سەرچاوەیەکی باڵای هەرێم بۆ پەنجەرە : بەهۆی کەمبوونی داهاتی ناوخۆوە، ناتوانرێت ١٢٠ ملیار دینارەکە کۆبکرێتەوە
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، بەهۆی بڕینی بڕی ٨٠ ملیار دینار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە کۆی گشتیی بودجەی مووچەی مانگی پێنج ، گرفتێکی دارایی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی ئەم کێشەیەوە، تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست هاوتا نەکراوە و دابەش نەکراوە.
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا؛ چونکە لە ئێستادا داهاتی ناوخۆیی هەرێم بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە ناوخۆدا مەحاڵە.
لە کۆتاییدا ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەگەر کێشەی ئەو ١٢٠ ملیار دینارە لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە زوویی چارەسەر نەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گرفتێکی دارایی زۆر گەورەتر دەبێتەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە دەبێت."