مەڕ کێشە دەخاتە نێوان سوریا و عێراقەوە؛ ململانێی "تەندروستی و ئابووری" لەسەر هەناردەی "عەواس"

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٤:٥١ پاش نیوەڕۆ

مەڕ کێشە دەخاتە نێوان سوریا و عێراقەوە؛ ململانێی "تەندروستی و ئابووری" لەسەر هەناردەی "عەواس"

په‌نجه‌ره‌

تەنها دوو هەفتە دوای کردنەوەی دەروازە نوێیەکانی ترانزێت، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان سوریا و عێراق تووشی گرژییەکی چاوەڕواننەکراو بوون. بڕیارێکی کتوپڕی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ڕاگرتنی تێپه‌ڕینی مەڕی سوریی بە خاکی عێراقدا بەرەو وڵاتانی کەنداو، مشتومڕێکی فراوانی لەسەر ئاستی فەرمی و بازرگانی لێکەوتووەتەوە.

پەتایەک کە ڕێگاکانی گرت

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە هەنگاوێکی کتوپڕدا به‌ چه‌ند ڕۆژێكى كه‌م پێش جه‌ژن، بڕیاری دا "ترانزێت"ـی ئاژەڵی زیندوو لە سوریاوە بۆ وڵاتانی کەنداو ڕابگرێت. زەینەب ڕەحیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ڤێتێرنەری عێراق، ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە "ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی کاتییە".

هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە بۆ گەیشتنی زانیاری ورد دەگەڕێتەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای "تای پێ و ده‌م ( Foot-and-Mouth Disease - FMD) ) (الحمى القلاعیه‌)" لە چەند پارێزگایەکی سوریا. لایەنی عێراقی جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی لە پێشینەی کارەکانیانە و ڕێکارە تەندروستییەکان بێ جیاوازی بەسەر هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێن.

لە بەرامبەردا، لایەنی سوری بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە. مازن عەلوش، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گشتی گومرگی سوریا، ڕایگەیاند کە ئەوەی دەوترێت "دوورە لە ڕاستییەوە" و هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی نێودەوڵەتی نییە بڵاوبوونەوەی پەتا لە سوریا بسەلمێنێت.

گورزێکی ئابووری لە لووتکەی وەرزدا

ئەم کێشەیە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت؛ تەنها چەند رۆژێك پێش جەژنی قوربان کە تێیدا خواست لەسەر مەڕی "عەواس"ـی سوری لە بازاڕەکانی کەنداودا دەگاتە ئەوپەڕی.

بۆ بازرگانانی سوریا، ڕێگەی عێراق "خەونێکی ئابووری" بوو کە زۆر نەخایاند، بەوپێیەی تێچووی هەر سەر مەڕێک لە ڕێگەی عێراقەوە ٣٠ دۆلارە، لەکاتێکدا لە ڕێگەی ئوردنەوە ٦٠ دۆلار بوو. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ڕێگەی عێراق (لە ڕێگەی مەرزی عەرعەرەوە بۆ سعودیە) ٣٠٠ کیلۆمەتر کورتترە لە ڕێگەی ئوردن، ئەمەش ماندووبوون و مرداربوونەوەی ئاژەڵەکان کەمدەکاتەوە.

ڕێڕەوی گەشتەکە؛ لە "تەنەف"ـەوە بۆ "عەرعەر"

ئەم هێڵە بازرگانییە نوێیەی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦ـدا دەستیپێکرد، وا دیزاین کرابوو کە بارهه‌ڵگره‌ سورییەکان لە مەرزی (تەنەف-وەلید)ـەوە بێنە ناو خاکی عێراق، پاشان بە پارێزگای ئەنبار و شارۆچکەی ڕوتبە و ڕومادیدا تێپەڕ بن، تاوەکو دەگەنە مەرزی "عەرعەر"ـی نێوان عێراق و سعودیە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، لەو ماوە کورتەی کە ڕێگاکە کراوە بووە، چەندین قافڵەی گەورە کە هەزاران سەر مەڕی تێدابووە تێپه‌ڕیون، بەڵام سەدان بارهه‌ڵگر لە چاوەڕوانیدا پەکخراون یان ناچاربون و كه‌ هه‌ن  بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای ئوردن کە تێچووەکەی دوو هێندەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو