دۆسییەکەی دانا ئەحمەد مەجید بە هەڵواسراویی ماوەتەوە
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆسیەی ناساندنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە دیوانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هەڵواسراویی ماوەتەوە و تائێستا چارەنووسی یەکلانەکراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە کۆنفرانسی کەرکوکی بزووتنەوەی گۆڕاندا، دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، بە مەبەستی ئەوەی لە داهاتوودا وەک رێکخەری گشتی مامەڵەی فەرمی لەگەڵدا بکەن."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە دۆخەکە دوای بڕیارەکەی بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و وتی: "پاش ئەوەی رێکخەرێتی دانا ئەحمەد مەجید لەلایەن دادگای عێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە، کارکردن بەو نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆ بە هەڵواسراوی ماوەتەوە؛ چونکە تائێستا هیچ نووسراوێکی نوێ یان رێنماییەکی تر بەدوای ئەو بڕیارەدا نەهاتووە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردنی یاسایی لەگەڵ ناوبراودا بۆ لەمەودوا."