لە رەمزێکی مێژووییەوە بۆ پێگەیەکی سەربازیی؛ چی هۆکارێک لەپشت کۆنترۆڵکردنی قەڵای شەقیفەوەیە؟
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵکردنی قەڵای مێژوویی "شەقیف" لە باشووری لوبنان لەلایەن هێزەکانیەوە، "وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە"یە لە هێرشەکانی وڵاتەکەی دژ بە حیزبوڵا.
نەتانیاهو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: "ئەمڕۆ بە شێوازێکی جیاواز گەڕاینەوە بۆ قەڵای شەقیف؛ یەکگرتوو، خاوەن بڕیار و بەهێزتر لە هەر کاتێکی تر گەڕاوینەتەوە."
ئەو ههروهها وتیشی: "کۆنترۆڵکردنی قەڵای شەقیف وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەیە.ئێمە بەربەستی ترسمان شکاندووە و لە هەموو بەرەکانی سووریا، غەززە و لوبناندا کار دەکەین."
له لایهکی ترهوە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕێگەی چەناڵی فەرمی خۆی لە تێلێگرام نووسیویەتی: "دوای چل و چوار ساڵ لەو جەنگە قارەمانانەیەو لە ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە یەکەم جەنگی لوبنان (١٩٨٢) کوژران، سەربازەکانمان گەڕانەوە بۆ لوتکەی قەڵای شەقێف و جارێکی تر ئاڵای ئیسرائیلیان لەوێ شەکاندەوە."
خاڵێکی چاودێریی ستراتیژیی
کۆنترۆڵکردنی قەڵای شەقیف هێزەکانی ئیسرائیل دەکاتە خاوەنی خاڵێکی چاودێریی باڵا، کە بەسەر زۆربەی ناوچەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیلدا دەڕوانێت.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکەیان سەرنجی خستووەتە سەر کۆنترۆڵکردنی قەڵای شەقێف و ناوچەی "وادی سلوقی"، لەگەڵ لاوازکردنی حیزبوڵڵا و ژێرخانە سەربازییەکانی لەو بەرزاییانەدا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان لە باشووری لوبنان و لابردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ناوچەی تلیلیەی جەلیل و شارۆچکەی مەتولە" دێت.
بەهایەکی ڕەمزیی مێژوویی
ئەم شوێنەوارە مێژووییە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی هێرشی خاچپەرستەکان دەگەڕێتەوە، خاوەن بەهایەکی ڕەمزیی گەورەیە؛ چونکە لە ماوەی دوو دەیەی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (تا ساڵی ٢٠٠٠) وەک بنکەیەکی سەرەکیی هێزەکانی ئیسرائیل بەکار هاتووە.
گرتە ڤیدیۆییەک کە لەلایەن وێنەگرێکی ئاژانسی "فرانس پرێس"ەوە لە شارۆچکەی "قلیعە" (کە ٤ کیلۆمەتر لە قەڵاکەوە دوورە) تۆمارکراوە، نیشانی دەدات کە ئاڵای ئیسرائیل لە پاڵ ئاڵای تیمی "گولانی" (یەکێک لە تیپە سەرەکییەکانی سوپای ئیسرائیل) هەڵکراوە، لە کاتێکدا دەنگی تۆپباران و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە دەوروبەری قەڵاکە دەبیسترا.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری ڕووباری "زەهرانی" لە لوبنان داوە (کە نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە)، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر، سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە مانگی نیساندا ڕاگەیەندرابوو بەڵام کاری پێنەکرا.
شوێنەوارێکی گرنگ لە ژێر مەترسیدا
قەڵای شەقێف لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە لەلایەن ڕێکخراوی یوونسکۆوە (UNESCO) پارێزبەندییەکی توندی پێدراوە. غەسان سەلامە، وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان، ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکدا بۆ فرانس پرێس هۆشداری دابوو لەوەی کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، ژمارەیەک شوێنەواری گرنگی لوبنان لە بەردەم "مەترسییەکی جدی"دان، بەتایبەتی قەڵای شەقێف.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ٢ی ئازاردا، بووەتە هۆی کوژرانی ٣,٣٧١ کەس. لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە کوژرانی سەربازێکی خۆی بەهۆی درۆنێکی حیزبوڵڵاوە ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە گەیشتە ٢٥ کەس (کە ٢٤یان سەرباز و یەکێکیان بەڵێندەرێکی مەدەنییە).