پەیامی موشەکیی ئێران بە ئاسمانی کوێتەوە؛ بۆچی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی بووە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ؟

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ

پەیامی موشەکیی ئێران بە ئاسمانی کوێتەوە؛ بۆچی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی بووە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ؟

پەنجەرە

بەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت کەوتە بەردەم هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی. هێرشەکە زیانی گەورەی بە تێرمیناڵی سەرەکیی گەشتیاران گەیاند و بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ چەند کاتژمێرێک ڕاگیران، بەرپرسانی کۆێتیش ئامادەباشی ئەمنی و سیاسییان راگەیاند.

دەسەڵاتدارانی کوێت گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کەسێکیان پشتڕاستکردەوە، هاوکات کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیش ناچار بوون گەشتەکانیان بەرەو فڕۆکەخانە جێگرەوەکان بگۆڕن.

ئەم هێرشە لە کاتێکی هەستیاردا هات؛ چەند ڕۆژێک دوای هەرەسهێنانی ئەو لێکتێگەیشتنە لەرزۆکانەی کە پێشتر ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیان کەمکردبووەوە، و دوای زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکی بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان لە کەنداو و دەوروبەری گەرووی هورمز.

ئایا کوێت ئامانجی ڕاستەقینەی ئێرانە؟

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا لەبەردەستدان، ئێران وەک نەیارێکی ڕاستەوخۆ سەیری کوێت ناکات، بەڵکو وەک وڵاتێک دەیبینێت کە  هێز و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای تێدایە، کە واشنتۆن لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی و هێرشبەری خۆیدا لە ناوچەی کەنداو بەکاریان دەهێنێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تاران چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە هەر بنکە یان دامەزراوەیەک بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت، دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا بۆ وەڵامدانەوە. 
هاوکات میدیا نێودەوڵەتییەکان باسیان لە تێکشکاندنی چەندین موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کردووە کە ئاڕاستەی ئەو پێگانە کرابوون کە هێزەکانی ئەمریکایان لەناو خاکی کوێتدا تێدایە.

لێرەوە دەکرێت لەم هێرشەی دوایی تێبگەین کە بەشێکە لە ستراتیژێکی فرەوانتری ئێران بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئەمریکا، ئەویش لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ئەو وڵاتانەی کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە.

بۆچی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی بەئامانج کرا؟

لە شیکارییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا، ئەم خاڵە گەورەترین نیشانەی پرسیار دروست دەکات. فڕۆکەخانەی مەدەنی بنکەی سەربازیی نییە، بەڵام چاودێران سێ لێکدانەوەی سەرەکی بۆ ئەمە دەخەنەڕوو:

 یەکەم: ئەگەری هەیە فڕۆکە بێفڕۆکەوان یان موشەکە ئێرانییەکان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپەرچدانەوە یان تێکدانی ئەلیکترۆنی (Jamming)، ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆیان شێواندبێت و بە هەڵە لە فڕۆکەخانەکەیان دابێت.

 دووەم: ئەگەری هەبوونی دامەزراوە یان پێداویستیی لۆجیستی کە ئێران پێی وایە بەستراوەتەوە بە سیستمی سەربازیی ئەمریکاوە لەناو سنووری فڕۆکەخانەکە یان لە نزیکیدا.

 سێیەم: خواستی ئێران بۆ ناردنی پەیامی توند بۆ وڵاتانی کەنداو، کە پێیان بڵێت هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ تاران تەنها لە سنووری بنکە سەربازییەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی گواستنەوە، فڕۆکەوانی و تەواوی ئابووریی ناوچەکە دەبێت.

پەیامی ئێران بۆ واشنتۆن و وڵاتانی کەنداو

شیکەرەوەکانی کەنداو پێیانوایە کە ئێران لە ڕێگەی ئەم هێرشەوە هەوڵ دەدات لە یەک کاتدا چەندین پەیام بگەیەنێت:

پەیامی یەکەم بۆ ئەمریکا: هێرشەکانی ئەمریکا لەناو خاکی ئێراندا بێ وەڵام نامێننەوە. پەیامی دووەم بۆ وڵاتانی کەنداو (هاوپەیمانی واشنتن): میوانداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا ڕەنگە خاکی وڵاتەکانیان بکاتە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە.

لەلایەکی ترەوە تاران پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە کێشەی سەرەکیی ئەو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە نەک لەگەڵ گەلان یان وڵاتانی کەنداو، بەڵام پێشهاتە مەیدانییەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە جیاکردنەوەی ئەم دوو لایەنە لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکاندا، کارێکی زۆر قورسە.

ئایا لە بەردەم شەڕێکی فراوانتری کەنداوداین؟

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێرشەکەی سەر کوێت هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تر سەبارەت بە هێرش یان هەوڵی هێرشکردنە سەر بەحرەین و پێگە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەمەش نیشانەی گواستنەوەی ململانێکانە لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی دوولایەنەی نێوان واشنتن و تاران، بۆ قۆناغێک کە هەڕەشە لە تەواوی ئاسایشی کەنداو دەکات.

ئەگەر هێرشەکانی نێوان هەردوولا بەردوام بن، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر هەنگاو دەنێت؛ بەتایبەت کە هەر بەئامانجگرتنێکی نوێی ژێرخانی نەوتی، فڕۆکەخانەکان یان بەندەرەکانی کەنداو، دەبێتە هۆی لێکەوتەی ئابووریی و ئەمنی گەورە کە لە سنووری ئەو وڵاتانە تێپەڕ دەکات و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی ئابووریی جیهان دەبێت.

دەرئەنجام
بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی کوێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا هەن، دەرئەنجامی ململانێیەکی ڕاستەوخۆی نێوان کوێت و ئێران نییە، بەڵکو وەک بەشێک لە لێکەوتەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان تاران و واشنتن دەبینرێت. 

ئێران پێیوایە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کوێت وایکردووە هەندێک شوێنی ناو ئەو وڵاتە ببنە بەشێک لە گۆڕەپانی ململانێکان، لە کاتێکدا کوێت پێی وایە بەئامانجگرتنی خاک و دامەزراوە مەدەنییەکانی، دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی نیشتمانییەکەی.

لە نێوان ئەم دوو گێڕانەوەیەدا، ئەوەی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ناوچەی کەنداو چووەتە قۆناغێکی نوێ لە گرژی، و فڕۆکەخانەی کوێتیش ئەمڕۆ بووە یەکێک لە دیارترین ڕەمزەکانی فراوانبوونی بازنەی ئەو شەڕە ناوچەییەی ئێستا لە ئارادایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو