"کوڕەکەی سولەیمانی"؛ محەمەد ساعدی سێ ڕۆژ پێش کوژرانی خامنەیی بینیوە

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٤ پاش نیوەڕۆ

"کوڕەکەی سولەیمانی"؛ محەمەد ساعدی سێ ڕۆژ پێش کوژرانی خامنەیی بینیوە

پەنجەرە

ڕۆژنامەی "سەندەی تایمز"ـی بریتانی پەردە لەسەر وردەکاریی نوێی دۆسیەی "محەمەد باقر سەعد داود ئەلساعدی" لادەبات، کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی زنجیرەیەک هێرش لە بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمریکای باکوور. 

ساعدی لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕایگەیاندووە کە تەنها سێ ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵی کۆبووەتەوە.

ساعدی لەم مانگەدا لە تورکیا دەستگیرکرا، دوای ئەوەی هەوڵیدابوو کارمەندێکی نھێنی FBI (کە پێی وابوو ئەندامی کارتێلێکی مکسیکییە) بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەمریکا ڕابسپێرێت.

لە ئێستادا ناوبراو لە نیویۆرکە و ڕووبەڕووی ٨ تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر بووەتەوە، پارێزەرەکەشی داوای کردووە وەک "دیلی جەنگ" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ لوتکەی دەسەڵات

ساعدی (٣٢ ساڵ) کە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانییە، بە لێکۆڵەرە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران هەبووە، بە جۆرێک خۆی وەک "کوڕی قاسم سولەیمانی" ناساندووە.

هەروەها ئاشکرایکردووە کە سێ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل و کوژرانی خامنەیی، لە تاران لەگەڵ ڕێبەری ئێران کۆبووەتەوە؛ سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاواش دەڵێن ئەم زانیارییانە "جێگەی بڕوان".

فەرماندەییکردنی هێرشەکان لە ڕێگەی "فایس تایم"ـەوە

بەپێی لائیحەی تۆمەتەکان کە لە ٣٥ لاپەڕە پێکهاتووە، ساعدی لەناو حەشارگەیەکی تاریک لە عێراقەوە و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "فەیس تایمە"ـەوە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی بە جێبەجێکارانی هێرشەکان داوە لە لەندەن.

ئەو تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی ١٨ هێرش، لەوانە سووتاندنی بنکە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی جووەکان لە ناوچەی "گۆڵدەرز گرین" لە لەندەن.

گروپێکی سێبەر بۆ شەڕی دەروونی

داواکاری گشتی ئەمریکا دەڵێت ساعدی گرووپێکی بەناوی "بزوتنەوەی ئەسحابولیەمینی ئیسلامی" وەک پەردەیەک بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانی "کەتائیبی حــ..ـی..ـزبـ..ـوڵای عێراقی" کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بەوتەی خۆیان ئامانجی سەرەکییان ئەنجامدانی "شەڕی دەروونی" و تێکدانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بووە لە ڕێگەی بەکرێگرتنی "تاوانبارانی بچووک" بە پارەی دیجیتاڵی (کریتۆ).


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو