واشنتۆن ستراتیژییەتێکی نوێ لە عێراق پەیڕەو دەکات؛ تۆم باراک دەبێتە پیاوی یەکەمی ترەمپ لە بەغداد

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٢ پاش نیوەڕۆ

واشنتۆن ستراتیژییەتێکی نوێ لە عێراق پەیڕەو دەکات؛ تۆم باراک دەبێتە پیاوی یەکەمی ترەمپ لە بەغداد

پەنجەرە 

کۆشکی سپی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە هەستیارەکانی ناوچەکە، پەنا بۆ دەسەڵاتە ڕاستەوخۆکانی سەرۆک دەبات و بە ناردنی نوێنەری تایبەت، ڕۆڵی دامەزراوە دیپلۆماسییە نەریتییەکان کەم دەکاتەوە.

کۆشکی سپی بە فەرمی ستراتیژییەکی نوێ لە عێراق پەیڕەو دەکات کە تێیدا پشتبەستن بە باڵیۆزخانە و وەزارەتی دەرەوە کەمدەکاتەوە و بڕیارەکان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێردە تایبەتەکانی سەرۆکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە سووریا، تۆم باراک وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرا.

میکانیزمی یاسایی و پلانی دۆناڵد ترەمپ

بەپێی یاساکانی ئەمریکا، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە نێردەی تایبەت بۆ ماوەی شەش مانگ بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس دابنێت، بە مەرجێک بتوانیت بۆ شەش مانگی دیکەش وادەکەی نوێ بکاتەوە.
دیاریکردنی باراک بۆ ئەم پۆستە نوێیە، دوای ئەوە هات کە مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی فەرمی ئەرکی ناوبراوی لە سووریا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانە گشتییەکەی دۆناڵد ترەمپ کە تێیدا دەیەوێت لە ڕێگەی دەستەبژێرێکی متمانەپێکراوەوە کار بکات، نەک لە ڕێگەی  وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکان.

کەمبوونەوەی ڕۆڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاتنی تۆم باراک بۆ عێراق، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵ و قورسایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لاواز دەکات. لەمەودوا باراک دەبێتە سەرپەرشتیاری سەرەکی سەرجەم دۆسیەکان و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆشکی سپی مامەڵە دەکات، ئەمەش هێڵی پەیوەندییە نەریتییەکانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە.
هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و پەیوەندییەکانی باراک

تۆم باراک خاوەنی تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندییە لە ناوخۆی عێراقدا، بەتایبەتی لەگەڵ فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم پەیوەندییە نێوانگیرییەکی سەرەکی دروستکردووە؛ بە جۆرێک فایەق زەیدان لە ڕێگەی تۆم باراکەوە توانیویەتی عەلی زەیدی (سەرۆک وەزیران) بە واشنتن بناسێنێت و بیهێنێتە پێشەوە. لێکتێگەیشتنەکانی پشت پەردەی نێوان ئەم لایەنانە وایکردووە کە لە ئێستادا عەلی زەیدی ببێتە جێگەی بایەخ و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ قۆناغی داهاتوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو