١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییەی وێنەی “پیاوی تانکیی تاران”ی گرتبوو

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٣ پاش نیوەڕۆ

١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییەی وێنەی “پیاوی تانکیی تاران”ی گرتبوو

پەنجەرە

مەسعود پیاهوو، ئەو هاووڵاتییەی کە دیمەنی خۆپێشاندانە بەناوبانگەکەی ناسراو بە «پیاوی تانکیی تاران»ی تۆمار کردبوو، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و دۆسیەکەی لە لێواری جێبەجێکردندایە.

ئەم وێنەیە کە بەر لە خۆپێشاندانەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە گەرمەی نارەزایەتییەکانی بازاڕدا گیرابوو، دیمەنی خۆپێشاندەرێک نیشان دەدات کە لە بەردەم هێزە ئەمنییەکان و یەکەی تایبەتدا لەسەر زەوی دانیشتووە. وێنەکە دوای بڵاوبوونەوەی، بوو بە هێمایەکی دیاری بەرگریی مەدەنی و خۆڕاگریی تاکەکەسی لە دژی هێزە ئەمنییەکان.

تۆمارکردنێکی ڕێکەوت و سزایەکی قورس

حەسەن ئاخانی، پارێزەری مەسعود پیاهوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی هەواڵیی «ئیمتیداد» ڕایگەیاندووە کە بریکارەکەی لە کاتی کارکردندا لە بازاڕێکی سەر بە شەقامی "کۆماری"، بەڕێکەوت و بە مۆبایلەکەی ئەو دیمەنەی تۆمار کردووە. 

بە گوتەی ئەو، ڤیدیۆکە بە مه‌بەستی بڵاوکردنەوەی گشتی نەبووە و تەنیا لە "ستۆریی تایبەتی" ئینستاگرامەکەیدا دایناوە، بەڵام کەسێکی دیکە ڤیدیۆکەی وەرگرتووە و بڵاوی کردووەتەوە.

پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی بریکارەکەی بانگهێشت کردووە. پیاهوو دوای خۆناساندنی دەستبەسەر کراوە و دۆسیەکەی سەرەتا لە لقی سێیەمی لێکۆڵینەوە و دواتر بۆ لقی ٢٣ی دادگا ڕەوانە کراوە.

ئااخانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرگرییەکانی بریکارەکەی لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە هیچ مەبەستێکی بۆ بڵاوکردنەوەی گشتی، هاوکاری، یان چالاکییەکی ڕێکخراو نەبووە؛ بەڵکو کاتێک ویستوویەتی هاوڕێکانی لە داخرانی شەقامەکە ئاگادار بکاتەوە، بەڕێکەوت دیمەنی دانیشتنی ئەو خۆپێشاندەرەی لە بەردەم هێزە ئەمنییەکاندا تۆمار کردووە.

تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل

سەرەڕای ئەم بەرگرییانە، لقی ٢٣ی دادگا ڕوونکردنەوەکانی پەسەند نەکردووە و پیاهووی بە "ئەنقەست لە بڵاوکردنەوە و هاوکاری" تۆمەتبار کردووە. لە کۆتاییدا، مەسعوود پیاهوو لەسەر بنەمای یاسای "توندکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا  دراوە، کە ئەم سزایە لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتیشەوە پەسەند کراوە.

ئێستا دۆسیەکە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە نێردراوە و بە گوتەی پارێزەرەکەی، پیاهوو دەبێت خۆی ڕادەستی زیندان بکات. پێشبینی دەکرێت شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە، زیندانی "تارانی گەورە" (فەشافویە) بێت.

حەسەن ئااخانی دەڵێت:تاکە ڕێگەیەک کە مابێتەوە، پێشکەشکردنی داواکاریی پێداچوونەوەیە بە حوکمەکەدا بۆ ئەوەی ڕەنگە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکرێت. تاکە داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە تەنیا و تەنیا یاسا جێبەجێ بکرێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو