پارتی و یەکێتی لە بەردەم گەڕێکی نوێی کێشمەکێشدا؛ هاوپەیمانێتی بەرامبەر "گرەوی" پەرلەمانتاران

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پارتی و یەکێتی لە بەردەم گەڕێکی نوێی کێشمەکێشدا؛ هاوپەیمانێتی بەرامبەر "گرەوی" پەرلەمانتاران

پەنجەرە

ململانێی توند و قووڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، وایکردووە هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکە بە دوو ستراتیژی دژ بەیەک و جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی نوێی دوای هەڵبژاردندا بکەن؛ یەکێتی هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان دەدات، لە بەرامبەریشدا ئەگەری هەیە پارتی پەنا بباتە بەر راکێشانی تاکە تاکەی پەرلەمانتاران بۆ مسۆگەرکردنی نیسابی یاسایی.

بەرەکەی یەکێتی؛ ٣٨ یا ٣٩ کورسی؟

یەکێتی لە یەکەم هەنگاوی کرداریدا سەرکەوتوو بوو لە رێککەوتن لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کە پێکەوە ژمارەی کورسییەکانیان دەگاتە ٣٨ کورسی. بەڵام بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی،  رایگەیاند کە هاوپەیمانێتییەکەیان گەیشتووەتە ٣٩ کورسی. هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی هیچ رێککەوتنێکی رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەو کورسییە زیادەیە هی بزووتنەوەی گۆڕان بێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکانی پێشووی یەکێتی بۆ راکێشانی رەوتی هەڵوێست و حزبی سۆسیالیست بۆ نێو بەرەکەی، بێئەنجام بوون.

ستراتیژی فشاری یەکێتی و رەتکردنەوەی پارتی

ئامانجی سەرەکی یەکێتی لەم هاوپەیمانێتییە، چوونە نێو دانوستانەکانە لە پێگەیەکی بەهێزەوە تا بتوانێت پۆستە باڵاکانی حکومەت بە نیوەبەنیوە (٥٠ بە ٥٠) لەگەڵ پارتیدا بەش بکات. لە بەرامبەردا، پارتی تا ئێستا بە توندی ئەم هاوکێشەیە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە تەنها لەگەڵ یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن ٢٣ کورسی کۆدەبێتەوە، نەک وەک بەرەیەکی فرەلایەن.

پارتی و گرەوی "کۆکردنەوەی پەرلەمانتاران"

پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی و جدی بۆ پێکهێنانی حکومەت نەناوە و هێشتا چاوەڕوانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ یەکێتیدا. بەڵام ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە بگەڕێنەوە خاڵی سفر، تاکە کارتی دەستی پارتی کارکردن دەبێت لەسەر راکێشانی پەرلەمانتاران بە شێوازی تاکەکەسی بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی (٥١ کورسی).
هەرچەندە بەرپرسانی پارتی لە کۆبوونەوە داخرراوەکانیاندا گەشبینن بەوەی دەتوانن ئەو ژمارەیە مسۆگەر بکەن، بەڵام چاودێران پێیان وایە کۆکردنەوەی ٥١ پەرلەمانتار لە دەرەوەی بازنەی یەکێتی و هاوپەیمانەکانی، کارێکی هێندە ئاسان نابێت.

بن بەست یان هەڵبژاردنێکی تر؟

ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بنبەستێکی کوشندە دەبێتەوە. لەو دۆخەشدا، هەرێم یان دەکەوێتە ناو قۆناغێکی درێژخایەنی چەقبەستوویی سیاسی، یانیش لایەنەکان ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر تەنها بژاردەی دەربازبوون، ئەویش دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو