاقیکردنەوەی هەژموونی تاران
تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەبێ زیان لە تەنگەکەدا، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئاستی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا، هەروەها تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەژموونی تاران لەسەر مێزی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمهریکا، کە تێیدا «ئازادیی دەریاوانی» وەک خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی ماوەتەوە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هێزی دەریایی سەر بە «سوپای پاسداران» کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوە ئاوییەکە دەپارێزێت. بەپێی ڕاپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمهریکا (سێنتکۆم)، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سوپای پاسداران هەوڵی چاندنی مینی دەریایی داوە و پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری لە دەوروبەری تەنگەکە ئاراستە کردووە.
لە بەرامبەردا، ئەمهریکا بە نوقمکردنی بەلەمە مینڕێژکەرەکانی سوپای پاسداران و بۆردوومانکردنی پێگەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران وەڵامی دایەوە. واشنتۆن ئەم هێرشانەی بە «بەرگری» وەسف کرد و جەختی لە بەردەوامیی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کردەوە.
لە دانوستانە بەردەوامەکاندا، ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت لە داهاتوودا ڕۆڵی هەبێت لە ڕەزامەندیدان لەسەر جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەکەدا، لەوانەش ئەگەری سەپاندنی باجی تێپەڕبوون، کە ئەمەش بابەتێکە واشنتۆن بە توندی ڕەتیدەکاتەوە.
«هەمووان چاوەڕێی دەرفەتن»
لەم هەفتەیەدا، تانکەرێکی زەبەلاحی یۆنانی کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، لە کاتی تێپەڕبوونی بە ڕێڕەوە ئاوییەکەی کەناراوەکانی عومان، پەیوەندیی بە سوپای ئەمریکاوە کردووە. ئەو کەشتییە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە لە کەنداو گیریخواردبوو، ئێستاش بەرەو هیندستان بەڕێوەیە بۆ گەیاندنی بارەکەی.
میشێل بوکمان، شرۆڤەکاری هەواڵگریی دەریایی لە کۆمپانیای «ویندوارد» دەڵێت: «هەمووان چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاون بۆ دەربازکردنی کەشتییەکانیان».
بەپێی زانیارییەکانی ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە و تۆمارەکانی کۆمپانیای «کیپلەر» کە تایبەتە بە شوێنکەوتنی جووڵەی کەشتییەکان، کەشتیی «فیکستار» کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیایەکی چینی دەگەڕێتەوە، شەوی ١٧ـى ئایار توانی بە سەرکەوتوویی لە تەنگەکە تێپەڕێت؛ ئەم کەشتییە باری پەینی کیمیاوی لە ئیماراتەوە بۆ بەڕازیل هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی نزیکەی سێ مانگ لە کەنداو مابووەوە. ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە ڕوونیکردەوە کە شەوانە سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکییان کوژاندووەتەوە و بە درێژایی کەناراوەکانی عومان گەشتیان کردووە.
تا ئێستاش ژمارەی ئەو کەشتییانەی ڕۆژانە لە تەنگەی هورمز دەپەڕنەوە زۆر کەمە بەراورد بە پێش هەڵگیرسانی شەڕ، کە ئەو کات ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ کەشتی تێیدا تێپەڕ دەبوون.