کۆمپانیا نەوتییەکان لەترسی هێرشی درۆنی نەوت بەرهەم ناهێنن؛ میلیشیا شیعەکان هەرێم بەقاچاخچێتی نەوت تۆمەتبار دەکەن
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میدیای سەر بە میلیشیا شیعەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە چاودێرییەکانی بەغدا، ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە نەوتی هەرێم بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە، بە جۆرێک ڕۆژانە لە نێوان ١٨٠ بۆ ٢٢٠ هەزار بەرمیل دەبرێتە دەرەوە و هەندێکجار ژمارەکە بۆ نزیکەی ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
بەپێی میدیای میلیشیاکان، پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگای سیستەمێکی جوگرافی و لۆجیستیی زۆر ئاڵۆزەوە دەبرێتە دەرەوە؛ نەوتەکە لە ڕێگەی بۆریی نایاساییەوە کە بە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆسدا بەرەو سنوورەکان ڕاکێشراون. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەکارهێنانی رێڕەوی وشکانی و ئەو مەرزە نافەرمییانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دانیان پێدانەنراوە و لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەش، سوود لە سنوورە کراوەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکان (وەک دەروازەی سێمالکا) وەردەگیرێت وەک خاڵی سەرەکی بۆ پەڕینەوەی تانکەرەکان بەرەو خاکی سووریا. لەم ڕێڕەوانەدا، ڕۆژانە کاروانێکی گەورە کە لە ٧٠٠ بۆ ١,٠٠٠ تانکەر پێکهاتووە، بە ڕێڕەوەکانی دەوروبەری دهۆک و هەولێردا بەرەو تورکیا تێپەڕ دەبن.
بەپێی ئەو میدیایانە، هەرێم لە ئێستادا ڕۆژانە لە نێوان ٢٤٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە تەنها ٥٠ بۆ ٧٠ هەزار بەرمیلی لە ناوخۆدا بەکار دێت، لە کاتێکدا باقیەکەی لە بازرگانیی نایاساییدا بەکار دەهێنرێت. ئەمەش هۆکارە بۆ بێبەشکردنی بودجەی گشتیی دەوڵەتی فیدراڵ لە داهاتێکی دارایی گەورە کە ساڵانە بە نزیکەی ٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ەرلەمانتار یاسر ئەسکەندەر وتوت، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەمیدیای سەر بە میلیشیاکانی راگەیاندووە، هەرێم سیاسەتی جیابوونەوە پەیڕەو دەکات و لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدایە کە دەستووری عێراق دیاریی کردووە، هاوکات حکومەتەکانی پێشووی تۆمەتبار کرد بە خەمساردی و نەرمی نواندن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمدا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
وتیشی:"هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا لە ئاستی نەبووندایە، بەتایبەتی کە هەولێر بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بەعسییەکان و تاوانباران، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ناسەقامگیریی ئەمنی لە وڵاتدا."
له کۆتاییدا وتوت ئاماژەی بەوە کرد: "پڕۆسەکانی قاچاخچێتیکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە گەرمی و بەبێ گوێدانە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بەردەوامە،" و داوای لە حکومەتی ئێستا کرد کە سیاسەتی نەرمی نواندن و ڕازیکردن لەگەڵ هەرێمدا پێڕەو نەکات، وەک ئەوەی لە قۆناغەکانی پێشوودا ڕوویدا.
تۆمەتبارکردنی هەرێم بە قاچاخچێتی نەوت لەلایەن میدیای میلیشیا شیعەکان لەکاتێکدایە، کۆمپانیا نەوتییەکان کارکردنیان لە
کێڵگە نەوتییەکان بەهۆی هێرشی درۆنییەوە راگرتووەو نەوت بەرهەم ناهێنن و داوای گەرەنتی ئەمنی دەکەن.