کاکە حەمە بۆ یەکێتی و پارتی: پەرلەمانتارەکەی ئێمە نایەتە پاڵ هیچ لایەکتان
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاری خۆی لەسەر ئەندامەکەی لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەکاتەوە و ڕەتیدەکاتەوە بچێتە پاڵ هیچ کام لە جەمسەرە سەرەکییەکانی دەسەڵات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبەکە، بە فەرمی هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە هەڵوێستی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە. بەپێی سەرچاوەکە، ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە پەرلەمانتارەکەیان ناچێتە پاڵ هیچ کام لەو دوو حزبە.
سەرچاوە باڵاکەی سۆسیال دیموکرات ئاماژەی بەوەش کرد، محەمەدی حاجی مەحمود بە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی ڕاگەیاندووە:”پەرلەمانتارەکەی ئێمە نایەتە پاڵ هیچ لایەکتان لە دژی لایەنەکەی تر."
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە حزبەکەیان وەک هێزێکی بێلایەن دەمێنێتەوە و نابێتە هۆکاری قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، تا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسەکان بەڕێککەوتنی کۆتایی دەگەن.