عەلی زەیدی: ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەرتیلم پێدراوە بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسییەیەک
٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە پێشهاتێکی کەموێنەدا لە مێژووی حکومەتەکانی عێراقدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەرتیلی پێشکەشکراوە بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوت.
زەیدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکارانی عێراقی کە دەزگا میدیاییە عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان گواستووەتەوە، ڕایگەیاندووە: بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری پێشنیار کردووە تاوەکو چاوپۆشی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی ناو وەزارەتەکە بکەم.
ئەم لێدوانانەی زەیدی هاوکات بوون لەگەڵ دەستگیرکردنی عەدنان حەمەد حەموود، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری پێشووتری کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە میدیاکان وەک ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێدەکەن کە تێوەگلاوە لە پێشنیارکردنی بەرتیلەکە.
زەیدی جەختی لەوەکردەوە کە ئاستی گەندەڵی لە وڵات گەیشتووەتە قۆناغێک کە گەندەڵکاران نەک تەنها لە یاسا ناترسن، بەڵکو دەوێرن بەرتیل بە بەرزترین بەرپرسی جێبەجێکردن لە وڵاتدا بدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە "ئەنجومەنی باڵای سیادی بۆ دەستپاکی و چاودێریی و گێڕانەوەی ماڵی گشتی" پێکدەهێنن کە کاردەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکاندا بکات و ڕێگە لە هەر بەهەدەردانێکی سامانی گشتی بگرێت، بەتایبەت ئەو "گرێبەستە گوماناوییانەی لە ماوەکانی ڕابردوودا واژۆ کراون".