چل و حەوت ساڵ دوای گەڕانەوە مێژووییەکە؛ چارەنووسی تاڵی ئەو پیاوانەی لەگەڵ خومەینی گەڕانەوە

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٥ پاش نیوەڕۆ

چل و حەوت ساڵ دوای گەڕانەوە مێژووییەکە؛ چارەنووسی تاڵی ئەو پیاوانەی لەگەڵ خومەینی گەڕانەوە

پەنجەرە

کاتێک سەیری وێنەی ئایەتوڵا خومەینی، رێبەری رۆحی شۆڕشی ئێران دەکەیت لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵات دوای ١٥ ساڵ لە تاراوگە، دەبینیت لەلایەن کۆمەڵێک لە نزیکترین کەسەکانییەوە دەورەدراوە. 

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەم کەسانە چییان بەسەر هات؟ کاتێک بەدوای چارەنووسیاندا دەگەڕێین، ڕووبەڕووی هاودژییەکی تاڵ دەبینەوە؛ زۆربەی ئەو کەسانەی لەو ساتە مێژووییەدا لە دەوری خومەینی بوون، لە ساڵانی دواییدا یان کوژران یان بە شێوازی جۆراوجۆر کۆتاییان پێهات.

زۆربەیان دوای ماوەیەکی کورت لە سورکەوتنی شۆڕش کەوتن و لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخرانەوە، تا ئەو ڕادەیەی تەنیا یەکێکیان لە دەسەڵاتدا مایەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، پێداچوونەوە بە چارەنووسی ئەو کەسانەدا دەکەین کە چل و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خومەینیدا گەڕانەوە ئێران.

١- مورتەزا موتەهەری

موتەهەری وەک یەکێک لە بیردۆزەکانی شۆڕش و دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شۆڕشی ئیسلامی پێش ڕووخانی ڕژێمی شا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی هەبوو. بەڵام تەمەنی لە دەسەڵاتدا کورت بوو؛ لە ١ی ئایاری ١٩٧٩ لە تاران تیرۆر کرا. 
گرووپێکی ئیسلامی بە ناوی "فورقان" بەرپرسیارێتی تیرۆرکردنەکەی گرتە ئەستۆ، کە دژایەتی کۆماری ئیسلامییان دەکرد و خاوەنی تەفسیرێکی توندڕەوانەتر بوون بۆ ئیسلام.

٢- حەسەن لاهوتی ئەشکەوەری: مەرگ لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە

لاهوتی هاوپەیمانێکی نزیکی خومەینی بوو، بەڵام دەستبەجێ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، لە ئەبولحەسەن بەنی سەدر (یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران) نزیک بووەوە و لەگەڵ خومەینیدا کەوتە ناوناکۆکییەوە. دوای دوو ساڵ لە شۆڕش، لاهوتی ڕەوانەی زیندان کرا و دوای چەند ڕۆژێک لەوێ گیانی لەدەستدا. بنەماڵەکەی تا ئێستاش پێیان وایە کە ژەهرخوارد کراوە.

٣- ئەحمەد خومەینی: دەستی ڕاستی باوک

کوڕی ئایەتوڵا خومەینی کە بە دەستی ڕاستی باوکی و سندووقی ڕازەکانی شۆڕش دادەنرا. ئەو لە ئازاری ١٩٩٥دا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

٤- سادق قوتبزادە: لە وەزارەتی دەرەوەوە بۆ سێدارە

قوتبزادە دوای شۆڕش پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێرانی وەرگرت و تا ئابی ١٩٨٠ لەو پۆستەدا مایەوە. بەڵام لە ئەیلوولی ١٩٨٢دا، بە تۆمەتی داڕشتنی نەخشەیەک بۆ تیرۆرکردنی خومەینی و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، لەسێدارە درا.

٥- ئەبولحەسەن بەنی سەدر: سەرۆکی تاراوگە

یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران دوای شۆڕش. بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی لەگەڵ دەسەڵاتداران، پەرلەمانی ئێران لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٨١دا متمانەی لێسەندەوە و بە تۆمەتی نزیکبوونەوە لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان (بەتایبەت موجاهیدینی خەلق) لە پۆستەکەی لایبرد. بەنی سەدر لە ئێران هەڵات و تا کۆتایی تەمەنی لە پاریس لە تاراوگەدا ژیا.

٦- سادق تەباتەبایی

ئەو هاوڵزاوای ئەحمەدی خومەینی بوو. دوای شۆڕش چەندین پۆستی حکومی گرنگی وەرگرت، لەوانە جێگری سەرۆک وەزیران لە حکومەتەکەی مەهدی بازرگان، بەڵام دواتر خۆی لە سیاسەت دوورخستەوە. تەباتەبایی لە شوباتی ٢٠١٥دا بەهۆی شێرپەنجەی سییەوە لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، کە ساڵانی کۆتایی تەمەنی لەوێ بەسەر بردبوو.

٧- داریوش فرووهر: قوربانی زنجیرە تیرۆرەکان

پێدەچێت فرووهر لەو وێنە مێژووییەدا ئامادە بێت، بەجۆرێک تەنیا بەشێکی سەری لە پشتەوە دەبینرێت. ئەو دژی پێکهێنانی حکومەتێک بوو کە لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە بەڕێوەببڕێت. لە ساڵی ١٩٩٨دا، خۆی و هاوسەرەکەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بە شێوازێکی دڕندانە کوژران.

کۆتایی وەرچەرخانەکە

زۆربەی ئەو کەسانەی باسیان لێوەکرا، لەو فڕۆکەیەدا هاوسەفەری ئایەتوڵا خومەینی بوون کە لە ١ی شوباتی ١٩٧٩دا گەڕایەوە ئێران، بەڵام بوونە قوربانی گۆڕانکاری و ململانێ سیاسییەکانی دوای شۆڕش. 

لەو کۆمەڵەیە؛ دووانیان تیرۆر کران، یەکێکیان لەسێدارە درا، یەکێکیان لە "کەشێکی گوماناویدا" گیانی لەدەستدا، و یەکێکیشیان ناچار بوو تا کۆتایی تەمەن لە تاراوگە بژیت.

هاودژییە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆربەی ئەم کەسانە، بە بنەماڵەی خودی خومەینیشەوە، دواتر لە نوخبەی دەسەڵاتداری وڵات دوورخرانەوە یان خۆیان دوورخستەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو