قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە ٦٤ تریلیۆن دینار
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەرلەمانتارێکی پێشوو ی عێراق ئاشکرای دەکات کە قەبارەی قەرزی ناوخۆیی حکومەتی عێراق گەیشتووەتە ٦٤ تریلیۆن دینار. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و دابەزینی فرۆشی نەوت، حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ڕووبەڕووی چەند بژاردەیەک بووەتەوە.
رسوڵ رازی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، داهاتی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ئەم دۆخەش حکومەت ناچار دەکات پەنا بباتە بەر چەند بژاردەیەک بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران."
بژاردەکانی بەردەم حکومەت
رازی ڕوونیکردەوە کە بودجەی عێراق لە خەرجییە گشتییەکان، سیادییەکان، وەبەرهێنان و خەرجییەکانی بەگەڕخستن (تەشغیلی) پێکدێت، کە ئەمەی دواییان گەورەترین پشکی بودجە دەبات. لەبەر ئەوە، حکومەت لە ئێستادا لەبەردەم چەند بژاردەیەکدایە، کە دیارترینیان قەرزکردنە لە بانکەکانی (رافیدەین و رەشید) یان لە بانکی ناوەندی عێراق.
هۆکاری بەرزبوونەوەی قەرزە ناوخۆییەکان
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کەمبوونەوەی داهاتە گشتییەکانی دەوڵەت، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی حکومەت پەنا بباتە بەر قەرزی ناوخۆیی لە بانکەکان، بە جۆرێک کە لە ئێستادا کۆی ئەو قەرزە ناوخۆییانە گەیشتووەتە ٦٤ تریلیۆن دینار بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو کورتهێنانە داراییەی لە گەنجینەدا دروستبووە، پڕبکرێتەوە.