حوکمڕانیی دیفاکتۆ؛ چۆن پەککەوتنی پەرلەمان شەرعییەتی لە دامەزراوە چاودێرییەکان سەندەوە؟

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ

حوکمڕانیی دیفاکتۆ؛ چۆن پەککەوتنی پەرلەمان شەرعییەتی لە دامەزراوە چاودێرییەکان سەندەوە؟

پەنجەرە

پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەرگاكانی بەڕووی قۆناغێکی مەترسیداری "بۆشایی یاسایی"دا کردووەتەوە کە ڕاستەوخۆ دەمارە سەرەکییەکانی چاودێری و شەفافییەتی لە هەرێمی کوردستاندا ئیفلیج کردووە.

ڕێکخراوی "ستۆپ" بۆ چاودێریی پەرلەمان و دژایەتیکردنی گەندەڵی، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لەژێر ناونیشانی (حوکمڕانی لە بۆشایی یاساییدا، مەترسییەکانی گۆڕینی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دیفاکتۆیەکی درێژخایەن)، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەدات: سەرجەم سەرۆکی دامەزراوە چاودێریی، یاسایی و مرۆییەکانی هەرێم ماوەی یاساییان بەسەرچووە، یاخود بە وەکالەت و بەبێ سەرۆکی فەرمی بەڕێوەدەبرێن. ئەم دۆخەش کوشندەترین گورزی لە لێپرسینەوە و ڕێگری لە پێشێلکارییەکان وەشاندووە.

لێرەدا تیشک دەخرێتە سەر دۆخی یاسایی ئەو چوار دامەزراوە هەستیارەی هەرێم کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:

١. دەستەی دەسپاکی؛ ٨ ساڵە لە دەرەوەی وادەی یاسایی کاردەکات

دەستەی دەسپاکی کە بڕبڕەی پشتی شەڕی دژ بە گەندەڵییە، خۆی لەناو کێشەیەکی گەورەی یاساییدایە. ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەکە لە نیسانی ٢٠١٨ەوە (واتە زیاتر لە ٨ ساڵە) کۆتایی هاتووە. سەرەڕای ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا سەرۆکی دەستەکە سێ جار بە فەرمی داوای یەکلاییکردنەوەی پۆستەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە وەڵام نەدراوەتەوە. ئێستاش تەنیا پەرلەمان دەتوانێت بە دەنگدان سەرۆکێکی نوێ و شەرعی بۆ ئەم دەستەیە هەڵبژێرێت.

٢. دیوانی چاودێریی دارایی؛ فەرمانگەی وردبینی بەبێ واژۆی سەرۆک
گەورەترین دەزگای وردبینیی دارایی هەرێم، لە ئایاری ٢٠٢٣ەوە و بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکەکەیەوە، بەبێ سەرۆک ماوەتەوە. بەپێی یاسا، دیاریکردنی سەرۆکی نوێ تەنیا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستاندایە. لێکەوتەی ئەم بەتاڵییە لەوەدایە کە دەرچوونی هەر لیژنەیەکی وردبینی و بەدواداچوونی دارایی پێویستی بە واژۆی سەرۆکی دیوان هەیە، نەبوونی سەرۆکیش وایکردووە ئەم لیژنانە نەتوانن بە شێوەیەکی یاسایی و کارا ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی سامانی گشتی جێبەجێ بکەن.

٣. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ؛ بەسەرچوونی وادەی شەرعییەت
پارێزەری ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان، خۆی بووەتە قوربانی بۆشایی یاسایی. ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە تەممووزی ٢٠٢٥دا بەفەرمی بەسەرچووە. بەهۆی ناکارا بوونی پەرلەمانەوە، نە توانراوە متمانە بە سەرۆکی ئێستا ببەخشرێتەوە و نە دەنگیش بە کەسێکی دیکە دراوە بۆ گرتنەدەستی ئەم پۆستە هەستیارە.

٤. دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ بەڕێوەبردن بە وەکالەت

ژینگەی هەرێمیش لە کێشە یاساییەکان بێبەش نەبووە. سەرۆکی دەستەی ژینگە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ەوە خانەنشین بووە. لەو کاتەوە تا ئێستا، دەستەکە بە شێوازی "وەکالەت" بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی نوێی بۆ دیاری نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی سستبوونی بڕیارەکان و کەمبوونەوەی کاریگەریی دەسەڵاتەکانی دەستەکە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ژینگەیییەکاندا.

دەرەنجام و تێبینیی تیمی ئامادەکار:

تیمی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی "ستۆپ" جەخت دەکەنەوە کە سەرڕای جیاوازی سروشتی کارەکانیان، بەڵام هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی ئەم دەزگایانە بۆ نەبوونی پەرلەمانێکی کارا دەگەڕێتەوە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە ئەم دامەزراوانە نەک هەر پێویستییان بە دەنگدان و دیاریکردنی سەرۆکی نوێ هەیە، بەڵکو پێویستە یاساکانیشیان لە پەرلەمان هاوشێوەی سەردەم هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆ، کاراتر و بێلایەنانە ڕووبەڕووی پێشێلکاری و گەندەڵی ببنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو